دۆسیەیەكی تری گەندەڵی وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشكرا دەكرێت
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاشكرای دەكات ئەو كێڵگەی كە چای تێدا دەچێنرێت لە وڵاتی ڤێتنام و موڵكی حكوومەتی عێراقە، بەرهەمەكەی دەفرۆشرێتەوە كۆمپانیا جیهانییەكان و لە جێگەی ئەودا وەزارەتی بارزگانی چای خراپ هاوردەی عێراق دەكات.
عالیە نسەیف، ئەمڕۆ شەموو لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، ئەو كێڵگەی چاندنی چا لە وڵاتی ڤێتنام كە هی عێراقە و وەزارەتی بازرگانی سەرپەرشتنی چاندن و هێنانەوەی بەرهەمەكەی بۆ عێراق دەكات تا لە رێگەی بریكارەكانی دابەشكردنی خۆراك دابەشی سەر هاووڵاتییان بكرێت وەك پشكی مانگانەیان، فێڵی تێدا دەكرێت.
نسەیف ئەوەیش دەخاتە ڕوون ئەو كێڵگەیە پێش سێ ساڵ یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی چاودێری، كە ئەو كات بەرپرسی پاشكۆی بازرگانی باڵۆێزخانەی عێراق بووە لە ڤێتنام، سەرپەرشتیی كێڵگەكەی كردووە و هاوبەشی هەندێك لە بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی بووە.
لە بەیاننامەكەدا كە كۆپییەكی دەست "وشە" كەوتووە، نسەیف روونی دەكاتەوە تەنانەت كارگەیەكی لە قوتوونان بە تەنیشت كێڵگەكە هەیە كە كاری لە كیسكردن و لە قوتوونانی چایە، ئەمەیش داهاتێكی زۆری بۆ گەندەڵكاران هەبووە. زیاتر گوتی "لەو كارگەیە بەرهەمی كێڵگەكە لە كیس نەكراوە بەڵكو چای تر لە بازاڕ كڕدراوە كە جۆری هەرە خراپەكەی بووە و رەوانەی عێراق كراوە، بەرهەمی كێڵگەكەیش فرۆشراوە بە كۆمپانیای تر لە وڵاتان كە ئەو كۆمپانیایانەیش هی بەرپرسانی تری وەزارەتی بازرگانی بوونە".
ئاشكراكردنی دۆسیەیەكی تری گەندەڵی وەزارەتی بازرگانی لە كاتێكدایە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەفتەی رابردوو لە دیمانەیەكدا لەگەڵ گۆڤارێكی ئەمەریكی دانی بەوەدا نا بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق ئاسان نییە بەوەی زۆرینەی بەرپرسەكان سەرمایەكانیان بۆ دەرەوەی وڵات بردووە.
ئەو پەرلەمانتارە رەخنەی توند لە داودەزگا چاودێرییەكانی عێراق دەگرێت و دەڵێ دەستەوئەژنۆ بن بەرانبەر بەو هەموو گەندەڵییەی لە وەزارەتی بازرگانی ئەنجام دەدرێت كە بووەتە وەزارەتێكی قازانج ویست بۆ هەندێك كەسی گەندەڵ، گوتی "ئەو وەزارەتە هیچ پێوەندی بە خەڵكی عێراقەوە نییە و تەنیا لە هێنانی كەلوپەلی خۆراكی خراپ كە خەڵك بەهۆیەوە دووچاری شێرپەنجە دەبن". زیاتر گوتی "گرنگە دەستبەجێ دۆسیەی لێكۆڵینەوە لە ئیدارەدانی ئەو كێڵگەیەی حكوومەتی عێراق لە ڤێتنام بكرێتەوە و ئەنجامەكەیشی بۆ رای گشتی رابگەیەنرێت".
وشە -
فهرمان سادق