بەمەبەستی فراوانكردنی ئاستی پێوەندییەكانی كۆمپانیا گەشتیارییەكان و هێنانی گەشتیاری وڵاتانی بیانی، شاندێكی هەرێمی كوردستان بەشداری لە سێیەمین دیداری گەشتیاری عێراقدا كرد.
ئەمڕۆ شەموو 17ـی ئادار، عەبدوڵا عەبدولكەریم بەشداربووی كۆبوونەوەكە و خاوەنی كۆمپانیایەكی گەشتیاری بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە سێیەمین دیداری گەشتیاری عێراقی لەشاری بەغدا، شاندێكی كۆمپانیا گەشتیارییەكان و شاندێكی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتبوون لە نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و نەورۆز مەولوود وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارلەگەڵ نوێنەرانی چەند وڵاتێك كۆبوونەوە.
زیاتر گوتی، كۆبوونەوەیەكی فراوان لە نێوان شاندی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی گەشتوگوزاری عێراق و كۆمپانیا گەشتیارییەكان و باڵوێزانی هەریەك لە ژاپۆن و مۆریتانیا و توركیاو سریلانكاو میسرو توونس و چەند وڵاتێكی تر بەڕێوەچوو.
لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە عەبدوڵا ئاشكرای كرد، تیایدا هاوئاهەنگی و پێكەوە كاركردن و تەنسیقی پتەوی هەمەلایەنەی نێوان وڵاتان و هەرێمی كوردستان تیشكی خرایەسەر و بەڵێنی هێنانی چەندان گرووپی گەشتیاری وڵاتانی دەرەوەی عێراق درا لەو كۆبوونەوەیە.
ساڵانە هەرێمی كوردستان بەمەبەستی برەودان بە كەرتی گەشتیاری، بەشداریی دیداری گەشتیاری عێراق دەكات و چەندان كۆمپانیا و گرووپی گەشتیاری دێنە هەرێمی كوردستان.