مامۆستایەكی ناسراوی زانكۆی تاران بە 18 مانگ زیندانی حوكم درا

:: AM:11:56:15/03/2018 ‌


سادق زیباكەلام كە یەكێكە لە مامۆستا ناسراوەكانی زانكۆكانی ئێران، بە هۆی گفتوگۆیەكی رۆژنامەنووسی لەگەڵ تەلەڤزیۆنی دۆیچەوێلێی ئەڵمانی، بە ١٨ مانگ زیندانی و دوو ساڵ بێبەش بوون لە هەر جۆرە مافێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی سزا درا.

ئیسحاق جەهانگیری جێگری یەكەمی سەرۆك كۆماری ئێران لە تویتێكدا نیگەرانی خۆی لەو بڕیارەی دادگاكانی ئێران دەربڕی و گوتی، كۆمەڵگەی ئێران پێویستی بە رەخنە و بۆچوونی مامۆستایانی زانكۆ و پسپۆڕانە و هیواشی خواست لە كاتی پێداچوونەوەی ئەم بڕیارەی دادگا، سزادانەكە هەڵبوەشێتەوە.

سادق زیباكەلام لە زانكۆی تاران مامۆستای زانستە سیاسییەكانە و دوای حوكمەكەی دادگا، دووبارە لەگەڵ دۆیچەوێلێ قسەی كردووە. ئەو دەڵێت لە روانگەی ئێرانەوە دۆیچەوێلێ سایتێكە دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەر جۆرە گفتوگۆ و دیمانەیەكیش لەگەڵ ئەم سایتە بە واتای دژایەتیكردنی كۆماری ئیسلامیی ئێران هەژمار دەكرێت.

دوای تویتەكەی ئیسحاق جەهانگیری، خەڵكیش بە شێوەی جیاواز رەخنەیان لە پەیامەكەی جێگری سەرۆك كۆمار گرتووە و هەندێكیش دەستخۆشییان لێ كردووە.

یەكێك نووسیویەتی جەنابی جەهانگیری ئەو هەمووە كرێكار، خوێندكار، مامۆستا، پارێزەر و چالاكی سیاسی كە رۆژانە دەگیرێن و لە گرتووخانەكانی ئێران دەناڵێنن، بۆچی هیچ دەنگێكت لێوە نایەت. ژمارەیەكی تر، ئەو كەسایەتییە ناسراوانەی بیر جێگری سەرۆك كۆمار هێناوەتەوە كە لە گرتووخانەكانن. یەكێكی تر دەنووسێت سەرۆك كۆمار و جێگرەكەی تەنیا دەزانن بەیاننامە دەربكەن و نیگەرانی دەرببڕن، ئەی ئێوە چكارەن.

پیتەر لیمبورگ بەڕێوەبەری گشتیی دۆیچەوێلێ لەبارەی ئەو كێشەیەی بۆ سادق زیباكەلام هاتووەتە كایەوە نووسیویەتی، پۆلێنكردنی میدیاكان و هەژماركردنیان وەك دوژمن، تەنیا لە هەندێك رژێمی دیكتاتۆری وەك ئێران دەوەشێتەوە.

بەگوێرەی "DW" مانگی رابردوو كاتێك سادق زیباكەلام ویستی مووچەی مانگانەی لە زانكۆی تاران وەربگرێت، پێیان گوت هیچ بڕە پارەیەك نەخراوەتە نێو هەژمارە بانكییەكەت، دوای ئەمە زیباكەلام هەر درێژەی بە وانەگوتنەوە لە زانكۆكە دا و گوتی تا كۆتای كۆرس لە كارەكەی بەردەوام دەبێت، بەڵام لە ساڵی داهاتووەوە وەك لە حوكمەكەی باس كراوە، ئیتر بۆی نییە لە هیچ زانكۆیەكی ئێران وانە بڵێتەوە و ئێستەش ئەو حوكمە نوێیەی بەسەردا سەپێنراوە.

سادق زیباكەلام پێی سەیرە دوای ٢٥ ساڵ وانەگوتنەوە لە زانكۆكانی ئێران، كاتێك سزاكەی بەسەردا سەپێنراوە، تەنانەت لە لایەن زانكۆكەش ئاگادار نەكراوەتەوە، بۆیە دەڵێت "لەو ٢٥ ساڵەدا ئەگەر لە كێڵگەیەكی پەلەوەر كارم بكردایە، پێگە و نرخم زیاتر بوو."

لە ئێران مامۆستایانی زانكۆ و پسپۆڕان بەردەوام لە ژێر گوشار و هەڕەشەی بەرپرسانی سیاسی و تەناهیدان و تەنانەت لە پۆلەكانی وانەگوتنەوە بە دڵی خۆیان ئەو زانستەی پێویستە بە قوتابییانی بڵێن، نایڵێنەوە. لە هەموو پۆلێكی خوێندن لە ئامادەیییەوە بگرە تا دەگاتە ئاستی زانكۆ، بەرپرسانی تەناهیی ئێران سیخوڕیان داناوە كە بەسیجیان پێ دەگوترێت و ئەگەر مامۆستایەك قسەیەك بكات لە قازانجی كۆماری ئیسلامیی ئێران نەبێت یان بە شێوەیەك دژایەتی لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران هەبێت، ئەوا سەرووی خۆیان ئاگادار دەكەنەوە و لەو كاتەشدا لەوانەیە مامۆستاكە لە پیشەكەی خۆی دوور بخرێتەوە.

بە سەدان مامۆستا لە ئێران هەر بەم شێوەیە لە پیشەكانیان دوور خراونەتەوە. كەم نین ئەو مامۆستایانەی كە وەك كرێكار یان هەر پیشەیەكی تر كار دەكەن و بە سەختی ژیان تێپەڕ دەكەن.

ئەو دۆخە ناهەموارە سیاسییە لە ئێران هۆكار بووە ساڵانە بە هەزاران ئەندازیار، پزیشك، مامۆستای زانكۆ و قوتابیی بلیمەت، ئێران بۆ هەمیشە بەجێ بهێڵن و روو لە وڵاتانی رۆژئاوا بكەن.

ماوەیەك لە سەردەمی دەسەڵاتی محەمەد خاتەمی سەرۆك كۆماری پێشتری ئێران هەوڵ درا بەربەستێك بۆ ئەو دیاردەیە دابنرێت كە ناوی "هەڵاتنی مێشكەكان"ی لێ نرابوو، بەڵام هەرگیز لەم هەنگاوانە سەركەوتوو نەبوون.

كۆماری ئیسلامیی ئێران لە توێژی مامۆستایانی زانكۆ و قوتابییانی زانكۆ دەترسێت و تەنانەت لە چەند ساڵی رابردوودا بە فەرمانی عەلی خامەنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، دەستكاری هەموو وانەكانی زانستە مرۆڤایەتییەكان كرا و بڕیار درا ئەو چەمك و بەها سیاسییانەی فەیلەسووف و ناودارانی رۆژئاوا نووسیویانەتەوە، لە ئێران نەخوێنرێن و ئەمەش وای كرد زانستی كۆمەڵناسی و سیاسی لەو وڵاتە پاشەكشە بكات و قوتابییان لە دەرەوەی زانكۆ و بە پشتبەستن بە ئینتەرنێت و كتێبخانەكان خۆیان بە زانستی سەردەمییانە دەوڵەمەند بكەن.
 




وشە - سلێمان تاشان