بانكی نێودەوڵەتی شەش ملیار دۆلار قەرز بە عێراق دەدات

:: PM:06:40:14/03/2018 ‌

بانكی نێودەوڵەتی رای گەیاند كە بەڵێنی بە عێراق داوە بۆ ئەوەی لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا بڕی شەش ملیار دۆلاری ئەمەریكایی قەرزی پێ بدات بە مەبەستی یارمەتیدانی بۆ پەرەپێدانی پڕۆەژكانی ژێرخان و ئاماژەی كرد كە دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان تایبەتمەند دەبێت بە پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژە گەورەكانی وەبەرهێنان كە بەهاكەیان دەگاتە چەندان ملیار دۆلار.

یارا سالم، نوێنەری بانكی نێودەوڵەتی لە عێراق لەو بارەوە رای گەیاند كە كۆنگرەی ئاوەدانكردنەوەی عێراق كە مانگی رابردوو لە كوێت ساز كرا سەركەوتوو بوو بەهۆی بەشداریكردنی هەزار و 800 كۆمپانیا و بڕی ئەو قەرزانەی بە عێراق دراون گەیشتووەتە 30 ملیار دۆلار و ئاماژەی كرد كە پێویستە چاودێری ئەو بڕە پارانە بكرێت و ئەو پڕۆژانەیش دیاری بكرێن كە لێی خەرج دەكرێت لە ناوچە ئازادكراوەكان و ئەوانیتریش.

زیاتر گوتی، بانكی نێودەوڵەتی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو 4.6 ملیار دۆلاری بە عێراق داوە بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخان لە رێگەی نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی پرد و قوتابخانە و نەخۆشخانە و یارمەتیدانی چینی هەژار و روونی كردەوە هەروەها بانكەكەو بەڵێنی داوە بە پێشكەیشكردنی بڕی شەش ملیار دۆلار بۆ سێ ساڵی داهاتوو بە عێراق بۆ یارمەتیدانی بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە وێرانبووەكانی.

ساڵم ئاماژەی كرد كە پێكهێنانی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان لە عێراق بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران هاندەرە بۆ كاری وەبەرهێنان لە عێراق لە رێگەی چارەسەركردنی كێشەكانیان بەیەكجاری، چونكە ئەو ئەنجوومەنە نوێنەری هەموو وەزارەتەكان لەخۆ دەگرێت، ئەوەیش بەربەستی بەردەم كاری وەبەرهێنەران نایەڵێت و روونی كردەوە كە ئەنجوومەنی وەبەرهێنان تایبەت دەبێت بە پڕۆژە گەورەكان ئەوانەی بەهایان دەگاتە چەندان ملیار دۆلار و دەستەی وەبەرهێنانی نیشتیمانیش دەبێتە هاوبەشی سەرەكیی ئەو ئەنجوومەنە.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل