لەبارەی ئۆپراسیۆنی دژ پەكەكە عێراق وەڵامی توركیا دەداتەوە

:: PM:06:08:17/03/2018 ‌


حكوومەتی عێراق رەزامەندی پێشان دا كە هاوكاری ئۆپراسیۆنی سەربازیی توركیا دژ بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بكات لەو شوێنانەی بارەگەیان لە هەرێمی كوردستان هەیە.

سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، حكوومەتی عێراق رەزامەندیی پێشان داوە كە سوپای توركیا لەناو خاكی عێراق ئۆپراسیۆنی سەربازی دژ بە گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئەنجام بدات و ئامادەیی هەموو هاوكارییەكیشی دەربڕیوە.

رۆژی پێنجشەمی رابردوو 15ی ئەم مانگە جبووری بە سەردانێك گەیشتە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا بۆ تاوتوێكردنی پرسە هاوبەشەكانی نێوان عێراق و توركیا. نووسینگەی رۆژنامەوانی جبووری بڵاوی كردەوە، ئامانجی سەردانەكە تاوتوێكردنی پێوەندییەكانی دووقۆڵی هەردوو وڵاتە بە تایبەت پرسە گرنگ و هاوبەشەكان.

 عەبدولمەلیك حوسێنی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی جبووری دەڵێ، ئامانج لە سەردانەكە پتەوكردنی پێوەندییە ئابوورییەكانە كە ئێستە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە 10 ملیار دۆلاری ساڵانە، هەروەها پرسی تەناهی تەوەرێكی تری گفتوگۆكانی جبووری بووە لەگەڵ بەرپرسانی ئەنكەرە.

حوسێنی لە لێدوانێكی بۆ "شەفەق نیوز" هەڵوێستی پەرلەمانی عێراقی دووپات كردەوە كە نابێت هیچ هێزێك لەسەر خاكی عێراق بێت كە زیان و هەڕەشە بە ئاسایشی وڵاتانی ناوچەكە بگەیەنێت، بە تایبەت بوونی پەكەكە. گوتی "عێراق ئامادەی هاوئاهەنگییە لەگەڵ توركیا بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئەو حاڵەتە".
 
رەزامەندی پێشاندانی حكوومەتی عێراق بۆ ئۆپراسیۆنی سەربازیی توركیا دژ بە پەكەكە لەناو خاكی عێراق، لە كاتێكدایە پێشتر توركیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی گەورەی دژ بە پەكەكە راگەیاندبوو.

بەكر بوزداغ، گوتەبێژی حكوومەتی توركیا لە بارەی گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا تایبەت بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكە ئاماژەی بەوە دا، هەڵوێستی بەغدا ئەرێنی بووە و لێكتێگەیشتنی هاوبەش هەیە.

لە بارەی رۆژی دەستپێكی ئۆپراسیۆنەكەیش، بوزداغ رەتی كردەوە رۆژەكەی ئاشكرا بكات و گوتی، "ئەو كاتەی فڕۆكەكانمان لەسەر ناوچەكە بینی هەمووتان دەیبینن".
 



وشە - فه‌رمان سادق