ئێران پەرەپێدانی دوو كێڵگەی نەوتیی بە رووسیا سپارد

:: PM:02:49:15/03/2018 ‌

كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران بڵاوی كردەوە، گرێبەستێكی بە بڕی ٧٤١ ملیۆن دۆلار لە گەڵ كۆمپانیایەكی رووسی واژوو كردووە.

كۆمپانیا رووسییەكە بە "زاروبژنەفت" ناسراوە و بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای "دانا ئێنرژی" ئێرانی پەرە بە كێڵگە نەوتییەكە دەدات.

 ئەو كێڵگە نەوتییە پێشتریش چالاك بووە و رۆژانە ٣٦ هەزار بەرمیل نەوتی لێ دەرهێنراوە، بەڵام ئامانجەكە بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتە لە كێڵگەكە.

پشكی كۆمپانیا رووسییەكە ٨٠٪ و ئێرانییەكەش ٢٠٪ ە لەو كێڵگەیەی بڕیارە بە یەكەوە پەرەی پێ بدەن.

دوای ئەو گرێبەستەی كۆمپانیای تۆتاڵی فڕەنسی لە باشووری ئێران بۆ پەرەپێدانی نەوت ئەنجامی دا، ئەو گرێبەستە بە گەورەترین گرێبەست هەژمار دەكرێت كە ئێران لە بواری وزەدا لەگەڵ كۆمپانیایەكی بیانی لە دوای لاچوونی بەشێك لە سزاكان ئەنجامی دابێت.

نەوتی یەدەگی هەر دوو كێڵگەكە بەیەكەوە دەگاتە یەك ملیار بەرمیل و ئامانجی یەكەمی ئەو گرێبەستە ئەوەیە رۆژانە ١٠ هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوت بەرز بكرێتەوە.

پێش ئەم كۆمپانیا رووسییە، چەند كۆمپانیایەكی تری رووسیا رێككەوتننامەی لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ ئێراندا واژوو كردووە، بەڵام هێشتا بە گرێبەست نەكراون.
سەرچاوە/رادیۆ فەردا




وشە - سلێمان تاشان