جینا هەسپێل یەكەم ژن لە سەرۆكایەتیكردنی CIA ئەمەریكا

:: PM:02:59:17/03/2018 ‌

جینا هەسپێل، یەكێكە لە گرنگترین ئەفسەرە هەواڵگرییەكانی دەزگەی هەواڵگریی ئەمەریكا كە دۆناڵد ترەمپ لە دوای سەركەوتنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری بە جێگری سەرۆكی دەزگەی هەواڵگریی دەستنیشان كرد. هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوەی ریكس تیلرسنی لە پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دوور خستەوە، مایك پۆمپیو سەرۆكی "سیا"ی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەستنیشان كرد و جینا هەسپێلیشی بۆ سەرۆكی دەزگەی سی ئای ئەی دەستنیشان كرد كە بە یەكەم ژن هەژمار دەكرێت لە مێژووی ئەمەریكا بەم پۆستە بگات.

جینا ئەزموونێكی زۆری لە هەواڵگریدا هەیە و سەرووی 30 ساڵە لەو دەزگەیەدا كار دەكات. میدیاكانی ئەمەریكا بە شێوەی جیاواز باس لە كەسایەتی ئەو ژنە دەكەن و دەڵێن بە یەكێك لە سەرسەخترین لایەنگرانی ئەشكەنجە لە لێكۆڵینەوە هەواڵگرییەكان هەژمار دەكرێت، دەگوترێت ئەو لە تایلاند گرتووخانەیەكی نهێنیی بۆ ئەو مەبەستە دروست كردووە.

هەڵبەت ئەو زانیارییە هی ساڵی 2002ە كە لە میدیاكان ئاشكرا بوو و گوترا دوای هێرشەكانی 11ی ئەیلوول، ئەمەریكا ئەم گرتووخانەیەی بە نهێنیی لە تایلاند دامەزراندووە بۆ ئەوەی تۆمەتبارانی تیرۆر كە پێوەندییان بە قاعیدەوە هەیە لەوێدا ئەشكەنجە بدات.

ئەو گرتووخانانە كە لە ئەمەریكا بە "كونە رەشەكان" ناویان دەركردبوو، لە لایەن ناوەندەكانی مافی مرۆڤ رەخنەیەكی زۆریان لێ گیرا، بۆیە لە كاتی دەسەڵاتی باراك ئۆباما هەڵوەشێنرانەوە.

دوای ئەوەی جینا هەسپێل بۆ پۆستی سەرۆكی دەزگەی سیا پاڵێورا، زۆر لە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە ئەمەریكا نیگەرانیی خۆیان لەو بڕیارە دەربڕی. جگە لەو رێكخراوانە زۆر لە كۆنگرێسمانەكانیش هەواڵەكەیان بە لاوە سەیر بوو.

بەڵام جینا بە بڵاوكردنەوەی راگەیەنراوێك گوتی، "زۆر سوپاسی سەرۆك ترەمپ دەكەم كە ئەو دەرفەتەی بە من دا و متمانەی بەمن كردووە بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆكایەتیی دەزگەی سی ئای ئەی بەڕێوە ببەم، ئەگەر داواكارییەكە پەسند بكرێت، ئەوا هەموو هەوڵەكانی خۆم بەگەڕ دەخەم تا بتوانم لە ئاستی ئەو لێپرسراویەتییەدا بم و چاوەڕوانییەكانی ترەمپ بەدی بهێنم."

بەگوێرەی "بی بی سی" یەكێك لەو جۆرە ئەشكەنجانەی جینا پاڵپشتی لێ كردووە، ددانپێدانانی تۆمەتبارانە لە رێی خنكاندن بە ئاو. لەم جۆرە ئەشكەنجەیە پارچە قوماشێك خراوەتە سەری تۆمەتبار و دواتر ئاوی بەسەردا كراوە تا هەستی بە خنكاندن كردووە. ترەمپ لە رابردوودا خۆی پشتیوانی لەو جۆرە ئەشكەنجەیە كردووە و پێی باش بووە دووبارە سوودیان لێ وەربگیرێت، بەڵام ئەوكات جێمس ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمەریكا دژایەتی خۆی بۆ ئەو شێوازە دەربڕیبوو.

ئەزموونی جینا ئەوە پێشان دەدات كە ئەو لە هەواڵگری و تەنانەت كاری سیخوڕیكردن لە ئاستی نێودەوڵەتیدا شارەزایەكی زۆری هەیە و بە دەیان جار سەرۆكایەتی هەندێك پڕۆژەی نێودەوڵەتی بۆ دەزگەی هەواڵگری ئەمەریكا كردووە.

ئەو هەروەها لە نووسینگەی ناوەندیی رێكخراوی سی ئای ئەی لە واشنتن لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی جێگری سەرۆكی دەزگەكە، سەرپەرشتی كاروباری نهێنیی نیشتمانیی كردووە.

جینا هەسپێل كاتی خۆی خەڵاتێكی گرنگی لە جۆرج دەبلیو بوش سەرۆكی پێشتری ئەمەریكا وەرگرتووە. خەڵاتەكە بەهۆی ئەو چالاكییانە بە جینا بەخشرا كە لە بواری دژایەتیكردن و بنبڕكردنی تیرۆردا ئەنجامی دابوون.. خەڵاتەكە بە بەرزترین خەڵاتی كۆشكی سپی هەژمار دەكرێت كە بە فەرمانبەرانی حكوومەت دەدرێت.

لە 2005ەوە پۆستی سەرۆكی دەزگەی هەواڵگریی ئەمەریكا هەشت جار ئاڵوگۆڕ كراوە. پۆرتێر گۆس دوای ئەوەی لە ساڵی 2005 پۆستی سەرۆكایەتیی دەزگەكەی لە لایەن جۆرج دەبلیو بوش پێ سپێردرا، ساڵی 2006 كەسێكی تری بۆ پۆستەكە دەستنیشان كرد بەناوی میشێل هێدن. ساڵی 2009 دوای بە دەسەڵات گەیشتنی باراك ئۆباما، لیۆن پانێتا بوو بە سەرۆكی دەزگەی سی ئای ئەی و تا ساڵی 2011 لەو پۆستەدا مایەوە و دواتر پۆستەكە بە میشێل مۆرێڵ درا. ساڵی 2011 دێڤد پێتریۆس ئەو پۆستەی وەرگرت و لە ساڵی 2012 میشێڵ مۆرێڵ دووبارە پۆستی سەرۆكی دەزگەی هەواڵگری وەرگرتەوە.

ساڵی2013 تا ساڵی 2017 جۆن برێنان بەرپرسیارێتی دەزگەكەی لە ئەستۆ بوو، بەڵام كاتێك دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2017دا سەركەوت، مایك پۆمپیۆی بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان كرد و هەفتەی رابردووش دوای ئەوەی ئەركی وەزارەتی دەرەوەی بە پۆمپیۆ سپارد، بۆ یەكەم جار ژنێكی بۆ ئەو پۆستە پێشنیار كردووە بە ناوی جینا هەسپێل كە دەبێت رەزامەندی كۆنگرێسیش وەربگرێت تا بە فەرمی وەك سەرۆكی دەزگەی هەواڵگری ئەمەریكا دەست بە كارەكانی بكات.




وشە - سلێمان تاشان