داعش ڕێگە نادات بەغدا نەوتی كەركووك بنێرێتە ئێران

:: PM:01:48:15/03/2018 ‌


ئەگەرچی دووساڵ پێش ئێستە گفتوگۆكانی رێككەوتن لە نێوان عێراق و ئێران هەبوو لە هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بۆ ئێران، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و بوونی هێزی پێشمەرگە و دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان لە شارەكە، وایكرد هیچ بەرەوپێشچوونێك روو نەدات، بەڵام دوای 16ی ئۆكتۆبەر، رێككەوتنەكە هاتەوە پێشەوە و ئێستە لە هەوڵی جێبەجێكردنیدان، بەڵام پێدەچێ تێكچوونی باری تەناهی لە كەركووك ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوە و جێبەجێ نەكردنی رێككەوتنەكە.

لەسەر ئەو پرسە پێگەی "ئەلمۆنیتۆر" ڕاپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا حەمدی حوسێنی سەرۆكی ژووری بازرگانی ئێرانی عێراقی ئاماژەی داوە، ئەو رێككەوتنەی لە نێوان ئێران و عێراق كراوە بۆ گواستنەوەی نەوتی كەركووك بۆ كرمانشان، بەهۆی خراپی دۆخی تەناهیی ناوچەكە ناتوانرێت وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.

لە 30ی تەمووزی 2017، رێككەوتنی دووەم لە نێوان ئێران و عێراق واژوو كرا بۆ گواستنەوەی نەوتی كەركووك بە بۆڕی بۆ ئێران.

قسەكردنی بەرپرسانی ئێرانی لەسەر نەوتی كەركووك كە ئێستە لەبەردەست هێزە عێراقییەكان و میلیشیاكانی حەشددایە دوای 16ی ئۆكتۆبەر، رەنگدانەوەی واقیعی رەوشی تەناهی ناوچەكەیە كە داعش هێشتا مەترسی لەسەر ناوچەكە و كەركووك هەیە و بەرپرسانی شارەكەش داوای هێزی زیاتر سەربازی بۆ كەركووك دەكەن.

هەڕەشەكانی داعش بەسەر كەركووكەوە كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر سێكتەری نەوت و وەبەرهێنان تێیدا، بە تایبەت دوای ئەوەی لە 19ی مانگی رابردوو داعش لە شارۆكەی حەویجە باشووری كەركووك هێرشی كردە سەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و 27چەكداری لێ كوشتن، پاشان گرووپێكی چەكدار لە 27ی هەمان مانگ هەڵیانكوتایە سەر بارەگای بەرەی توركمانی، لەسەر ئەو دوو هێرشەش مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، هێرشەكانی داعش بۆ سەر كەركووك بەردەوامییان دەبێت.

ئەوەی لە دۆخی تەناهی كەركووك دەخوێنرێتەوە، ئەوەیە كە رووداوەكان كاریگەری نەرێنییان لەسەر سێكتەری نەوتی شارەكە بە روونی داناوە، لێدوانی بەرپرسانی ئێرانیش لەگەڵ قسەكانی راكان جبووری پارێزگاری شارەكە بە وەكالەت یەك ناگرێتەوە كە رای گەیاندبوو رەوشی تەناهیی كەركووك ناتوانێت پێشخستنی دامەزراوە نەوتییەكان و پڕۆژەكانی رابگرێت كە لە هەشتی شوباتی رابردوو وەزارەتی نەوتی عێراق رێككەوتنێكی راگەیاند بۆ دروستكردنی پاڵاوگەیەكی نوێ لە شارەكە.

لەگەڵ بوونی ئەو هەموو هەڕەشەی لەسەر كەركووك، وەزارەتی نەوتی عێراق لە هەوڵدایە جارێكی تر نەوتی كەركووك لە رێی بۆڕیی نەوتی كوردستان بە بەندەری جیهانی توركی ببەستێتەوە و بازاڕی بۆ بدۆزێتەوە.

عاسم جیهاد گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، لێدوانی بەرپرسانی ئێران لە دیدی وڵاتەكەی خۆیان و عێراق پابەندە بە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی لەگەڵ ئێران ئەگەر ئەو وڵاتە ئێران دەستوەردانی تێدا نەكات.

جیهاد ئاشكرای كرد بەگوێرەی رێككەوتنەكە تا دروستكردنی بۆڕیی نەوتی نێوان كەركووك و كرمانشان، رۆژانە 30 تا 60 هەزار بەرمیل نەوت لە رێی تانكەرەوە رەوانەی ئێران دەكرێت.

ئەوەشی خستەڕوو لە هەمانكاتدا دەستكراوە بە دروستكردنی راكێشانی بۆڕیی نەوت بۆ ئێران كە توانای 250هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێكدا هەیە، بە تەواوبوونی بۆڕییە نەوتییەكە، ئەوا پرۆسەی گواستنەوەی نەوت بە تانكەر دەوەستێرنرێت. گوتی "بەڵام بۆڕیی نەوتی گرەنتی پاراستنی ئەستەمە و پێویست دەكات رێوشوێنی زیاتر بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی و پاسەوانی زیاتر بۆ دابنرێت".

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق هۆكاری گرێبەستەكەی لەگەڵ ئێرن ئاشكراكرد و رای گەیاند، ئێران پێویستی زۆری بە نەوتی عێراق هەیە بۆ پاڵاوتن و پیشەسازی تەواوكاری لەو ناوچانەی دەكەونە بەرانبەر كەركووك. گوتی "لەمەشدا سوودی عێراق ئەوەیە كە ئەو زیادە نەوتەی لە كەركووك بەرهەمدەهێنرێت بازاڕی بۆ دەدۆزرێتەوە بە تایبەت دوای وەستانی هەناردەكردنی لە رێی بەندەری جەیهانی توركی لەلایەك، لە لایەكی تریش عێراق بە تێچوویەكی زۆر كەم نەوتەكەی هەناردەی دەرەوە دەكات".

لەبارەی رەوشی تەناهیی كەركووك كە كاریگەری داناوە لەسەر پێشخستن و نۆژەنكردنەوەی كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك، عاسم دەڵێ وەزارەتی نەوت لایەنی پێوەندار نییە بە رەوشی تەناهیی كەركووك، بەڵكو ئەوە لە ئەستۆی وەزارەتە پێوەندارەكاندایە.

لای خۆیەوە ئەسكەندەر وەتووت ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، هیچ ئاماژەیەكی مەترسیدار لەسەر وەبەرهێنان لە نەوتی كەركووك نییە. پێ دەچێت پێوەندییەكی بەهێز لە نێوان لێدوانی بەرپرسانی ئێرانی و هەوڵەكانی تێكدانی رەوشی تەناهی كەركووك هەبێت. ئەوان دۆخی تەناهی وەبەرهێنانی تێدا دەكەن، بەڵام سەركەوتوو نابن لە رێگریكردن لە ئاڵۆگۆڕی وزە لە نێوان عێراق و ئێران".

زیاتر گوتی "لەبەر ئەوەی ئێران ئامێری پشكنینی ئێكسی نییە كە تانكەرەكانی گواستنەوەی نەوتی دەپشكنرێت ترسی هەبێت لە سەلامەتی ئەو تانكەرانە و نەتەقینەوەی لە ناو دامەزراوە نەوتییەكانی ئەو وڵاتە، بەڵام دڵنیایان دەكەینەوە كە لە عێراقەوە بە باشی پشكنینیان بۆ دەكرێت و جگە لە گواستنەوەی نەوت، بۆ هیچ پرسێكی تر بەكار ناهێنرێت و رێیش نادرێت تیرۆریستان دەستیان پێیان بگات بەهۆی بڵاوكردنەوەی هێزێكی زۆری عێراق و میلیشیاكانی حەشد لەسەر رێی سەرەكی".

لای خۆیەوە عەزیز عەبدوڵا سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر گواستنەوەی نەوتی كەركووك بە بۆڕیی نەوتی كوردستان بۆ بەندەری جیهان گەیشتووەتە دوا قۆناغی.

هاوكات ئەحمەد عەسكەری سەرۆكی لیژنەی نەوت لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رای گەیاند، رەنگە رەوشی تەناهی و تەنگژەكان عێراقی ناچار كردبێت كە نەوتی كەركووك تەنیا لە بەندەری جەیهان نەفرۆشێت، بەڵكو بەشێكی لێ رەوانەی ئێران بكات. زیاتر گوتی "كۆی پرسەكە بووەتە سیاسی، عێراق دەیەوێت بە هەناردەكردنی نەوت بۆ ئێران و توركیا لە یەككاتدا دەرگەی كێشە سیاسییەكانی لەگەڵ ئەو دەوڵەتە دابخات".
سەرچاوە/ مۆنیتەر


وشە - فه‌رمان سادق