پۆلیسی هەولێر پلانی تەناهی رادەگەیەنێت

:: PM:02:55:17/03/2018 ‌

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە هاوكاریی هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ و سەرجەم هێزە تەناهییەكانی تر، پلانێكی تەناهی بۆ رۆژانی جەژنی نەورۆز دادەڕێژێت.

ئەمڕۆ شەموو 17ـی ئادار، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بە هاوكاری و هاوئاهەنگیی ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ و نەهێشتنی تاوان و پۆلیسی بەرگریی شارستانی و تێكڕای هێزە تەناهییەكانی تر، پلانێكی تەناهیی تۆكمەی داڕشتووە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر دەڵێت، لە پلانە تەناهییەكەدا تیمەكانمان لە ناوشاردا لە ئامادەباشیی تەواودا دەبن و رێگری لە هەر حاڵەتێكی نایاسایی و نائاسایی دەكەن.

تەڵعەت ئاشكرای كرد مەفرەزەی گەڕۆك لە ناو كۆڵان و گەڕەكەكاندا بە بەردەوامی دەگەڕێن، هێزە هاوبەشەكەیان لە سەیرانگەكانیشدا رێوشوێنی پێویستی تەناهی دەگرنە بەر، هەروەها پلانەكە لە 11ی ئەم مانگەوە دەستی پێ كردووە و تا دوای نەورۆزیش بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پێشبینی دەكرێت گەشتیارێكی زۆر لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە سەردانی هەولێر و دەوروبەری بكەن و بۆ ئەو مەبەستەیش هاوئاهەنگییەكی تەواو لەگەڵ قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێردا كراوە تا ئاسانكاری بۆ گەشتیاران بكرێت.

شاری هەولێر ساڵانە لەكاتی بۆنە و جەژنەكان، ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیار ڕووی تێدەكەن و بۆ ئەم جەژنی نەورۆزەش پێشبینی ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیار دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد