بەریتانیا ژمارەیەك دیپلۆماتكاری ڕووسیای لە وڵاتەكەی دەركرد

:: PM:03:54:14/03/2018 ‌

 لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەكانی نێوان لەندەن و موسكۆ، هەندێك لە سەرچاوەكان ئاشكرای دەكەن كە بەریتانیا ژمارەیەك دیپلۆماتكاری رووسیا دەردەكات دوای بابەتی ژەهراویكردنی سیخوڕە رووسییەكە لە بەریتانیا.

 هەر لەسەر هەمان بابەت ئەمڕۆ ئێوارە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆبوونەوەیەكی بە پەلە ئەنجام دەدات،  ئەمەش لەلایەن هۆڵەنداوە راگەیانراوە كە ئێستە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنەكە دەكات.

هەموو ئەو گرژییانە لە دوای كوشتنی سیرگی سكریپال دێت، كە بەریتانیا رووسیا بە ژەهراویكردنی تۆمەتبار دەكات.

 تیریزا مای سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا پێشتر گوتی، مۆسكۆ لە دوای كوشتنی سیرگی سكریپال و كچەكەیەتی، چونكە ئەو مادەیەی لە كوژرانیان بەكارهاتووە لە رووسیا دروست كراوە.

هەر ئەمڕۆ بەریتانیا ئەنجوومەنی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ مافی مرۆڤی ئاگادار كردووەتەوە كە لە كوشتنی سكریپال جۆرە گازێكی تایبەت بە كارهاتووە كە لەبواری سەربازی بۆ كوشتنی سیخوڕەكان بەكاردێت. ئەمەش بە پێشێلكارییەكی روون دادەنرێت لە بەرانبەر یاسا نێودەوڵەتییەكان.

جولیان بریتویت كە باڵوێزی بەریتانیایە لە ئەنجوومەنەكە دەڵێ،"ئەنجوومەن و كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بە شێوازێكی رووكەش سەرزەنشتی پێشێلكارییەكانی رووسیایان كردووە، ئەمەش مایەی نیگەرانییە،هەڵسوكەوتی لاسارانە رووسیا قێزەونكردنی قەوارە نەتەوە یەكگرتووەكانە".

 بەریتانیا ئەمڕۆ خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی رووسیا ئامادە كردووە، دوای ئەوەی ئەو ماوەیە تەواو بوو كە تیریزا مای بۆ رووسیای دیار كردبوو تا روونكردنەوە لە بارەی بەكارهێنانی ئەو جۆرە گازە بدات كە لەسەردەمی یەكێتی سۆڤییەت بەكارهاتووە.

لەلایەن خۆیەوە رووسیای ئەوەی رەتكردەوە پێوەندی بە كوشتنی سیخوڕەكەوە هەبێت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێ‌، "پێویستە مرۆڤ هەڕەشە بە هێزی ئەتۆمی نەكات". وەڵامەكەی رووسیا بۆ بەریتانیا توند بوو.

 لە هەمان كاتدا باڵوێزخانەی رووسیا لە بەریتانیا راگەیاندووە كە پەیامی رقبوونەوە و هەڕەشەیان لە ئیمیلەكانەوە پێگەیشتووە.

سەرچاوە/ سكای نیوز



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل