ململانێی سەدر و مالیكی.. دیارترین ناكۆكیی دوای داعش

:: PM:05:00:11/10/2016 ‌
ئێستە دۆخی عێراق لە بێ دەنگییەكی بەر لە رەشەباكەیە، ئەو رەشەبایەی تەنیا بە نەمانی داعش كۆتای نایەت، بەڵكو پێشبینی بەهێزتربوونی بۆ شارەشەبای ململانێی نێوان هێز و پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراق لە قۆناغی دوای داعشی لێ دەكرێت.

ریناد مەنسوور لە وتارێكی لە ماڵپەڕی "war on the rocks" دەڵێت كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە نێوانی دوو هێز خۆی دەبینێتەوە، حەشدی شەعبی و سەدر، كە یەكەمیان نووری مالیكی ویست و خواستەكانی بەسەردا سەپاندووە و ئەوەی تریان خۆی بەسەر عەبادی دەسەپێنێت.

مەنسوور كە شارەزا و شرۆڤەكارە لە دامەزراوەی "چاتام هاوس" و مامۆستایە لە كۆلێجی ئابووریی لەندەن و ئەندامی پەیمانگەی عێراق بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیجییە، دەڵێ سەرەڕای ئەوەی ئەو دوو هێزە شیعە ركابەرەی كە دەورەی عەبادییان داوە لە زۆر شت جیاوازن، بەڵام لە ئامانجەكانیان بۆ قۆناغی دوای داعش هاوبەشن، ئەوان هەردووكیان خواستی كۆنترۆڵكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر حكوومەت هەیە.

ئەو دەڵێ كە هەنگاوی داهاتووی هەردوو تیمەكە بەدەستهێنانی سەركەوتنە لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگەكان و پەرلەمانی عێراق، مالیكی وای دەبینێ كلیلی سەركەوتن لەو هەڵبژاردنانە پێكهێنانی بارستەیەكە لە هێز و گرووپەكانی سەر بە حەشدی شەعبی و سەرانی ئەوان.

روونی كردەوە كە ئەگەر ئەوەشی بۆ نەڕەخسا و سەركەوتوو نەبوو تیایدا، ئەو هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانیی دەبێت لەگەڵ لایەنی تری شیعە وەك ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی كە بەم دوایییە رێگەی بە پێدانی پۆستی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی بە عەماڕ حەكیمی سەرۆكەكەی دا.

مالیكی ئەگەر پلانەكانیشی سەری نەگرت لە گەیشتن بە دەسەڵات، ئەو لە دەرەوەی دەسەڵات راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كار بۆ پێكهێنانی دامەزراوەی سیاسی تەریب بۆ ئەوانەی لە دەسەڵاتن دەكات بەمەبەستی پاڵەپەستۆ لەسەر دەوڵەت و لاوازكردنی نەیارەكانی. مەنسوور وای گوت.

ئەو دووپات دەكاتەوە كە بۆ نموونە پێویستە زۆرێك لە سەرانی حەشدی شەعبی هەوڵی سەپاندنی سیستمی دامەزراوەیی بەسەر هێزە نیوچە سەربازییەكانیان و جێگیركردنیان لە دەزگەی سەربەخۆ لەناو دەوڵەت دەدەن، تەنانەت هەندێك لە سەرانی لەوانەش مالیكی داوای دامەزراندنی دامەزراوەی هاوشێوە بۆ سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق دەدەن.

بەپێی ئەو شرۆڤەكارە، لە هەموو بارەكاندا ئەو گرووپە دەیەوێ بە پاڵپشتی ئێران گرووپی سەدر بێ دەنگ بكات و ئەگەری زۆر هەیە لە رێگەی پەرلەمانتارانی ناڕازی ناو پەرلەمانی عێراق، هەوڵی كردنە ئامانجی نەیارانی بدات، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو دەنگۆیانەی كە هەیە بەوەی ئەوان ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق و نەیار بۆ مالیكی لە رێگەی لێپرسینەوەكردن لەگەڵی دەكەنە ئامانج.

مەنسوور روونی دەكاتەوە كە لە بەرامبەردا رەوتی سەدر كار بۆ نەهێشتنی وەرگرتنی پۆستی سیاسی لەلایەن مالیكی و لایەنگرانی دەكات، بەم دواییەش ئاگەدارنامەیەكی دەركرد بەوەی سەرانی حەشدی شەعبی نابێت بێنە ناو پرۆسەی سیاسی، لەوەش زیاتر داوای كرد كە سەرانی حەشدی شەعبی دەبێت خۆیان بخەنە ژێر ركێفی دەوڵەت، یان لە عێراق وەدەر دەنرێن.

ئێستە عەبادی لە نێوان ئەو دوو هێزەدا ئەملا و ئەولا دەكات و ئەوەش وای كردووە كە توانای پارێزگاریكردنی لە ئەنجوومەنی وەزیرانێكی كارا و بەهێز لەو دۆخە مەترسیدارەدا نەبێت.

مەنسوور ئاماژە دەكات كە لەژێر رووناكی ئەوەی باس كرا، چاوەڕوان ناكرێت لێكۆڵینەوە لە گەندەڵییەكانی مالیكی بۆ نموونە بكرێت، كە باسی ئەوە دەكرێت چەندان ملیار دۆلاری بردبێت نەك چەند ملیۆنێك كە لێكۆڵینەوە لەبارەوە لەگەڵ زێباری و عوبێدی لەگەڵ كرا.

بەپێی ئەو نووسەرە، هەروەها تا ئێستە سەدر لە سەرووی یاسایە، ئەو كاتەی مانگرتنێكی فرەوانی جەماوەری لە ناوچەی سەوزی بەغدا رێك خست و بەر لە لێپرسینەوە رێگریی كردن، بە دەست ماچكردن لەلایەن بەرپرسانی پاسەوان بۆ ناوچەی سەوز پێشوازی كرا.

لە قۆناغی دوای داعش، بەتایبەتی لە دوای هەڵبژاردنەكانی 2017 و 2018ی داهاتوو، ململانێكان دەبنە ململانێی سیاسیی ناوەخۆیی لە بەغدا و ئەو ناكۆكییە ناوەخۆیییەی شیعە لەسەر دەسەڵات، رۆڵ و كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لە 2018 و دواڕۆژی بنیاتنانی دەوڵەتی عێراقی، بۆیە شتێكی روونە كە عەبادی رووبەڕووی سەختی گەورە دەبێتەوە لە پاراستنی حكوومەتەكەی لە بەرامبەر ئەو هێزە (بەهێزترانە)، بۆیە پرۆسەی پێكهێنانەوەی حكوومەتەكەی بەشێكی سەرەكی دەبێت لە سەركەوتنی پێویستی سیاسییانە بۆ تەواوكردنی سەركەوتنی سەربازی بەسەر داعش.

مەنسوور دووپات دەكاتەوە بۆ مسۆگەری سەركەوتن لە جەنگی فرەوانتر بەسەر داعش، پێویستە بەغدا بەدوای پڕۆسەیەكی سیاسیدا بگەڕێ كە نوێنەرایەتی هەموو تایفە و پێكهاتەكان لەخۆ بگرێ، ئەگینا و لە حاڵەتی بەردەوامی فەشەلهێنان، ئەوە گرووپی هاوشێوەی داعش و قاعیدە لە عێراق بە بەردەوام دروست دەبن.

وشە/بابل24-راپۆرت-و: مەحموود ئیسماعیل


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل