لەنجە لەگەڵ كوڕی خوشكی مێردەكەی پێوەندی دەبەستێت

:: AM:11:01:17/03/2018 ‌

ژنێكی تەمەن 32 ساڵ كە خاوەنی دوو منداڵە، پێوەندی لەگەڵ خوشكەزای هاوسەرەكەی هەیە، پلان بۆ ئەوە دادەنێت لە هاوسەرەكەی جیا بێتەوە و لەگەڵ  منداڵەكانیدا بچنە دەرەوەی وڵات و لەوێ لەگەڵ خۆشەویستەكەی بژیت، بەڵام نە هاوسەرەكەی تەڵاقی دەدات و نە تا ئێستەیش توانیویەتی كوردستان جێ بهێڵێت.

لەنجە ناوی خوازراوی ئەو ژنەیە و ماوەی دوو ساڵە پێوەندی لەگەڵ كوڕی خوشكی هاوسەرەكەیدا هەیە، ئەو خۆی پێ تاوانبار نییە و دەڵێت ماڵی باوكی بەزۆر بەشوویان داوە و دواتر حاشایان لێ كردووە، هاوسەرەكەشی داری دەستی دایكیەتی، ئەو چیرۆكی ژیانی بۆ "وشە" باس دەكات و دەڵێت یان دەبوو خۆم بكوژم یان بارزان وەك خۆشەویست و فریادڕەسی خۆم هەڵبژێرم.

هاوسەرەكەم نەخۆشیی دەروونی هەیە، ئەوكاتەی هاتووە بۆ داوام، ماڵی باوكم بەوەیان زانیوە، بەڵام لەمنیان شاردووەتەوە و بەزۆر منیان بە شوو داوە، كاتێك كەوتمە ناو بارودۆخەكەوە قبووڵم كرد و بە هەموو شێوەیەك هەوڵی خۆگونجانم دا، بەڵام تا من باشتر دەبووم مێردەكەم و دایكی خراپتر بەتایبەت ئەو كاتەی منداڵی یەكەمم كچ بوو، هەموو شتێك تێكچوو وەك بڵێی من هۆكاری هاتنە دنیای كچێكم نەك كوڕێك.

ماوەی چەند ساڵێك لەنجە لەگەڵ ماڵی خەسووی دەژیت، وەك خۆیی دەڵێت ژیانێك تاڵتر لە تاڵی كە تێدا ڕۆژی هەزاران جار خۆزگەی بە مەرگ خواستووە، ئەو ئاماژە بەوە دەكات دوای ئەوەی دووجار هەوڵی كۆتاهێنان بەژیانی داوە، ئینجا هاوسەرەكەی ماڵی بۆ جیا كردووەتەوە، ماڵجیاكردنەوەیان چەندان كێشەی بۆ دروست كردووە.

لەنجە دەبێت بە خاوەنی دوو منداڵ، یەكێك لە منداڵەكانی هاوشێوەی باوكی نەخۆشیی دەروونی هەیە، لەگەڵ چارەسەركردنی منداڵەكەیدا لەنجە دەڵێت تكای زۆری لە هاوسەرەكەی كردووە ئەویش چارەسەر وەربگرێت، بەڵام نەیكردووە و تا ئێستەیش ڕەتی دەكاتەوە كە نەخۆشیی دەروونی هەبێ.

ئەو ژنە نایشارێتەوە كە پێوەندی لەگەڵ كوڕی دشەكەیدا هەیە و دەڵێت، هاوسەرەكەم وەك نەبوو وایە، ماڵی باوكم حاشایان لێ كردووم لەگەڵ ماڵی خەسووم قەت ناتوانم ڕێك بكەوم، لەناو ئەو هەموو گێژاوەدا بارزان خۆی لێ نزیك كردمەوە و منیش كردم بەهەموو ژیانی خۆم و لە جێی هەموو كەسم دانا، ماوەی دوو ساڵ وەك ئەوە ژیام كە لە ناو فیلم و داراماكاندا دوو خۆشەویست لە خۆشیدا دەژین.

لەنجە لەگەڵ خۆشەویستەكەیدا پلان دادەنێن لە هاوسەرەكەی جیا ببێتەوە و كوڕەكەش بڕوات بۆ دەرەوەی وڵات، دواتر لەنجە لەگەڵ منداڵەكانیدا بڕۆنە لای و بەیەكەوە لەوێ بژین، بەڵام ئەوە ڕوو نادات، چونكە هاوسەرەكەی لەنجە لێی جیا نابێتەوە، بەرزانیش دەچێتە دەرەوەی وڵات لەوێ لەگەڵ كچێكی تردا هاوسەرگیری دەكات.

باس لەوەیش دەكات كە ئەوەی ڕووییداوە لە نێوان ئەو و بارزان، هۆكارەكەی هاوسەرەكەی و ماڵی باوكی بووە. ئەو ڕەتی ناكاتەوە كە ئەوە ناپاكی هاوسەرگیرییە، بەڵام دەڵێت پێویستە پیاو لەوە بترسێ كاتێك ژن داوای جیا بوونەوە دەكات و بە ژیان لەگەڵی رازی و ئاسوودە نییە، بێگومان لە كۆتادا ئەوی ڕوو دەدات یان ناپاكییە یان كۆتاهێنان بە ژیانێكی پاك و دوور لە ڕاستگۆیییە.

ئێستە لەنجە لەگەڵ هاوسەرەكەی و منداڵەكانی دەژیت، دەڵێت كۆتا بەو خەونەی نەهاتووە كە دەیەوێت بڕواتە دەرەوەی وڵات و چارەسەری نەخۆشیی كوڕەكەی لە دەرەوە بكات، ئەو دەڵێت بارزانی لە دەست چووە و دووپات لەوەش دەكاتەوە، ژیانێكی دوور و درێژ لە بەردەمیەتی بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ منداڵەكانیدا دوور لە ماڵی باوكی و خەسووی و هاوسەرەكەی بە ئارامی لەگەڵ خۆشەویستەكەیدا بژیت.

هەولێر/ئیڤان عەبدوڕەحمان.



وشە - باز ئه‌حمه‌د