پیاوێك ژن و منداڵێكی دەكوژێت

:: PM:06:00:17/03/2018 ‌

بەرپرسی ڕاگەیاندنی پۆلیسی دهۆك رای گەیاند كە هاووڵاتییەك خێزانەكەی و كوڕێكی خۆی كوشت و كوڕێكی تریشی بەسەختی بریندار كردووە.

ئەمڕۆ شەموو 17ـی ئادار، هێمن سلێمان بەرپرسی ڕاگەیاندنی پۆلیسی دهۆك لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، ئەمڕۆ شەموو لە گوندێكی سەر بە شارۆكەی بەردەڕەش، هاووڵاتییەكی تەمەن 50 ساڵ خێزانەكەی و كوڕێكی خۆی كە تەمەنی 13 ساڵە دەكوژێت و كوڕێكی تریشی كە تەمەنی 11 ساڵە بە سەختی بریندار دەكات.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی پۆلیسی دهۆك دەڵێت، بەپێی لێكوڵینەوە سەرەتاییەكان كەسەكە كێشەی دەروونی هەیە تا ئێستەیش نەگیراوە.

لە ڕووداوێكی تردا لە دەڤەری پشدەر كەسێك لەناو بازاڕ كوژرا و كەسێكی تریش بریندار بوو، شۆڕش ئسیماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە"وشە"ـی راگەیاند، لەناو بازاڕی شارەدێی حاجیاوا لەناو ئۆتۆمبێلێك تەقە لە دوو كەس دەكرێت و لە ئەنجامدا كەسێك كوژرا و كەسێكی تریش بریندار بوو.

 گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین دەڵێت، دوای ڕووداوەكە تەرمی كوژراوەكە ڕەوانەی پزیشكی دادوەری ڕانیە كراو لێكۆڵینەوەیش دەستی پێ كردووە، هەروەها هەوڵەكانیش بۆ گرتنی بكوژەكە خراونەتە گەڕ.

دیاردەی كوشتن بەهۆی كێشەی دارایی و زۆربوونی چەك لە ماڵەكان لە ماوەی ئەمساڵدا زۆربووە لە هەرێمی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد