بەگوێرەی بڕیارێكی حكوومەتی سعوودیە لە ماوەی ٢٠ ساڵی داهاتوودا لەو وڵاتە ١٦ وێستگەی ناوكیی دادەمەزرێنرێن. بەرپرسانی سعوودیە دەڵێن ئامانجیان لەو وێستگانە ئاشتییانەیە و هیچ پێوەندییەكیان بە چالاكی سەربازی نییە. ئەم هەنگاوەی سعوودیە بە دڵی ئێران و ئیسرائیل نییە و هەردوو وڵات دژی ئەوەن سعوودیە ببێت بە هێزێكی ناوكیی و هەڕەشە بۆ سەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیا.
سعوودیە بە گەورەترین هەناردەكەری نەوت لە دنیادا هەژمار دەكرێت و بەرنامەی ناوكیی ئەو وڵاتە لە پێناو پەرەپێدانی وزەیە وەك خۆیان لە راگەیاندنی پڕۆژەكە ئاماژەیان پێ كردووە. سعوودیە دەیەوێت سوود لە زۆربەی سەرچاوەكان بۆ بەرهەمهێنانی وزە وەربگرێت و جگە لە دامەزراندنی وێستگەی ناوكیی سوود لە تیشكی خۆر و سەرچاوەی تر وەربگرێت.
بە لێكدانەوە سیاسییەكان پێ دەچێت ئەو هەوڵەی سعوودیە لە دژی ئەو هەوڵانە بێت كە ئێران بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ناوكیی گرتوویەتە بەر و لە داهاتوودا ئامانجەكەی سعوودیەش بەرهەمهێنانی چەكی ناوكیی بێت. رەخنەگرانی بەرنامەی ناوكیی سعوودیە دەڵێن مەبەستی سەرەكی سعوودیە بەرهەمهێنانی وزە نییە، بەڵكو مەبەستە سەرەكییەكە ئەوەیە لە بەرانبەر ئێران خۆی بەهێز بكات و لە رووی سەربازییەوە پەرە بە سوپاكەی و چەكەكانی بدات.
بەگوێرەی "DW" سعوودیە بۆ دامەزراندنی ئەو وێستگە ناوكییانە دەیەوێت ٨٠ ملیار دۆلار تەرخان بكات. بڕە سەرمایەكی ئەوەندە زۆر لە سەرنجی هەموو ئەو كۆمپانیایانە بۆ لای خۆی رادەكێشێت كە پسپۆڕن لە دامەزراندنی ئەم جۆرە وێستگانە. بۆیە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا، رووسیا، فڕەنسا، چین و كۆریای باشوور هەوڵ دەدەن بەشداری لە دامەزراندنی ئەو وێستگانەدا بكەن.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو محەمەد سەلمان جێنشینی پاشای سعوودیە سەردانی ئەمەریكا بكات و یەكێك لە تەوەرەكانی گفتوگۆی نێوان محەمەد سەلمان و بەرپرسانی باڵای ئەمەریكاش دامەزراندنی ئەو وێستگە ناوكییانە دەبێت.
ئێران چەندان دەیەیە هەوڵی پەرەپێدانی وێستگەی ناوكیی دەدات و هێشتا هەندێك وێستگەی هەن كە لە بەرهەمهێنانی كارەبا سوودیان لێ وەردەگرێت. بەشێك لەو چالاكییە ناوكییانەی ئێران بۆ سەردەم رژێمی پاشایەتی ئێران دەگەڕێنەوە. دوای ئەوەی رژێمی ئیسلامی دەستی بە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دنیا بە تایبەتی ئەمەریكا و ئیسرائیل كرد. ئەمەریكا كاتێك زانی ئێران بەتەمایە چەكی ناوكیی بەرهەم بهێنێت سزای خستە سەر و دواتر لە ئاستی وڵاتانی تر و رێكخراوی نیودەوڵەتی وزەی ناوكیی پێشی بە ئێران گرت. دواجار لە رێككەوتنێكدا كە وڵاتانی پێنج كۆ شەش لەگەڵ ئێراندا كردیان بە هۆی كۆمەڵێك رێوشوێن رێ بە ئێران نادرێت بەرنامە ناوكییەكەی تا ئاستی بەرهەمهێنانی چەكی ناوكیی پەرە پێ بدات.
ئێران هەموو ئارەزوویەكی ئەوەیە لە رووی سەربازییەوە ببێتە زلهێزێك لە ناوچەكە و بۆ ئەو ئامانجەی هانای بۆ هەموو شتێك بردووە. ئەو خۆی بە نەیاری سەرسەختی سعوودیە و ئیسرائیل لە ناوچەكە هەژمار دەكات، بۆیە دەیەوێت توانا سەربازییەكەی بەرانبەر بە سعوودیە پێش بخات.
سعوودیەش ماوەیەكە بەخۆ كەوتووە و جگە لە كڕینی بڕێكی زۆر چەكی پێشكەوتوو لە ئەمەریكا بە قەبارەی دەیان ملیار دۆلار، دەستی بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی ناوكییش بردووە، بەرنامەیەك كە پێ دەچێت ئامانجی گەورەی سەربازیی لە پشتەوە بێت.
بەرنامەی ناوكیی سعوودیە جگە لە ئێران، جێی نیگەرانی ئیسرائیلیشە و لەم دواییانە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە میانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا نیگەرانی خۆی لە بەرنامەی ناوكیی سعوودیە دەربڕی.
هاوكات "رادیۆ فەردا" بڵاوی كردەوە كە ئیسرائیل داوای لە ئەمەریكا كردووە ئەم پڕۆژەیەی سعوودیە دەستی پێ كردووە هەڵبوەشێنێتەوە و لەو رووەوە هیچ هاوكارییەكی سعوودیە نەكات. هێشتا ئەمەریكا بە فەرمی وەڵامی نیگەرانییەكانی ئیسرائیل لەبارەی ئەو هەنگاوەی سعوودیەی نەداوەتەوە.
هەڵبەت سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە داواكارییەكەیدا بە سەرۆكی ئەمەریكای گوتبوو ئەگەر لەگەڵ سعوودیە رێككەوتنیشتان واژوو كرد، ئەوا لە رێككەوتنەكەدا رەچاوی ئەوە بكرێت بە هیچ شێوەیەك رێ بە سعوودیە نەدرێت لە ناو خاكی وڵاتەكەی یورانیۆم نەپیتێنێت و لە دەرەوەی وڵات ئەم قۆناغە ئەنجام بدرێت.
پیتاندنی یورانیۆم یەكێكە لە گرنگترین قۆناغەكانی بەرهەمهێنانی چەكی ناوكیی كە هەمان هەنگاو بۆ بەرهەمهێنانی وزەش لە وێستگە ناوكییەكان پێویستە.
ئەمەریكا ناچارە لەگەڵ سعوودیە رێك بكەوێت، چونكە ئەگەر لەگەڵیدا رێككەوتن نەكات، ئەوا دواجار سعوودیە دەستەوەستان نامێنێت و لەوانەیە روو لە چین و رووسیا بكات كە ئەمەریكا هەرگیز حەز بەمە ناكات.
دۆناڵد ترەمپ خۆی مەبەستێكی تایبەتی لەو رێككەوتنە هەیە و ئامانجیەتی لەو رێیەوە بتوانێت ژمارەیەكی هەلی كار بۆ خەڵكی ئەمەریكا بڕەخسێنێت، بۆیە بێ دوودڵی لەوانەیە قبووڵی بكات و گرێبەست لەگەڵ سعوودیە واژوو بكات.