داعش لە سنووری سەعدییە دەركەوتەوە..هێرشی كردە سەر هێزەكانی عێراق

:: PM:01:34:17/03/2018 ‌

سەرەڕای ئەوەی عەبادی كۆتاهاتنی داعشی لە عێراق ڕاگەیاند، بەڵام ماوەیەكە جموجۆڵی ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە ناوچە كوردستانییەكان ڕوو لە زیادبوونە و لە شەوی ڕابردوویش تیرۆریستانی داعش لە سنووری شارەدێی سەعدیەی سەر بە شارۆكەی خانەقین دەركەوتوون و دواتر ناوچەكەیان بەرەو شوێنێكی نادیار بەجێ هێشتووە.

عەلی حەیدەر ئەفسەری هەواڵگری لە پۆلیسی دیالە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، درەنگانی شەوی ڕابردوو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەموو لە گوندەكانی سنووری شارەدێی سەعدیە بەرانبەر بە دەروازەی سەعدیە، گرووپێك چەكداری داعش بە هێزی زۆرەوە دەركەوتوون.

زیاتر گوتی، لە گوندی عەساكری سەر بە شارەدێی سەعدیە، ئەوان پەلاماری پۆلیسی فیدراڵییان داوە و زیانیان پێ گەیاندوون، دواتر ناوچەكەیان بەجێ هێشتووە، ئەوان بە ماتۆڕسكیل دێنە ناوچەكان و گورزی خۆیان دەوەشێنن و دواتر بەرەو شوێنێكی نادیار دەڕۆنەوە و ناتوانرێ شوێنپێیان هەڵبگیرێت.

ئەحمەد زڕگوشی بەڕێوەبەری شارەدێی سەعدیە بە "وشە"ی گوت، داعش سوود لە بۆشایی تەناهی وەردەگرێ، ئەو هێزانەی عێراقیش كە هاتوونەتە ئەو سنوورە، فرەجۆرن و بە ئاسانی تیرۆریستان دەتوانن كەلێنیان لێ بدۆزنەوە و گورز لە ناوچەكان بوەشێنن.

پێشتر بەشی زۆری هێزەكانی لیوای 110ی میلیشیاكانی شیعە لەو سنوورە جێگیر بوون، بەڵام ماوەیەكە جیا لە میلیشیاكان هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵیش هاتوونەتە ناوچەكە.

پاش خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كە گرووپێك هەرزە و كاڵفامی ناو یەكێتی ئەنجامیان دا، ڕەوشی تەناهیی ناوچە كوردستانییەكان بە تەواوی ڕووی لە خراپی كردووە و تاوان و كوشتن و بڕی و دزی و تاڵانی بە تەواوی پەرەی سەندووە، جیا لەوەیش خانوو و دووكانی سەدان هاووڵاتیی كورد لە خورماتوو سووتێنراون و ڕۆژ دوای ڕۆژیش پێشێلكاری لە ناوچەكە ڕووی لە زیادبوونە.

گەرمیان/سەبری هۆرینی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د