ئەگەر نیمار نێتە ریال مەدرید.. پلانی دووەمی شاهانە چی دەبێت؟

:: AM:08:18:15/03/2018 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی پلانی دووەمی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوو داڕشتووە لە ئەگەری سەركەوتوونەبوون لە گرێبەستی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی پلانە دووەمەكەی ریال مەدریدی ئاشكرا كرد كە ئەویش گرێبەستكردنە لەگەڵ رۆبەرت لیڤاندۆفیسكی هێرشبەری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی و ئیدین هازاردی ئەستێرەی یانەی چێڵسی ئینگلیزی.

یانەكە هەروەها بۆ وەرزی داهاتوو پارێزگاری لە مانەوەی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی دەكات هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا وا بڵاو كرابووەوە كە هاوینی داهاتوو ریزی یانەكە جێدێڵێ.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد: سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید پێیوایە هاتنی لیڤاندۆفیسكی بۆ ریزی یانەكەی بەسوودتر دەبێت لەبەرامبەر ماورۆ ئیكاردی هێرشبەری یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی، هەروەها بوونی هازاردیش لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ سوودی زیاتر دەگەیەنێ لەبەرامبەر هاری كینی هێرشبەری یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی.

جگە لەو ئەستێرەیە، یانەی ریال مەدرید هەروەها لە هاوینی داهاتوو هەوڵەكانی خۆی چڕ دەكاتەوە تا گرێبەستی دێڤید دی خیای گۆڵپارێزی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بەدەست بێنێ.

رۆژنامەكە جەختیشی كردەوە، فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید بۆ تەواوكردنی گرێبەستی ئەو سێ ئەستێرەیە بڕی 300 ملیۆن یۆرۆی ئامادە كردووە، ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەكە لە ئەگەری گرێبەستكردن لەگەڵ نیمار دەبێت تەنیا بۆ ئەو یاریزانە 400 ملیۆن یۆرۆ بدات بە یانەی پاریس سان جێرمان.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م