رووسیا: ئەمەریكا گورزێك لە سووریا دەوەشێنێت

:: PM:08:11:17/03/2018 ‌

سەرۆكی ژووری ئۆپراسیۆنەكان لە دەستەی ئەركانی گشتیی هێزە چەكدارەكانی رووسیا رای گەیاند كە ئەمەریكا خۆی بۆ وەشاندنی گورزێك لەدژی ژمارەیەك ئامانجی حكوومەتی سووریا بەبەكارهێنانی مووشەكی باڵدار ئامادە دەكات.

سێرگی رۆسكۆی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بارەگەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە مۆسكۆ رای گەیاند، چەند ئاماژەیەك هەن بەوەی ئەمەریكا خۆی بۆ وەشاندنی گورزێكی چاوەڕوانكراو بە مووشەكی باڵدار لە كەشتیگەلەكانی لە رۆژهەلاتی دەریای سپی و كەنداوی عەرەبی و دەریای سوورەوە، ئامادە دەكات.

زیاتر گوتی، واشنتن مەشقی بە ژمارەیەك چەكدار كردووە لە سووریا بۆ ئەنجامدانی كاری دەمارگرتن بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و ئاماژەی كرد، چەكداران لەو هەوڵانەیان نەوەستاون و تا ئێستە ئەوان لە باشووری سووریا هەن و بەناوی یارمەتی مرۆییەوە چەكی كیمیاییان پێ گەیشتووە.  

پێشتر ڤالێری گیراسیمۆڤ، سەرۆكی دەستەی ئەركانی گشتیی رووسیا ئەمەریكای وریا كردەوە لە وەشاندنی گورزی سەربازی بۆ ئامانجەكانی حكوومەتی سووریا و رای گەیاند كەو وەڵامی توندیان دەبێت و ئەگەر ئەمەریكا هەڕەشە لە سوپای رووسیا لە سووریا بكات ئەوە نەوەك تێكشكاندنی مووشەكەكانی، بەڵكو فڕۆكەبەر و مووشەكهەڵگرەكانی ئەمەریكا لە دەریا و فڕۆكە جەنگییەكانیشی دەكەنە ئامانج.

ئەو لێدوانانەی گیراسیمۆڤ لە وەڵامی نیلی هالی، باڵوێزی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان هات بەوەی واشنتن ئامادەیی بۆ وەرگرتنی رێوشوێنی نوێ لە سووریا دەكات.

لە نیسانی پارساڵ ئەمەریكا لە دەریاوە دەیان مووشەكی گرتە بنكەی سەربازی شوعێراتی سووریا لە ناوەڕاستی ئەو وڵاتە، بەهۆی تۆمەتباركردنی بە بۆمبارانكردنی ناوچە خان شیخوون بە چەكی كیمیایی كە ئەو كات 89 كەس گیانیان لەدەست دا.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل