سه‌نته‌رى ئه‌وروپى بۆ مافه ده‌ستوورییه‌كان و مافه‌كانى مرۆڤ، هه‌وڵ ده‌دات یاداشتێكى گرتن دژى به‌ڕێوه‌به‌رى نوێیه‌كه‌ى ناوه‌ندى هه‌واڵگرى ئه‌مه‌ریكا به‌رز بكاته‌وه.
دواى چه‌ند سه‌عات له دانانى جینا هاسپل له لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپه‌وه وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى نوێى ناوه‌ندى هه‌واڵگرى ئه‌مه‌ریكا، سه‌نته‌رى ئه‌وروپى بۆ مافه ده‌ستوورییه‌كان و مافه‌كانى مرۆڤ رایگه‌یاند، هه‌وڵ ده‌دات یاداشتى گرتن له‌دژى ئه‌م ژنه به‌رز بكاته‌وه كه بۆ یه‌كه‌م جار وه‌ك ژنێك له مێژووى ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى هه‌واڵگرى ناوه‌ندى له ئه‌ستۆ ده‌گرێت.
به پێى زانیارییه‌كانى سه‌نته‌ره‌كه، هاسپل ده‌ستى له ئه‌شكه‌نجه‌دانى گیراوه‌كانى ئه‌مه‌ریكا هه‌بووه دواى رووداوه‌كانى 11ى سێپتێمبه‌ر ئه‌مه‌ش له گرتووخانه نهێنییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بووه له تایلاند.
جینا هاسپل بۆ یه‌كه‌مجار له سه‌ره‌تاى هه‌شته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو وه‌ك ئه‌فسه‌رێكى هه‌واڵگرى ناوه‌ندى ئه‌مه‌ریكا ده‌ستى به‌كاركردووه، له مانگى فێبرایه‌رى ساڵى 2017 كرا به یاریده‌ره‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ناوه‌ندى هه‌واڵگرى ئه‌مه‌ریكا و دوێنیش به بڕیارى تره‌مپ كرا به به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌زگه‌كه.
ساڵى رابردوو كاتێك كرایه یاریده‌ده‌رى هه‌واڵگرى له لایه‌ن سه‌نته‌رى ئه‌وروپى ره‌خنه له ئه‌مه‌ریكا گیرا، چونكه وه‌ك سكرتێرى گشتى سه‌نته‌ره‌كه ده‌ڵێ، "هاسپل به‌شێوه‌یه‌كى رۆژانه سه‌رپه‌رشتى ئه‌شكه‌نجه‌دانى گیراوه‌كانى كردووه".