تەواوی هێزەكانی پێشمەرگە مووچە وەردەگرن

:: PM:08:04:14/03/2018 ‌
جێگری دەستەی ئەركانی ئۆپراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، ئەم شەو تەواوی هێزەكانی پێشمەرگە كە مووچەی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوویان وەرنەگرتووە، مووچەكانیان وەردەگرن.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم 14ی ئادار/ مارس، لیوا قارەمان شێخ كەمال جێگری دەستەی ئەركانی ئۆپراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تا ئێستە لیوی 12 و فەوجی مەشق و ڕاهێنان لە وەزارەتی پێشمەرگە مابوون كە مووچەی مانگی 10 وەربگرن، بەڵام ئەم ئێوارەیە پارەی مووچەی ئەم پێشمەرگانە گەیشتووە و دەست بەدابەشكردنی كراوە.

زیاتر گوتی، ئەو مووچە هی مانگی 10ی ساڵی ڕابردووە كە ئەو پێشمەرگانە وەری دەگرن و  بەهۆی ئەوەی حیسابی بانكی وەزارەتی پێشمەرگە پارەی تێدا نەمابوو، بۆیە دابەشكردنی مووچەكەیان دواكەوت.

كۆتای هاتنی دابەشكردنی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدایە كە تا ئێستە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان خشتەی نوێی دابەشكردنی مووچەی ڕانەگەیاندووە و بەپێی قسەی وەزیری دارایی هەرێم سەرەتای هەفتەی داهاتوو خشتەیەكی نوێی دابەشكردنی مووچە ڕادەگەیەنرێت.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم