ترس لە دەستكاریكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لە ئەنبار زیاتر دەبێت

:: PM:02:42:14/03/2018 ‌



لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق، ترس لە دەستوەردان و دەستكاریكردنی دەنگی دەنگدەران زیاتر دەبێت بە تایبەت لە پارێزگای ئەنبار و مووسڵ. پەرلەمانتارانیش نایشارنەوە كە هەوڵی ساختەكارییەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو هەیە.

بڕیارەی 10ی مانگی داهاتوو هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێ بكات، دوو رۆژی دوای تەواوبوونی هەڵمەتە یەك مانگییەكەش لە 12ی ئایار هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت.

بۆ سوننەكان ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنەكانی تر جیا دەكاتەوە، هێرشی داعش بوو بۆ سەر پارێزگا زۆرینە سوننەنشینەكان بە تایبەت ئەنبار و مووسڵ كە بە تەواوەتی كەوتنە دەستی داعش، بەهۆیەوە زیاتر لە سێ ملیۆن خەڵكی ناوچە سوننەكان ئاوارەی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تر بوون.

ئەگەرچی ماوەی ساڵێك دەبێت بەشی زۆری شار و شارۆكە سوننەنشینەكان لە دەستی داعش رزگار كراون، بەڵام حكوومەتی عێراق نەیتوانی دۆخی تەناهی ئەو شارانە بپارێزێت و هێشتا داعش مەترسی لەسەر زۆر لەو ناوچانە ماوە، بە تایبەت لە باشووری رۆژئاوای كەركووك و باشووری مووسڵ و هەندێك ناوچەی هاوسنووری نێوان ئەنبار لەگەڵ سووریا.

هاوكات بەهۆی وێرانبوونی زیاتر لە 100هەزار یەكەی نیشتەجێی هاووڵاتییان و زیان گەیشتن بە هەزارانی تر، بووەتە رێگری سەرەكی لەوەی خەڵكێكی زۆر ئاوارەی ئەو ناوچانە نەگەڕێنەوە زێدە ئازادبووەكەیان و ژیانی كەمپەكان بە باشتر و سەلامەتر بزانن، جگە لەمە حكوومەتی عێراق نەیتوانیوە وەك پێویست ژێرخانی وێرانبووەكانی شارەكان نۆژەن بكاتەوە بە تایبەت ئاو و كارەبا، تا خەڵكەكە بگەڕێنەوە.

ئێستە زیاتر لە ملیۆنێك هاووڵاتیی سوننە ئاوارەی كەمپەكانن لە هەرێمی كوردستان و ناو شارەكان، بۆ ئەم مەبەستەش هێشتا كۆمسیۆن لەسەر رێوشوێنێك رێك نەكەوتووە كە ئەوان چۆن دەنگ بدەن، ئەمەش لە كاتێكدایە چەندان سەرچاوە دووپات لە گوشار و هەوڵی كڕینی كارتی زیرەكی دەنگدەران هەیە لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەكان و دەڵاڵەكانیان كە دۆخی گوزەران و دارایی ئەو خەڵكەیان قۆستووەتەوە.

یەكێك لە كاندیدەكان لە پارێزگای ئەنبار دەڵێ، ترس لە دەستكاری لە ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە لەو شارەدا، چونكە ژمارەیەكی زۆری كارتی زیرەكی دەنگدان كەوتووەتە دەست حزبە دەسەڵاتدارەكان لەو كاتەی شارەكەیان رزگار كرد لە دەستی داعش. دووپاتی لەوە كردەوە بە پێی زانیارییەكان قسە لەسەر هەزاران كارتی زیرەكی هاووڵاتییان دەكرێت كە ئێستە بە دەستی حزبەكانەوەیە.

ئەو كاندیدە كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، ئەوەشی خستەڕوو كە هەندێك بنكەی دەنگدان هەن كەوتوونەتە هەندێك شوێن كە هەر هەمووی هێزی تەناهی و میلیشیاكانی حەشدیان لێیە، هەندێكشیان سەركردەی عەشیرەتەكانیان لێیە كە بوونەتە دەڵاڵی حزبەكان و دەنگیان بۆ كۆ دەكەنەوە. گوتی "لە هەموو بارێكدا هەڵبژاردن لە ئەنبار پاك دەرناچێت و ساختەكاری گەورەی تێدا دەكرێت".

یەكێكی تر لە كاندیدەكان، ئەوەی ئاشكرا كرد كە حزبەكان لە هەوڵی ئەوەدان كادیرانی خۆیان بخزێننە ناو كۆمسیۆن تا ببن بە چاودێر لە بنكەكانی دەنگدان، ئەگەر ئەوەشیان بۆ نەكرێت، ئەوا لە هەوڵی كڕین و رازیكردنیانن تا هاوكارییان بكەن بەرانبەر بە 300هەزار دینار تەنیا لە رۆژی هەڵبژاردن.

حەمید فەهداوی سەركردەی تیرەی فەهداوی لە ئەنبار، رەتی دەكاتەوە كە عەشایەر ساختەكاری لە هەڵبژاردن بكەن، دەڵێ ئەوەی روودەدات هەندێك هێزی سیاسییە كە ماوەی چەند ساڵێكە كۆنتڕۆڵی شارەكەیان كردووە و توانای ئەنجامدانی هەموو شتێكیان هەیە.

لە عەشیرەتی ئێمە زیاتر لە یەك كەس خۆی كاندید كردووە، ئێمە كار بۆ سەرخستنی باشترینیان دەكەین. حەمید وای گوت. ئەوەشی خستەڕوو كە لە رەوشێكی وەك ئەوەی ئەنبار ناتوانین گرەنتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك بدرێت، بۆیە داوا لە كۆمسیۆن دەكەین هەوڵەكان زیاتر بكات بۆ رێگرتن لە ساختەكاری و رێوشوێنی توندیش بگرێتەبەر.

حامد موتڵەگ پەرلەمانتار لەسەر پارێزگای ئەنبار، دەڵێ پرسێكی ترسناك و نا ئومێدكەر هەیە پێوەست بە هەڵبژاردن لە پارێزگای ئەنبار، بۆیە پێویستە حكوومەت دەست بە جووڵە بكات بۆ رێگرتن لەو مەترسییانەی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئەنبار هەیە.

ئەو پەرلەمانتارە هۆشداریدا كە هەندێك لایەنی گەندەڵ لە هەوڵی كڕینی دەنگی دەنگدەرانن و دەیانەوێت ساختەكاری بكەن و دەستكاری ئەنجامی هەڵبژاردن بكەن.

زیاتر گوتی "داوا لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن دەكەن بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەڵستن و بە شێوەیەكی دروست كارتی ئەلیكترۆنی زیرەك بەسەر دەنگدەران دابەش بكەن و بەدوای ئەو كارتانەی پێشووش بگەڕێن كە بەهۆی هاتنی داعش دیار نەماون یان دزراون".

 سەرچاوە/ عەرەبی جەدید


وشە - فه‌رمان سادق