لە شارەدێیەكی سنووری پشدەر، هاووڵاتییەك بەهۆی هەورە برووسكە گیانی لە دەست دەدات و پۆلیسیش دەڵێت پەراوی لێكۆڵینەوە كراوەتەوە و كەسەكە جووتیار بووە و خەریكی كێڵانی زەوی بووە.
ئەمڕۆ شەموو 17ـی ئادار، ڕائید شۆڕش ئیسماعیل بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی ڕاپەڕین بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەعات 12:30 لە گوندی شێنێ سەر بە شارەدێی هەڵشۆ، هاووڵاتییەك بەناوی (ر . ب . ق) لەدایكبووی ساڵی 1968 پیشەی كاسب بەهۆی هەورە برووسكە گیانی لەدەستدا.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی ڕاپەڕین دەڵێت، ڕووداوەكە لەكاتێكدا بووە ئەو هاووڵاتییە سەرقاڵی كێڵانی زەوی بووە و دواتر هەورە برووسكە لێی داوە، بەو هۆیەشەوە گیانی لەدەستداوە، پاش توێكاری بۆ تەرمەكەی ڕادەستی كەسوكاری كرایەوە.
ئەو ئەفسەرەی پۆلیس دەڵێت، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.
لێدانی هەورە برووسكە ساڵانە لە هەرێمی كوردستان دووبارە دەبێـتەوە، ساڵی پاریش بەهۆی لێدانی هەورە برووسكە لە دەشتی هەولێر، شوانێك گیانی لە دەستدا ئەمەش كردارێكی فیزیاییە كە جەمسەری موجەب و سالب بەیەك دەگەن، ئێستە لە بەشێكی زۆری شارەكان تاوەری تایبەت بە هەورە برووسكە هەیە بۆ خاوكردنەوەی.