قوتابخانەیەكی عێراق هەرای لە فەیسبووك ناوەتەوە

:: PM:03:38:15/03/2018 ‌

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڤیدیۆیەك بڵاو كراوەتەوە كە باسی قوتابخانەیەكی سەرەتایی دەكات، بڵاو بوونەوەی ڤیدیۆیەكە ناڕەزاییەكی گەورە لە لایەن چالاكوانان بەدوای خۆی دەهێنێت و زۆرینەی كەناڵەكانی عێراق گفتوگۆ و بەرنامەی لەسەر دەكەن و دەپرسن سیستەمی خوێندنی عێراق لە 2018 چۆن دەبێ بەوشێوەیە بێت.

وەك لە ڤیدیۆكە دەردەكەوێت قوتابخانەی " شاتیْ   ئەخزەر" تەواوی پۆلەكانی قوڕە، ئەوەی قسە دەكات بەڕێوەبەر یان مامۆستایەكی قوتابخانەكەیە.

بە پێی بەدواداچوونی رۆژنامەوانان قوتابخانەكە لە گوندێكی سەر بە شارەدێی دوایەی سەر بە شاری زیقارە لە باشووری عێراق، قوتابخانەكە لە ساڵی 2005 لە قوڕ دروستكراوە و هەتا ئێستەش ساڵانە بەقوڕ دووبارە نۆژەن دەكرێتەوە.

ئەو كەسەی لە تۆمارە ڤیدیۆكە قسە دەكات، دەڵێ: ئەو ئاوەی لێرە دەخورێتەوە وەك تیزابە، ئاودەستەكانمان ئاژەڵیش لێی دانانیشێ‌".

لە ڤیدیۆكە سەرجەم پۆلەكان نیشان دەدرێت قسەكەرەكە دەڵێ‌" ئەو پوڵانە كولانەن، یان گۆڕن، خوا هێز بە مامۆستاكان بدات".

ئەوەی سەرنجی خۆی لەسەر ڤیدیۆكە دەدات و قوتابخانەكە دەناسێنێ‌ هاوار بۆ بەرپرسان دەهێنێ‌ و  دەڵێ‌" كوا جوامێری، ئەم قوتابخانەیە هەمووی لە قوڕە" دواتریش بە توانجەوە دەڵێ‌" ئێمەش لە قوڕین و دەگەڕێنەوە قوڕ و گڵ".

هەروەها باسی ئەوە دەكات تانكی ئاو و تورمز و چەندان پێداویستی سەرەتاییان بۆ قوتابخانەكە لە سەر ئەركی مامۆستایان كڕیوە، هەروەها بە 30 هەزار دینار رۆژانە مامۆستایان بە پیكاپێك هاتوچۆی قوتابخانەكە دەكەن.

دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆكە چەند رۆژێكە چالاكوانانی مەدەنی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رەخنە لە حكوومەت دەگرن چەندان كەناڵی عێراقی و عەرەبیش بەرنامەیان لەسەر كردووە.

 یەكێك لە كەناڵە عێراقییەكان ڤیدیۆكەی داناوە و نووسیویەتی"أطلبوا العلم ولو في الطين"  ئەمەش ئاماژەیە بۆ فەرموودەیەكی پێغەمبەری ئیسلام كە فەرموویەتی" أطلبوا العلم ولو فی الصین".






وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل