كێشەكەی حاجیاوە پەرە دەستێنێت و كوژراوی زیاتر هەیە

:: PM:07:06:17/03/2018 ‌

بەرپرسێكی پۆلیس ئاشكرای دەكات دوای كوژرانی كەسێك لەناو بازاڕێكی شارۆكەی حاجیاوە، كێشەكە پەرە دەستێنێت و لە گوندێكی چوارقوڕنە دوو كەسی تر دەكوژرێن و برینداریش هەیە.

ئەمڕۆ شەموو 17ـی ئادار، ڕائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین بە"وشە"ـی راگەیاند، دوای كوشتنی كەسێك بە دەستڕێژی گوللە لەناو بازاڕی حاجیاوا، كێشەكە پەرەی سەند بۆ  گوندی كڵاوسووری سەر بە شارۆكەی چوارقورنە لەوێ شەڕە تەقە لەنێوان كەسوكاری بكوژ و كوژراوەكە دروست بوو، بەهۆیەوە دوو كەسی تر كوژران.

گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، بكوژەكەی شارۆكەی حاجیاوە هەڵاتووە و هێزەكانی پۆلیس سەرقاڵی گەڕانن بەدوایدا و بۆ كۆنترۆڵكردنی شەڕەكەی گوندی كڵاوسوور خراونەتە ئامادەباشی.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە ڕووداوێكی لە دەڤەری پشدەر كەسێك لەناو بازاڕ كوژرا و كەسێكی تریش بریندار بوو، شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە"وشە"ـی راگەیاندبوو، لەناو بازاڕی شارەدێی حاجیاوا لەناو ئۆتۆمبێلێك تەقە لە دوو كەس دەكرێت و لە ئەنجامدا كەسێك كوژرا و كەسێكی تریش بریندار بوو.

 گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین دەڵێت، دوای ڕووداوەكە تەرمی كوژراوەكە ڕەوانەی پزیشكی دادوەری ڕانیە كراو لێكۆڵینەوەیش دەستی پێ كردووە، هەروەها هەوڵەكانیش بۆ گرتنی بكوژەكە خراونەتە گەڕ.

دیاردەی كوشتن بەهۆی كێشەی دارایی و زۆربوونی چەك لە ماڵەكان لە ماوەی ئەمساڵدا زۆربووە لە هەرێمی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد