گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ لە حەشد دەپاڕێنەوە
تا بچنەوە خورماتوو و هەڵمەتی هەڵبژاردن بكەن

:: PM:04:23:14/03/2018 ‌
میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە شارۆكەی خورماتوو بە مەرج ڕێ بە كردنەوەی بارەگای چەند حزبێكی كوردی دەدەن و هەریەكە لە یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیش مەرجەكانیان قبووڵ كردووە و گەڕاونەتەوە بۆ ئەو شارۆكەیە.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ی ئادار/ مارس، بورهان ئەمین بەرپرسی مەكۆی گۆڕان لە شارۆكەی خورماتوو بە "وشە"ی راگەیاند، دوای مانگێك لە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی تەناهی و كارگێڕیی خورماتوو، لە دوێنێوە بەفەرمی بڕیارمان دا بگەڕێینەوە بۆ شارۆكەكە، بۆیە ئەمڕۆ دەستمان كردووە بە پاككردنەوە و كردنەوەی بارەگاكانمان.
 
ئەو بەرپرسەی گۆڕان پێشتر باسی لەوە دەكرد كە دۆخی تەناهیی خورماتوو متمانەی لەسەر نییە، ئەمڕۆ باسی لەوە كرد كە "گەڕانەوەمان پێ باشترە بۆ ئەوەی خەڵك بگەڕێتەوە".
 
بەرپرسەكەی گۆڕان دووپات لەسەر ئەوەیش دەكاتەوە كە ئێستە ناتوانن ئاڵای كوردستان هەڵبكەن، بەڵام پابەندن بەوەی چەكمان تەنیا لەناو بارەگا پێ بێت بۆ پاراستنی خۆمان و نەك پێی بسووڕێینەوە كە یەكێكە لە مەرجەكانی عەرەب لەو سنوورە.
 
هاوكات مەلا غالب فایەق بەرپرسی كۆمەڵی ئیسلامی لە خورماتوو بۆ "وشە" گوتی، بارەگاكەمان لە شارۆكەی خورماتوو كردووەتەوە بەو مەرجەی هەر بارەگایەك چوار پارچە چەكی بچووكی لێ بێت بە مۆڵەتەوە.
 
بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" بەر لە 20 رۆژ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گەڕاوەتەوە، بەڵام تا ئێستە پارتی بڕیاری گەڕانەوەی بۆ ئەو شارۆكەیە نییە.
 
ئەرسەلان عەلی بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی بۆ "وشە" ئاماژەی دا، بەرژەوەندی و بانگەشەی هەڵبژاردن ئەو حزبانەی بەو شێوەیە گەڕاندووەتەوە خورماتوو، ئەگەر نا دۆخی شارۆكەكە زۆر خراپە.

 
لە16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی هێرشیان كردە سەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، خورماتووش داگیر كرا و حزبە كوردستانییەكانیش پەرتەوازە بوون، لەوكاتەوە دۆخی ناوچەكە بە ناجێگیری ماوەتەوە.

بڕیارە لە 12 ی ئایار/مایۆی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێ، پارتی دیموكراتی كوردستان بایكۆتی هەڵبژاردنی لە كەركووك و خورماتوو و خانەقین كردووە، بەڵام حزبەكانی تر ئامادەن بێ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و بە تكا كردن لە حەشدی شەعبی بەشداری هەڵبژاردن لەو ناوچانە بكەن.


گەرمیان / سەبری هۆرینی

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم