دواى چوار خولى په‌رله‌مانى عێراق، پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان كه به ده‌ستوور پارێزراوه، رۆژ دواى رۆژ له به‌غدا لاواز ده‌كرێت و هاوپه‌یمانى شیعه‌كانیش هه‌وڵى پێكهێنانى حكوومه‌تى زۆرینه ده‌ده‌ن. دواى پڕ نه‌كردنه‌وه‌ى چه‌ندان پۆست له‌لایه‌ن حزبه كوردستانییه‌كان به‌هۆى كێشه ناخۆیییه‌كان، دۆخه‌كه په‌لى كوتا بۆ بڕینى بودجه له 2014 و سه‌ندنه‌وه‌ى متمانه له وه‌زیره كورده‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ى پشكى كوردستانیش بۆ 12% له بودجه. هه‌موو هێزه كوردستانییه‌كان كۆكن له‌سه‌ر رێكخستنه‌وه‌ى ناوماڵى كورد بۆ گێڕانه‌وه‌ى هاوسه‌نگیان له به‌غدا، به‌ڵام تا ئێسته وێڕاى په‌رته‌وازه‌یی، هه‌نگاوی كرده‌یی بۆ یه‌كڕیزی نابینرێت.
له‌م راپۆرته‌دا "وشه" بۆچوونى فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له‌مه‌ڕ پێشهات و مه‌ترسییه‌كان، هاوكات دیدی حزبه سه‌ره‌كییه‌كان بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا له زاری خۆیانه‌وه ده‌خاته ڕوو.
بۆچوونی پارتی
عه‌ره‌فات كه‌ره‌م سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ "وشه" تێگه‌یشتنی خۆی له‌باره‌ی كۆی پێوه‌ندی كورد له‌گه‌ڵ عێراق ده‌خاته ڕوو: ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر فراكسیۆنه‌كانى كوردستانى بوو له به‌غدا جێبه‌جێیان كردووه، دواى تێپه‌ڕاندنى بودجه‌ش له كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیى كۆمار و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئارام شێخ محه‌مه‌د جێگری سه‌رۆكى په‌رله‌مان هاته راسپاردن بۆ ئه‌وه‌ى پێوه‌ندی به حزبه كوردستانییه‌كان بكات تا هه‌ڵوێستێكى هاوبه‌ش وه‌رگرن به‌رانبه‌ر به تێپه‌ڕاندنى بودجه.
یه‌كهه‌ڵوێستى فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له به‌غدا كاریگه‌ری هه‌بوو، به‌ڵام كاتی بوو، بۆیه ده‌بێت یه‌كهه‌ڵوێستییه‌كه له كوردستان بێت نه‌ك به‌غدا، ئه‌وان كه ده‌بینین ناوخۆى كوردستان یه‌ك هه‌ڵوێست نییه ئیشی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن له سوودی خۆیان. ئه‌گه‌ر نه‌توانرا كێشه‌كانى كوردستان چاره‌سه‌ر بكرێن، گرنگه لایه‌نه سیاسییه‌كانى كوردستان كێشه‌كانى كوردستان نه‌هێننه به‌غدا، ئه‌گه‌ر له ناوخۆدا كێشه‌یشمان هه‌بێت ئاسایییه، به‌ڵام گه‌یشتنى به به‌غدا مه‌ترسی بۆ سه‌ر كوردستان دروست ده‌كات وه‌ك له رابردوودا بینیمان كه هه‌ندێك لایه‌نى سیاسی هه‌وڵیاندا بیگوازنه‌وه بۆ به‌غدا.
ئێسته حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌رانبه‌ر دوو بژارده‌یه، بژارده‌ى یه‌كه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنى بودجه‌یه بۆ راگه‌یاندنى هه‌ڵوێستى فه‌رمی، بۆ ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان و لیژنه‌ى دارایی په‌رله‌مانى عێراق كۆبوونه‌وه ئه‌نجام دراوه، ماوه‌ته‌وه هه‌ڵوێسته‌كه رابگه‌یه‌نرێت.
هێشتا ده‌رگه‌ى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا ماوه و ناتوانین بایكۆتى په‌رله‌مان بكه‌ین، چونكه ته‌مه‌نى كۆتای هات و ناشتوانین بایكۆتى پرۆسه‌ى سیاسی بكه‌ین، چونكه نزیكین له هه‌ڵبژاردن، بۆیه بژارده‌ی دووه‌م به‌ده‌ستمانه‌وه مابێته‌وه وه‌ك كارتى گوشار به‌شداری نه‌كردنه له هه‌ڵبژاردن خۆی.
له‌مه‌دا نابێت هه‌ندێك به‌شدار بێت هه‌ندێكیش نا، ئه‌گه‌ر نه‌مانتوانى بایكۆتى هه‌ڵبژاردن بكه‌ین، ئه‌وا دوای هه‌ڵبژاردن هاوپه‌یمانێتیه‌كى زۆر به‌هێز له ناوخۆماندا پێك بێنین، نه‌ك وه‌ك چوار ساڵى بووری كه له‌مپه‌ری به‌رده‌م پێكنه‌هێنانى هاوپه‌یمانى كوردستانى له‌سه‌ر ئه‌وه‌بوو كێ ده‌بێته سه‌رۆك، ئه‌مه كێشه‌ى كورد نییه له به‌غدا، به‌ڵكو نه‌بوونی یه‌كده‌نگی و یه‌ك پڕۆژه‌یی كێشه‌ى كورده. ئه‌م پرسه نابێت وه‌ك ئه‌مجاره بۆ په‌رله‌مانتاران جێ بهێڵرێت كه نه‌مانتوانى، به‌ڵكو ده‌بێت سه‌ركردایه‌تى سیاسیی كوردستان بڕیاری له‌سه‌ر بدات.
ده‌وڵه‌تى یاسا و هێزه شیعه‌كان به ئاراسته‌ى زۆرینه قسه ده‌كه‌ن، ده‌بێت رێ نه‌ده‌ین ئه‌وه بكرێت كه زیاتر مه‌به‌ست لێی زۆرینه‌ى ئایدلۆجی و مه‌زه‌وییه و چه‌ند وه‌زیرێكى كوردی بێ ده‌سه‌ڵات له حكوومه‌ته‌كه‌دا به‌شدار بكه‌ن و ناوی ده‌نێن حكوومه‌تى نیشتمانى، بۆیه ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ده‌ستوور و پێكهێنانى حكوومه‌تى عێراق له 2005 كه هاوسه‌نگی بنه‌مای سه‌ره‌كی بوو، بۆیه ئه‌گه‌ر حزبه گه‌وره‌كان زوو رێگری له‌و هه‌وڵه نه‌كه‌ن، ئه‌وا رووبه‌ڕووى شكستێكى گه‌وره‌تر ده‌بینه‌وه و مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر كوردستان گه‌وره‌تر ده‌بن.
ساڵانى رابردوو سه‌لماندی له‌گه‌ڵ شیعه سه‌ركه‌وتوو نه‌بووین، ئه‌وان له‌سه‌ر پشتى كورد خۆیان به‌هێز كرد و بوونه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات، بۆیه له‌گه‌ڵ شیعه كۆتای هاتووه و باشتره له‌گه‌ڵ سوننه هاوپه‌یمانى ببه‌ستین، به‌ڵام گرفته‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌وانیش كۆده‌نگ نین و جێی متمانه‌یش نین، به‌گشتیی باشترین بژارده بۆ كورد یه‌كبوونیه‌تى تا لایه‌نه‌كانى تر ناچار بن بێن له‌گه‌ڵمان گفتوگۆ بكه‌ن.
بۆچوونی یه‌كێتی
ئارێز عه‌بدوڵا سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتیی نیشتمانیى كوردستانتێگه‌یشتنی خۆی بۆ عێراق و پێوه‌ندی كورد له داهاتوو له‌گه‌ڵ به‌غدا له "وشه" ده‌خاته ڕوو،ئاراسته‌یه‌كی سیاسی له به‌غدا هه‌یه، هه‌وڵده‌دات ناوه‌ندیه‌تی (مه‌كه‌زیه‌ت) بۆ به‌غدا بگێڕێته‌وه. ئه‌و ئاراسته‌یه له‌گه‌ڵ فیدڕاڵیزم نایه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌كى ناڕاسته‌وخۆ دژى دامه‌زراندنى هه‌رێمى تره له عێراق و كار ده‌كات بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه یان بێهێزكردنى قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان. بۆیه ده‌بێت ئه‌و راستییه‌مان له‌به‌رچاو بێت كه ئه‌گه‌رچی به‌گوێره‌ى ده‌ستوور عێراق ده‌وڵه‌تێكى فیدڕاڵییه،به‌ڵام پاشگه‌زبوونه‌وه له فیدڕاڵی و دیموكراسی هه‌ستى پێده‌كرێت و ده‌بینرێت، به‌ڵگه‌ش تێپه‌ڕاندنى بودجه بوو به پێوه‌ری زۆرینه‌و كه‌مینه، كه‌واته مه‌ترسی هه‌نگاوی تریش هه‌یه به ئاراسته‌ى پووكانه‌وه‌ی هه‌رێمى كوردستان.
ده‌بێت لایه‌نه سیاسییه‌كانى كوردستان له گفتوگۆی به‌رده‌وام بن و یه‌كهه‌ڵوێستبن، قۆناغه‌كه ئه‌وه ده‌خوازێت، ته‌نانه‌ت له ئاستى ناوخۆشدا له نێوان چه‌قبه‌ستوویی و رووخاندا رێیه‌كی تر هه‌یه كه هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌سه‌ری رێك بكه‌ون، ئه‌ویش پڕۆژه‌یه‌كی چاكسازی نیشتمانییه، چونكه به‌هێزبوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان و كه‌مكردنه‌وه‌ى ناكۆكییه ناوخۆیییه‌كان، ده‌بێته هۆى به‌هێزبوونه‌وه له به‌غدا، لایه‌نى كه‌م كه‌مكردنه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى ئه‌و ئاراسته نوێیه‌ى سه‌ریهه‌ڵداوه‌و كاری بۆ ده‌كرێت، به‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌كانى سیاسی له به‌غدا و وڵاتانى ده‌ره‌كیش له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان كه‌م ده‌كرێنه‌وه.
رێكخستنه‌وه‌ى كاروباری ناوخۆى كوردستان به پڕۆژه‌یه‌كی نیشتمانى و پاراستنى یه‌كده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستى دوو ئاراسته‌ن ده‌بێت كاریان له‌سه‌ر بكرێت.كشانه‌وه له پرۆسه‌ى سیاسی عێراق ئه‌گه‌ر وه‌ك تاكتیك یان گوشاریش بێت یه‌كێكه له ئه‌گه‌ره‌كان، به‌ڵام نابێت به په‌له بڕیاری لێبدرێت، به‌ڵكو ده‌بێت كۆده‌نگی له‌سه‌ر هه‌بێت و بڕیارێكى نیشتمانى بێت نه‌ك حزبێك بكشێته‌وه و یه‌كێكی تر نه‌كشێته‌وه. هه‌ر بڕیارێك بدرێت به‌رانبه‌ر به به‌غدا، ده‌بێت كۆده‌نگی له‌سه‌ر هه‌بێت و له په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێمى كوردستان په‌سند بكرێت.
پێوه‌ندی هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا نابێت ببه‌سترێته‌وه به تاك یان سه‌رۆك وه‌زیران، كێشه‌كه له‌وه‌دا نییه كێ سه‌رۆك وه‌زیرانه، یان به لادانى كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن، ئه‌مه له رابردوو تاقیكرایه‌وه و سه‌ركه‌توو نه‌بوو. بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو هێشتا دیار نییه كێ براوه‌یه، گرنگ ئه‌وه‌یه كام لایه‌نددان به مافه‌كانى كورد بنێت، ده‌بێت له‌گه‌ڵی رێككه‌وتن بكه‌ین جا هه‌ر كه‌سێك بێت، هه‌وڵى گێڕانه‌وه‌ى پره‌نسیپه‌كانى پێكهێنانى ده‌وڵه‌تى عێراقی بده‌ین كه له ده‌ستووریشدا باسی لێوه‌كراوه ئه‌ویش هاوسه‌نگی و سازان و رێككه‌وتن كه ئێسته پێشێل كراوه،دیوه‌كه‌ى تری گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌و پره‌نسیپانه پێوه‌ندی به ناوخۆى كوردستانه، چونكه دیاره له به‌غدا به ئاشكرا كار له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه بكرێته دوو تا سێ به‌ره تا بتوانن به‌رنامه‌كانى خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن، ئه‌مه‌ش واده‌كات هه‌رێمى كوردستان به شێوه‌یه‌ك خۆی رێكبخاته‌وه و خۆی پۆشته بكاته‌وه، دۆست و دوژمن باشتر گوێمان لێ بگرن، تا كاریگه‌ریمان له‌سه‌ر رووداوه‌كان هه‌بێت.
هه‌موو ئه‌وانه گه‌یه‌نراون به حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و حزبه‌كانداوایان لێ كراوه به زووترین كات كۆببنه‌وه بۆ ده‌ربڕینى هه‌ڵوێستێكى نیشتمانى به‌رانبه‌ر به‌و گۆڕانكارییانه‌ى له ناوچه‌كه هاتوونه‌ته پێشه‌وه، به‌ڵام تا ئێسته دیار نییه كه‌ى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه ده‌كرێت، بۆیه جارێكى تر له رێى رۆژنامه‌كه‌ى ئێوه‌وه هه‌مان داوا ده‌كه‌ین.
بۆچوونی گۆڕان
ئه‌مین به‌كر سه‌رۆكی فراكسیۆنى گۆڕان له‌باره‌ی چۆنیه‌تی كاركردن له‌م دۆخه بۆ "وشه" بۆچوونی خۆی راده‌گه‌یه‌نێت، تێپه‌ڕاندنى ئه‌و دۆخه‌ى به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان هاتووه، ده‌بێت به‌هێز ببێته‌وه، ئه‌مه‌ش به ساده‌یی ناكرێت، به‌ڵكو پێویستى به سازشی راسته‌وخۆ هه‌یه لاى هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان. له رابردوودا ئه‌و دوو هێزه له‌سه‌ر كه‌پكی حه‌مه‌دئاغا چه‌ندان ساڵ شه‌ڕیان كردووه، به‌ڵام یه‌ك رۆژ شه‌ڕیان له‌سه‌ر كه‌ركووك و ناوچه‌كانى تر نه‌كردووه، كه‌واته سه‌ره‌تاترین كێشه‌كان له ناوخۆی خۆیدا، ده‌بێت بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه یه‌ك ئیراده هه‌بێت به‌رانبه‌ر به به‌غدا و ده‌ره‌وه، ئه‌وكاتزۆر كارت هه‌یه به‌رانبه‌ر به به‌غدا به‌كاری بێنین و زۆر به ئاسانی ده‌توانین هه‌ڵوێستى جۆراوجۆر وه‌رگرین، به‌ڵام ئێسته كه له ناوخۆدا یه‌كڕیز نین و ناتوانین هه‌ڵوێست وه‌رگرین له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك، له‌وانه گومان له‌سه‌ر شه‌رعیه‌تى حكوومه‌ت هه‌یه، گومان به ده‌سته‌وه‌گرتنى دۆسیه‌ى دارایی هه‌یه و ده‌سه‌ڵاتدارانیش نایشارنه‌وه گه‌نده‌ڵى گه‌وره هه‌یه، ئه‌مانه وایان كردووه بێ متمانه‌یی دروست بێت كه ده‌بێت كار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى بكه‌ین.
ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كرێت له به‌غدا بگه‌ڕێینه‌وه بۆ كوردستان بۆ كوێ بگه‌ڕێینه‌وه كه حكوومه‌تێكى دامه‌زراوه‌یی نییه، پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى له‌سه‌ر بنه‌ماى دامه‌زراوه‌یی بێت كه تا ئێسته‌ش حزبییه، دۆسیه‌ى نه‌وت شه‌فاف نییه، تواناى به‌رگری نییه به‌هۆى نه‌بوونى هێزێكی نیشتمانی، یه‌كڕیزی سیاسی نییه و ژێرخانێكى به‌هێزی ئابووری نییه، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه هه‌بوونایه بێ منه‌ت ده‌توانرا بایكۆتى به‌غدا بكرێت.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا، له به‌غدا له پرسه چاره‌نووسسازه‌كاندا یه‌كڕیزی هه‌بووه و ویستراوه بگوازرێته‌وه بۆ كوردستان، به‌ڵام لێره دروست نابێت، ئۆباڵه‌كه‌ى له ئه‌ستۆى به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستانه. جگه له‌مه هه‌ندێك لایه‌نى سیاسی پێی وایه یه‌كڕیزی ئه‌وه‌یه بچیته پاڵ ئه‌و ریز بیت، ئه‌مه یه‌كڕیزی نییه، یه‌كڕیزی ئه‌وه‌یه به بێ جیاوازی له پرسه نیشتمانییه‌كان یه‌كده‌نگ بین. لێره‌دا پارتى و یه‌كێتى تا به‌خۆیاندا نه‌چنه‌وه، گرێى چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ناو كوردستان ناكرێنه‌وه كه خۆى له تاكگه‌رایی ئه‌و دوو هێزه ده‌بینێته‌وه به تایبه‌ت له دۆسیه‌ى ئابووری و ده‌سه‌ڵاتدا.
بایكۆتى به‌غدا چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ناكات، له رابردوودا ئه‌وه تاقی كراوه‌ته‌وه له‌ژێر گوشاری نێوده‌وڵه‌تى گه‌ڕاوینه‌ته‌وه، جگه له‌مه ئێسته هێزی ئه‌وه نییه بایكۆت هه‌ر بكرێت و تواناى به‌رگریش نییه، ره‌نگه به دیوێكى تریش لێكدانه‌وه بۆ بایكۆت بكرێت كه ته‌واوكه‌ری هه‌نگاوی ریفراندۆمه له‌وكاته‌دا كاردانه‌وه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ سه‌ر كوردستان قورس‌تر ده‌بن.
خاڵێكی تر پێوه‌ند به پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى كوردستان دواى ریفراندۆم ده‌ركه‌وت وا نییه، ئه‌وانه‌ى خۆیان به نوێنه‌ری كورد ده‌زانن له ده‌ره‌وه سه‌ركه‌وتوو نه‌بوونه و نه‌یانتوانى بۆچوونى دوو وڵاتیش له به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان بگۆڕن.
ئه‌گه‌ر له ناوخۆى كوردستان چاكسازی نه‌كرێت و به دامه‌زراوه‌یی نه‌كرێت، هه‌ڵبژاردنى داهاتووش ناتوانێت كێشه‌كانى كورد له به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات، به پێچه‌وانه‌وه ره‌نگه ئاسانتر له‌وه‌ى رابردوو كورد له به‌غدا پارچه پارچه بكرێت و به‌غداش به ئاراسته‌ى حكوومه‌تى زۆرینه هه‌نگاو هه‌ڵگرێت.
بۆچوونی یه‌كگرتووی ئیسلامیی
جه‌مال كۆچه‌ر په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنى یه‌كگرتووى ئیسلامى له‌باره‌ی دۆخی كورد و به‌غدا تێگه‌یشتنی خۆی راده‌گه‌یه‌نێت، هێشتا كورد له به‌غدا كۆده‌نگ نییه، ئه‌گه‌ر فوئاد مه‌عسووم سه‌رۆك كۆمار بودجه په‌سند نه‌كات، ئینجا یه‌كده‌نگی له به‌غدا دروست ده‌بێت كه تاكه ئاریشه‌ى كورد ئێسته له به‌غدا پرسی بودجه‌یه. ئه‌گه‌ر سه‌رۆك كۆماریش په‌سندی نه‌كرد، ساڵى داهاتوو ئه‌گه‌ر بگوترێت پشكى كورد له بودجه 12%یه، ئه‌وا قبووڵى ناكه‌ین، چونكه ساڵى رابردوو قبووڵ نه‌كراوه، له‌م كاته‌دا كاره‌كه ئاسانتر ده‌بێت له‌وه‌ى سه‌رۆك كۆماری په‌سندی بكات.
خاڵى دووه‌م، ئه‌وه‌ى وایكردووه هه‌رێمى كوردستان به‌و دۆخه بگات، ئه‌وه‌یه به‌غدا له فه‌رهه‌نگی كورد نه‌بووه و له رابردوودا پشتگوێ خرابوو، به تایبه‌ت چوار ساڵى رابردوو، هه‌رێمى كوردستان كاری بۆ ئابووریی سه‌ربه‌خۆ و ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆ و یاسای سه‌ربه‌خۆ ده‌كرد و پشتى له به‌غدا كردبوو، بۆیه ده‌بێت به هێزه‌وه بگه‌ڕێینه‌وه به‌غدا.
دواى ریفراندۆم دۆخێكى تر هاتووه‌ته پێشه‌وه و هاوكێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان گۆڕاون، هه‌مووان به كورد ده‌ڵێن ده‌بێت قه‌واره‌یه‌كتان هه‌بێت له‌گه‌ڵ ده‌ستوور بگونجێت، كه‌واته له قۆناغی داهاتوو ده‌بێته شه‌ڕێكی ده‌ستووری، هیچ چاره‌ى ترمان نییه چونكه له ته‌نگژه‌یه‌كی سه‌ختى ئابووری و ماڵێكی په‌رته‌وازه‌و ناكۆكین، بۆیه ده‌بێت مامه‌ڵه‌یه‌كی وا له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ین دۆخى كوردستان له‌وه خراپتر نه‌بێت، چونكه هه‌وڵه‌كانى به‌غدا دژ به كوردستان به‌و ئاراسته‌یه هه‌رێمى كورردستان لاوازتر بكرێت.
خاڵێكی تر رێكخستنه‌وه‌ى ناوماڵى كورده له به‌غدا، له رابردوو هه‌ركه‌س بۆ خۆى و حزبه‌كه‌ى خۆى كاری كردووه، جگه له‌مه‌ش ده‌بێت به پلان بگه‌ڕێینه‌وه به‌غدا، ده‌بێت ژووری كار هه‌بێت و خاڵ به خاڵ له‌سه‌ری بوه‌ستین و جێبه‌جێ بكرێت.له پاڵ ئه‌وه‌دا خه‌ڵك ده‌بێت ئه‌و حزبانه سزا بدات، ئه‌گه‌ر دواى هه‌ڵبژاردن هه‌مان ره‌فتاری رابردوو ئه‌نجام درایه‌وه، ئه‌وا له هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌بێت خه‌ڵك سزایان بدات، چونكه به‌و ناكۆكی و په‌رته‌وازییه، نه له كوردستان ده‌توانین ئاریشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین نه له به‌غدا ده‌توانین ماف به ده‌ست بهێنین.
هه‌رێمى كوردستان هیچ كارتێكى گوشاری نییه دژ به به‌غدا، به پێچه‌وانه‌وه هه‌موو ده‌رگاكان كراوه‌ن ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ى به‌غدا بڕێك پاره بنێرێت، بۆیه ده‌ڵێین چۆن به‌غدا بایكۆت ده‌كه‌ى كه ناتوانی به سێ مانگ چاره‌كه مووچه‌یه‌ك بده‌یت؟ ئه‌وه كارتى گوشار نییه، به‌ڵكو كۆده‌نگی به‌هێزترین كارتى گوشاره. سه‌ركردایه‌تیى سیاسی یان ده‌بێت هه‌نگاو بۆ یه‌كڕیزی بنێت یانیش ده‌بێت خه‌ڵك لێیان هه‌ڵسێت و چیتر قبووڵى نه‌كات، چونكه هێشتا مه‌ترسی سه‌ر هه‌رێمى كوردستان ته‌واو نه‌بووه و له رابردووی نزیكدا له دوو پیلان رزگاری بووه و پووچه‌ڵ كراوه، بێگومان پیلانى سێیه‌م و چواره‌م و پێنجه‌میش هه‌یه.
ده‌بێت ئه‌وه بزانین بوونى هه‌رێم له مه‌ترسییه، نازانم ناكۆكییه‌كانی نێوان پارتى و یه‌كێتى گه‌وره‌ترن له له‌ده‌ستدانى كه‌ركووك و شنگال و هه‌رێمى كوردستانیش؟ نازانم چی هه‌یه له له‌ده‌ستدانى 51%ى خاكی كوردستان گه‌وره‌تر بێت تا ئه‌و دوو لایه‌نه یان سێ لایه‌نه به‌هۆش بێنه‌وه و رێك بكه‌ون و ناكۆكییه‌كانیان به‌لاوه بنێن.
بۆچوونی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی
زانا رۆستایی په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى تێگه‌یشتنی خۆی بۆ چۆنیه‌تی كاركردن كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا، بۆ "وشه" ئاشكرا ده‌كات، به‌و پێیه‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌شێكه له عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش له‌م روانگه‌یه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كوردستان ده‌كات، وه‌ك كورد قه‌ده‌ری سیاسی و جیۆگرافی به‌ستراوه به به‌غداوه، بۆیه ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین سوومه‌ند بین له هه‌موو مافه ده‌ستوورییه‌كان و زۆرترین سوود به خه‌ڵكی كوردستان بگه‌یه‌نین تا ئه‌وكاته‌ى رۆژگارێك دێته پێشه‌وه هه‌رێمى كوردستان سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نێت كه له‌وه ناچێت به‌منزیكانه بێت، بۆیه كشانه‌وه له پرۆسه‌ى سیاسی عێراق سوودی نابێت، به‌ڵكو ده‌بێت خه‌ڵك هان بدرێت به‌شداری چڕی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن به تایبه‌ت له ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان به كه‌مترین زیان لێى ده‌ربچین.
ئێسته لایه‌نه سیاسییه‌كاندا له ناوخۆیاندا له خراپترین بارودۆخدان، ئه‌گه‌ر ناوماڵى كورد دواى هه‌ڵبژاردنیش به‌مجۆره بمێنێته‌وه، چاوه‌ڕوانی شكستى زیاتر بۆ كورد ده‌كرێت و كۆمه‌ڵێك مافی تریش له ده‌ست ده‌ده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى رێ له روودانى ئه‌وه بگرین، باشترین رێگه‌چاره و بژارده كشانه‌وه له پرۆسه‌ى سیاسی نییه، چونكه پێش كورد پێكهاته‌ى سوننه‌ى عه‌ره‌ب به‌شداری له هه‌ڵبژاردنى 2005 و نووسینه‌وه‌ى ده‌ستووریش نه‌كرد، ئه‌مه زیانى گه‌وره‌ی لێدان و ئێسته‌ش نه‌یانتوانیوه قه‌ره‌بووی بكه‌نه‌وه. بۆیه كشانه‌وه‌ى كورد بژارده‌یه‌كی باش نییه، ره‌نگه هه‌ندێك لایه‌ن نه‌كشێنه‌وه له‌و كاته‌شدا به به‌شداری هه‌ندێك لایه‌نی كوردی له پرۆسه‌ى سیاسی زیانه‌كان گه‌وره‌تر ده‌كات، باشترین بژارده رێكخستنه‌وه‌ی ناوماڵى كورده، گه‌ڕاندنه‌وه‌ى متمانه‌یه له نێوان هێزه سیاسییه‌كان، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى هه‌مانه بیكه‌ین به حكوومه‌ت. كاتێك له كوردستان بارودۆخی ناوخۆی رێكخرایه‌وه، كورد به شێوه‌یه‌كی ئاسایی سه‌نگ و قورسایی له به‌غدا و ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه‌واته كێشه‌كه له به‌غدا نییه به‌ڵكو له كوردستانه.
به رێكخستنه‌وه‌ى ناوخۆ و پێكهێنانى هاوپه‌یمانى كوردستانى دواى هه‌ڵبژاردن، هه‌روه‌ها سزادانى حه‌یده‌ر عه‌بادی و پێ نه‌دانه‌وه‌ى متمانه بۆ خولى دووه‌می و شكست پێهێنانى له وه‌رگرتنی خولی دووه‌می ئه‌مه ده‌كرێت و له رابردووش‌دا كورد دوو سه‌رۆك وه‌زیرانی لاداوه، به‌مه‌ش تۆڵه‌ى سیاسیی خۆمان ده‌كه‌ینه‌وه.
بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ بنه‌ماى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى نوێی عێراق، پێویسته كورد هاوپه‌یمانى خۆى له‌گه‌ڵ شیعه‌كان بگۆڕێ و له‌گه‌ڵ سوننه هاوپه‌یمانى ببه‌ستێت، له‌مه‌شدا دوو هۆكار هه‌یه كه هاوسنووری هه‌رێمى كوردستانه و ئه‌وانیش وه‌ك كورد رووبه‌ڕووی جۆرێك له پاڵه‌په‌ستۆى شیعه‌كان بوونه‌ته‌وه و هه‌روه‌ها ئه‌وان پشتگیری عه‌ره‌بی و نێوده‌وڵه‌تییان هه‌یه و له‌مه‌دا ده‌توانین سوود له‌و پشتگیرییه وه‌ربگرین، به هه‌ردوولاش ده‌توانین شكست به به‌رنامه‌ى شیعه‌كان و زۆرینه‌ى سیاسی بهێنین. جگه له‌مه ده‌كرێت له رێككه‌وتن و به‌شداریكردن له حكوومه‌تى داهاتووی پرسی هاوسه‌نگی و بڕیاردان به‌تایبه‌ت پێوه‌ست به هه‌رێمى كوردستان و یاسا چاره‌نووسسازه‌كان به سازان بكرێت، ئه‌مه‌ش له خولی داهاتووی په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت و ده‌كرێته كارنامه‌ى حكوومه‌ت، به‌مه‌ش رێگری له ده‌ركردنى بڕیاری زۆرینه ده‌كرێ.