لە بوتڵی ئاو گەردیلەی پلاستیكی دۆزرایەوە

:: PM:02:06:15/03/2018 ‌

توێژەران و لێكۆڵەرەوانی زانكۆی نیویۆرك پشكنینیان بۆ ٢٥٠ بوتڵی ئاو كردووە كە لە نۆ وڵاتی دنیا كۆ كراونەتەوە و لە كارگەی جیاواز و براندەكان بەرهەم هاتوون. دوای پشكنینەكە دەركەوتووە لە هەر بوتڵێكی ئاو بە تێكڕای گشتی ١٠ گەردیلەی پلاستیكی هەیە.

بەگوێرەی "بی بی سی" زانایان هێشتا هیچ ئەنجامێكیان لەوە بەدەست نەهێناوە ئەو گەردیلانە زیانیان بۆ تەندروستی مرۆڤ هەبێت یان نا، بەڵام پێداگرییان لەوە كردووە لە ناوەند و تاقیگە پێشكەوتووەكان پێویستە لێكۆڵینەوە لە كاریگەرییەكانی ئەو گەردیلانە بكرێت.

هەروەها داوایان كردووە لەو وڵاتانەی كێشەی ئاوی پاكی خواردنەوەیان هەیە، پێویستە لە خواردنەوەی ئاوی بوتڵەكان بەردەوام بن چونكە هیچ شتێك نەیسەلماندووە زیانیان پێ بگەیەنێت.

لێكۆڵەرەوان گوتوویانە مەبەستیان ئەوە نییە ناوی هیچ براندێكی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە بزڕێنن، بەڵكو ئەو لێكۆڵینەوەیە دەیسەلمێنێت مادەی پلاستیكی تا چ رادەیەك هاتوونەتە ناو ژیانی مرۆڤ و خەریكە دەبنە مەترسی بۆ سەری.

ئەو بوتڵانە هی ١١ براندی ناسراوی دنیان و ئەو گەردیلانەیان تێدا دۆزراونەتەوە، پرسیار ئەوەیە ئاوی بوتڵەكانی تر بە تایبەتی ئەوانەی لە كوردستان بەرهەم دەهێنرێن، دەبێت چەند گەردیلەی پلاستیكییان تێدا بێت.




وشە - سلێمان تاشان