ئێران خەریكی كڕینی پاڵێوراوانە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق

:: AM:11:48:17/03/2018 ‌

ئێران بە گرنگییەوە دەڕوانێتە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و دەیەوێت هەر چۆنێك بێت ئەو لایەنانە سەربخات كە خۆی پشتیوانییان لێ دەكات. ئەو هانای بۆ پێدانی پارە و كڕینی پاڵێوراوان بردووە. ئەمەریكاش لەو هەنگاوەی ئێران دەترسێت و نایەوێت ئەو عێراقەی لە پێناویدا قوربانییەكی زۆری داوە، دوو دەستە رادەستی ئێرانی بكات.

ئەمە دوای ئەوە ئاشكرا بوو كە وەزیری بەرگریی ئەمەریكا رای گەیاند، ئێران دەیەوێت سەقامگیری عێراق تێك بدات و دەستێوەردان لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا بكات. جەنەراڵ جێمس مەتیس وەزیری بەرگریی ئەمەریكا لە كاتی گەڕانەوەی بۆ ئەمەریكا دوای گەشتێك بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسی لەو مەترسییە كرد. ئەو گوتی قسەكەیان هەر لە خۆیەوە نییە، بەڵكو كۆمەڵێك بەڵگەیان لایە دەری دەخەن نەك بڕێكی كەم، بەڵكو بڕە پارەیەكی زۆر لە لایەن ئێرانەوە بۆ راكێشانی سەرنجی پاڵێوراوان خەرج دەكرێت.

پێویستە بگوترێت ئێران بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتی خۆی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوێی لە خەرجكردنی پارە نییە و لە میانەی جەنگی سووریاش ئێران سەرووی ١٦ ملیار دۆلاری بە حكوومەتی بەشار ئەسەد داوە. ئێران دەستی بەسەر بەشێكی گرنگ لە سووریادا گرتووە و بە درێژكراوەی دەسەڵاتی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژماری دەكات. بە هەزاران سەرباز و پاسداری ئێرانی هە ئێستە لە خاكی سووریان و شانبەشانی هێزەكانی بەشار ئەسەد دژی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەجەنگن.

بەگوێرەی VOA وەزیری بەرگریی ئەمەریكا باسی لەوەش كرد كە ئێران خەریكی دوژمنكاری و ناسەقامگیریی ناوچەكەیە و ئەم رۆژانە جگە لەوەی كە لە یارمەتیدانی بەشار ئەسەد و خۆشكردنی ئاگری جەنگ بەردەوامە، لە یەمەنیش خەریكی تاقیكردنەوەی چەكەكانی خۆیەتی. ئێران لە میانەی جەنگی حووسییەكان و حكوومەتی یەمەن چەندان جار  مووشەكی بالستیكی و زۆر چەكی تری تاقی كردووەتەوە. شوێنەواری هەندێك لەو چەكانە لە لایەن ئەمەریكاوە لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان خرانە ڕوو و تەنانەت داوا كرا ئەنجوومەنی ئاسایش سزای توند بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.

هەر لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە كە رژێمی بەعس رووخا، ئێران لە رێی ئەو هێز و لایەنانەی دەیان ساڵ بوو  لای خۆی داڵدەی دابوون  و فێری چالاكی سەربازی و سیاسی كردبوون، خۆی خزاندە نێو سەرجەم داودەزگا تەناهی، سەربازی و سیاسییەكانی عێراق و ساڵ بە ساڵیش هەژموونی خۆی بەرفراوانتر كرد.

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١١ ئەمەریكا بە یەكجاری هێزەكانی خۆی لە عێراق كشاندەوە، ئێران لە بەفراوانكردنی هەژموونی سیاسی و تەناهی و سەربازیی خۆی دەستی زۆر كراوەتر بوو و رۆڵی زیاتری لە سەرجەم كایەكان لە ناوخۆی عێراقدا بینی.

دوای ساڵی ٢٠١٤ كە داعش سەری هەڵدا ئەمە بیانوویەكی زۆر گرنگ بوو بۆ ئێران تا دەسەڵاتی خۆی لەو شوێنانەش بسەپێنێت كە هەمووكات ئامانج و ئارەزووی بووە. بینرا ئاكامی ئەو جەنگەش ئەوەبوو ئێران لە مووسڵ و تەلەعفەر و كەركووك و سەرجەم ناوچە كوردستانییەكان رۆڵی باڵادەستی هەبێت و تەنانەت خەونی سەربەخۆیی كوردستانیش لەبار بەرێت.

ئەوەی هەموو كات جێی پرسیار و سەرنجی چاودێرانی سیاسی تەنانەت لە ناو دەزگەكانی ئەمەریكاش بووە، ئەوەیە لەبەرچی سەرەڕای ئەوەی كە ئەمەریكا لە هەموو ئەو سیاسەتانەی ئێران ئاگادار بوو، كەچی رێی دا ئێران بەم ئاسانییە هەژموونی خۆی لە عێراق بەرفراوان بكات. كەم نەبوون ئەو جەنەراڵ و بەرپرسە باڵایانەی پێشووی ئەمەریكا كە لەوبارەیەوە رەخنەی توندیان لە ئیدارەی نوێی ئەمەریكا گرت. یەكێك لەو رەخنانە ئەوەبوو چۆن دەكرێت تانكی ئابرامزی ئەمەریكی لە دەستی چەكدارانی حەشدی شەعبیدا بێت لە كاتێكدا هەموو كەسێك دەزانێت ئەو هێزانە لە لایەن ئێرانەوە دامەزراون و پشتیوانی دەكرێن.

لەم دواییانەدا ئەمەریكا هەندێك رێوشوێنی نوێی بەرانبەر ئێران گرتووەتە بەر و یەكێك لەوانەش وەرگرتنەوەی تانكی ئابرامز لە هێزەكانی حەشدی شەعبی و دوورخستنەوەیان بوو لە بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق.

ماوەی رابردوو ئەمەریكا ددانی بە هەندێك هەڵەی خۆیدا نا و گوتی ئەگەر عێراقییەكان پێیان وابێت ئەمەریكا دوای داعش دەكشێتەوە، ئەوا لە هەڵەدان و ئەمەریكا لە عێراق دەمێنێتەوە و هەرگیز ئەو هەڵەیە دووبارە ناكەنەوە كە لە ساڵی ٢٠١١ كردیان.

هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، رێكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای لە پۆستەكەی دوور خستەوە كە تا رادەیەك بەرانبەر بە ئێران نەرم بوو و سەرۆكی دەزگەی هەواڵگریی "سی ئای ئەی" لە جێی دانا و ئەمەش بە هەنگاوێكی نوێی دۆناڵد ترەمپ لە دژی سیاسەتەكانی ئێران لە ناوچەكە هەژمار دەكرێت و دەبێت چاوەڕوانی رووداوی نوێ لە دژی ئێران بكرێت.




وشە - سلێمان تاشان