وەزارەتی ئەوقاف: نوێنەرایەتی كوردانی جوو دانەخراوە

:: PM:05:10:17/03/2018 ‌


لە كاتێكدا دەنگۆی داخرانی نوێنەرایەتیی كوردانی جوو لە وەزارەتی ئەوقاف بڵاو دەكرێتەوە لەسەر داوای حەیدەر عەبادی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری وەزارەتەكە رەتی دەكاتەوە و دەڵێ تەنیا نوێنەرەكە لادراوە و هێشتە كەسێكی تر وەك نوێنەر دەستنیشان نەكراوە.

شێرزاد عومەر مامەسێنی، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە كە بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق نوێنەرایەتیی كوردانی جوو لە وەزارەتی ئەوقاف داخراوە.

شێرزاد دەڵێ "بە قسەی وەزارەتی ئەوقاف بێت، نوێنەرایەتیی كوردانی جوو بە فرمانی عەبادی داخراوە، واتە لە كۆبوونەوەكان ئێمەش بەشێك بووینە لە مەرجەكان بۆ رازیكردنی دڵی حكوومەتی عێراق".

شێرزاد داوای روونكردنەوە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و هەر خۆیشی دەنووسێ ئەو زانیارییانە دوورن لە راستییەوە.

نەبەز ئیسماعیل بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشبیری لە وەزارەتی ئەوقاف لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" رەتی كردەوە نوێنەرایەتی كاروباری ئاینی جوو لە كوردستان داخرا بێت.

ئەو گوتی، "ئەوەی هەیە شێرزاد عومەر مامەسێنی لە پۆستەكەی دوور خراوەتەوە كە پێشتر نوێنەری كاروباری كوردانی جوو بووە لە وەزارەتی ئەوقاف". زیاتر گوتی "هێشتە كەس لە جێگەی دەستنیشان نەكراوە".

نوێنەرایەتیی ئاینەكان لە كوردستان بە پێی یاسای ژمارەی پێنجی ساڵی 2015 كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە، رێكخراوە، كوردانی جووی هەرێمی كوردستانیش بەپێی یاسایەكە یەكێكن لەو حەوت ئاینەی وەزارەتی ئەوقاف رەزامەندی كردنەوەی نوێنەرایەتی پێداون.



وشە - فه‌رمان سادق