حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌

:: PM:01:15:16/03/2018 ‌
ئه‌مڕۆ 30 ساڵ بەسەر یادی كیمیابارانی شاری هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت، یادی تاوانێكی كۆمەڵكوژی بە چەكی كیمیایی، لەلایەن ڕژێمی بەعسی دیكتاتۆر دەكرێتەوە، كە لە دوا ساڵەكانی شەڕی عێراق-ئێران شاری هەڵەبجەی بە چەكی كیمیایی و گازی سارین بۆمباباران كرد، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌ و له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ڕایگه‌یاند، حكوومه‌تى عێراق پێویسته‌ قەرەبووی قوربانیانی هەڵەبجە بكاتەوە.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 16ى ئادار، حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە به‌یانامه‌یه‌كدا داوا له‌ حكوومەتی عێراق دەكات قەرەبووی قوربانیانی هەڵەبجە بكاتەوە و شاره‌كه‌ ئاوەدان بكاتەوە.

ده‌قى ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌ى حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ده‌ڵێت: "لە سییەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی شەهیدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاكی شەهیدانی هەڵەبجە دادەنەوێنین، بە خەم و پەژارەیەكی قووڵەوە یادی ئەو شەهیدە نەمرانە لە ساوایان، منداڵان، ژنان، پیاوان، گەنجان و پیران دەكەینەوە، داوا لە دەوڵەتی عێراق دەكەین ئەركی سەر شانی خۆی لە قەرەبووكردنەوەی قوربانیان و ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجە جێبەجێ بكات و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ڕێگە ‌نەدات جارێكی دیكە تاوانێكی لەو جۆرە لە هیچ شوێنێكی سەرزەمین دووبارە ببێتەوە، لەكاتێكدا تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی شەهید پێنج هەزار شەهیدی بەدوای خۆیدا جێهێشت، نزیكەی 10 هەزار برینداریشی خستەوە بۆ ئەوەی تا ماون ژیانێكی پڕ لە مەینەتی بژین و لە ژان و ئازار بترازێ، هیچ چێژێك لە ژیان نەبینن و ببنە گەواهیی ئەو تاوانە گەورەیەی دژی مرۆڤ و سروشت و ژیان لەبەر چاوی دنیادا ئەنجام درا و ئەوسا كەس لێی نەهاتە دەنگ،  تاوانێك كە مەزلوومیەتیی گەلی كوردستان و دڕاندایەتیی دەسەڵاتی ئەوسای بەغدای بە هەموو جیهان نیشاندا".

16ى ئادار ساڵى 1988، ڕژێمی‌ بەعس بەچەكی‌ كیمیایی‌ هەڵەبجەی‌ بۆردومانكرد، بەوهۆیەوە پێنج هەزار هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و هەزارانی‌ تریش بریندراربوون، تا ئێسته‌یش ئاسەواری‌ چەكی‌ كیمیایی‌ بەسەر ژماریەك لە بریندارەكانەوە ماوە و تا ئێسته‌ ژماریەك منداڵی‌ بێسەروو شوێن نەدۆزراونەتەوە، كیمیابارانكردنی‌ هەڵەبجە له‌ ساڵی‌ 2010 لە پەرلەمانی‌ عێراق بە جینۆساید ناسێندرا.


وشە - محەمەد میران