سەرجەم یاریزانانی ریال مەدرید لەگەڵ هاتنی نیمار نین

:: AM:10:54:17/03/2018 ‌

بەشی هەرە زۆری یاریزانانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی پاڵپشتی بیرۆكەی گرێبەستكردن لەگەڵ نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی دەكەن، بەڵام تا ئێستاش هەندێ یاریزان رازی نین بۆ وەرزی داهاتوو لەتەك ئەو ئەستێرەیە بكەن.

نیمار هاوینی رابردوو بە گرێبەستێك كە بەهاكەی 222 ملیۆن یۆرۆ بوو لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی پەیوەندی بە یانەی پاریس سان جێرمانەوە كرد و بەفەرمی بووە گرانترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا.

ئێستاش دەنگۆی ئەوە هەیە كە یانەی ریال مەدرید لە هاوینی داهاتوو بە بەهای 400 ملیۆن یۆرۆ نیمار دەهێنێتە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆوە.

رافایێل ڤارانی بەرگریگاری فڕەنسی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی بە ئاشكرا رایگەیاندووە كە ئارەزوو ناكات بۆ وەرزی داهاتوو یانەكەی گرێبەست لەگەڵ نیمار بكات.

ڤاران ئاشكراشی كرد كە هۆكاری رەتكردنەوەی هاتنی نیمار بۆ یانەی ریال مەدرید پەیوەندی بە هاوڕێ و هاونیشتمانەكەیەوە كەریم بەنزیمای هێرشبەری یانەكەوە هەیە.

ڤاران رایگەیاند: كەس ناتوانێ نكۆڵی لە ئاستبەرزی نیمار بكات و دڵنیاشم سوودێكی گەورە بە یانەی ریال مەدرید دەگەیەنێ لە داهاتوودا.

زیاتر گوتی: راستییەكەش تا ئێستا نازانم یانەكەم بۆ وەرزی داهاتوو گرێبەست لەگەڵ نیمار دەكات یان نا و ئەمە كار و پلانی دەستەی كارگێڕی و سەرۆكایەتی یانەكەوە هەیە.

لە كۆتاییدا ڤاران جەختی كردەوە كە حەز ناكات نیمار بێت بۆ یانەی ریال مەدرید، چونكە بە هاتنی ئەو ئەستێرەیە شوێنی یاریكردنی هاوڕێ و هاونیشتمانەكەی بەنزیما لەق دەبێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م