بەغدا ڕەتی دەكاتەوە
ئەمەریكا: ده‌بێ پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌ كورستانییه‌كان

:: AM:09:38:17/03/2018 ‌
گفتوگۆ و دانوستاندنەكان لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان گەرمە و پێشنیازێكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایش لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە ڕەت كراوەتەوە، بە دامەزراندنی ژوورێكی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەشی ناوچە كێشە لەسەرەكان لە نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق و بەسەرپەرشتی ئەمەریكا، هەریەك لە عەرەب و توركمان و مەسیحییەكانی نەینەوا و كەركووكیش بەرهەڵستی پڕۆژەكەیان كردووە و كوردیش پشتیوانی بووە.

كورد ئەمە بە هەنگاوێكی باش دەزانێ، بۆ ئەوەی دوای ئەو خیانەتە گەورەیەی كە لەلایەن گرووپێكی ناو یەكێتی لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو ئەنجام درا، بگەڕێتەوە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بەرپرسێكی باڵای عێراقی لە بەغدا بە "العربی الجدید"ی ڕاگەیاند، واشنتن پێشنیازی كردووە و دەیەوێ بە هاوبەشی پێشمەرگە و هێزەكانی تری عێراق ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان بپارێزرێن و بەڕێوە ببرێن، بۆ ئەمەیش فشاری زیاتر لەسەر بەغدا دروست دەكات، بەڵام حكوومەتی عێراق تا ئێستەیش ئەو پێشنیازەی واشنتنی ڕەت كردووەتەوە.

بەرپرسانی كورد هێما بۆ ئەوە دەكەن، كە پێویستە پێشمەرگە بۆ ناوچەكانی سەڵاحەدین و دیالە و كەركووك و نەینەوا بگەڕێتەوە و ئەو ژوورە هاوبەشەی ئەمەریكا پێشنیازی كردووە دابمەزرێنرێت، بەڵام بەغدا هەموو كارێكی لەوشێوەیە ڕەت دەكاتەوە و بیانووی ئەوە دەهێنێتەوە كە هێزەكانی عێراق هێزی تەواو و پڕچەك و پۆشتەن و دەتوانن بە ئاسایی ئارامی ناوچەكە بپارێزن و پێویستیان بە هیچ هێزێكی تر نییە.

محەمەد عوسمان پەرلەمانتاری یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، پێشمەرگە شەهید و قوربانی لە پێناوی پاراستنی كەركووك و ناوچەكانی تر داوە، بۆ پاراستنی ئارامی ناوچەكە، دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی هاوبەش لە نێوان تەواوی هێزەكان كارێكی دروستە و ئارامی تەواو بۆ ناوچەكە دەگێڕێتەوە، هەر كارێكی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا لە ڕووی تەناهییەوە كاریگەری باشتر و بەهێزتری دەبێ و پیلانە مەترسیدارەكانی تیرۆریستان تێكدەشكێنێت.

لە ئەنجامی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كە گرووپێك هەرزە و كاڵفامی ناو یەكێتی لە پێناوی دزینی نەوتی كەركووك پێی هەستان و كەركووك و خورماتوو و خانەقینیان ڕادەستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كرد، ئەمەیش دۆخی ئەو ناوچانەی لە ڕووی تەناهییەوە زۆر خراپ كردووە، داعش بەردەوام جموجۆڵی هەیە و جیا لەوەیش میلیشیاكان بەردەوام خەریكی ڕەشبگیری و تاڵانی و گرتن و كوشتنی كوردن لەو ناوچانە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی خانوو و دووكانی زیاتر لە 600 هاووڵاتی كورد سووتێنرا و زیاتر لە 170 هەزار كەسیان ئاوارە بوون.


وشە - باز ئه‌حمه‌د