یاسای حەشدی شەعبی ناكۆكی دەخاتە نێوان سونە و شیعە

:: PM:07:07:24/11/2016 ‌

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە دانیشتنی شەمووی پەرلەمان دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2017 و پێشنیازی یاسای حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێت، پەرلەمانتارێكی كوردیش ئامادەبوونی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان رەت دەكاتەوە.

بەپێی سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق كارنامەی دانیشتنی شەمووی پەرلەمان دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2017ی عێراق و پێشنیازی یاسای حەشدی شەعبی و پڕۆژەیاسای هەڵگرتنی چەك و دەنگدانی سەرەتایی پڕۆژەیاسای هەموواركردنی لێبوردنی گشتی ژمارە 27 لە 2016 و خستنەڕووی و گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای دەستەی عێراقی بۆ دڵنیایی و پڕۆژەیاسای رێكخستنی بریكارنامەی بازرگانی.

ئەمڕۆ پێنجشەم شێخ هەمام حەموودی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە دانیشتنی شەمووی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەنگدان لەسەر هەردوو پڕۆژەیاسای بودجە و حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێت.

عەبدولواحید سەعداوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە) ئەمڕۆ رای گەیاند كە هاوپەیمانیەتییەكەی رازی بووە بەوەی رێژەی سونە لەناو ریزەكانی حەشدی شەعبی 30% بێت و ئاماژەی كرد كە هەندێك لایەنی ناو یەكێتی هێزە نیشتیمانییەكانی سونە دەیانەوێ ناوەڕۆكی یاساكە بەتاڵ بكەنەوە.

دووپاتی كردەوە كە خواستێكی بەهێز لەناو هاوپەیمانی نیشتیمانی هەیە بە تێپەڕاندنی یاساكە رۆژی شەموو لە پەرلەمان، بەشێوەیەك ئەو هێزە بكرێتە دەزگەیەكی تەناهی سەر بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان.

سەعداوی دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە هەڵوێستی كورد و سونە لەبارەی یاساكە روون نییە، بەڵام ژمارەیەك لە سەرانی سونە دەیانەوێ ناوەڕۆكی یاساكە بەتاڵ بكەنەوە بەوەی داوا دەكەن كە 40%ی حەشد بۆ پێكهاتەی سونە بێت و ناوی یاساكەش تەنیا یاسای حەشد بێت و هێزەكانیش پێوەست بن بە ناوچەكانەوە نەوەك لەسەر ئاستی عێراق بەهاوشێوەی پاسەوانی نیشتیمانی كە پێشتر داوایان دەكرد و هێزەكەش سەر بە وەزارەتە ئەمنییەكانەوە بێت نەوك دەزگەیەكی سەربەخۆ و ئەو داوایانەش رەت كراوەن.

ئەو پەرلەمانتارە شیعە دووپاتی كردەوە كە هاوپەیمانی نیشتیمانی تەنیا رازی بووە كە رێژەی سونە لەو هێزانە 30% بێت و رێژەكەی تریش بۆ پێكهاتەكانی تر بێت. 

عەلی عەلاق پەرلەمانتاری شیعە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لای خۆیەوە داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەكان كرد لەوانەی تێبینیان لەبارەی یاسای پێشنیاركراوی حەشدی شەعبی كرد كە لەناو پەرلەمان بیخەنە روو و ئاماژەی كرد كە شەمووی داهاتوو كۆبوونەوەیەكی فرەوان بۆ بارستە سیاسییەكان رێك دەخرێت بۆ دانانی دوا داڕشتنی بەر لە خستنەڕووی بۆ دەنگدانەوە.

دوێنێ رەعد دەهلەكی پەرلەمانتاری سونە رای گەیاند كە هەڵوێستی ئەوان لە بەرامبەر پێشنیازی یاسای حەشدی شەعبی روونە و ئەگەر هاوپەیمانی نیشتیمانیش بیەوێ تێپەڕی بكات لە پەرلەمان بەو شێوەی ئێستەی ئەوە دەبێتە گورزێكی گەورە بۆ پرۆسەی ئاشتەوایی نیشتیمانی و هەموو بژارەكانیش لەبەردەمی ئەوان كراوە دەمێننەوە.  

ساجیدە ئەفەندی پەرلەمانتاری سونە لای خۆیەوە رای گەیاند كە هاوپەیمانیەتەكەی لەدژی پێشنیاری یاساكە نییە، بەڵام ئەوان داوا دەكەن كە رێژەی بەشداریكردنی حەشدی هۆزەكان لە چوارچێوەی یاساكە زیاد بكرێت وەك مەرجێك بۆ رازیبوون بە تێپەڕاندنی یاساكە، كە ئەوەیان یەكێكە لە خاڵە ناكۆكەكان لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتیمانی لەبارەی یاساكەوە.

لای خۆیەوە سەرحان سلیڤانەیی پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا بۆ "وشە" رای گەیاند كە لەبارەی دەنگۆی خستنەڕووی پڕۆژەیاسای بودجەی 2017ی عێراق بۆ دەنگدان رۆژی شەموو هیچ بنەمایەكی بۆ نییە.

زیاتر گوتی، چونكە لە كۆی 48 مادەی پڕۆژەكە وەك لیژنەی دارایی تەنیا 23 مادەمان تاوتوێ كردووە و 25 مادەشمان ماوە تاوتوێی بكەین و پڕۆژەكە ئامادە بێت بۆ خوێندنەوە و دەنگدان لەبارەوەی، بۆیە ئەگەر هەیە سێشەم یان چوارشەمی هەفتەی داهاتوو ئەو كارە بەكۆتا بێت و پێنجشەم بخرێتە ناو كارنامەی دانیشتنەكانی پەرلەمان و و بخرێتە دەنگدانەوە.

لەبارەی پێشنیازی یاسای حەشدی شەعبی كە بڕیارە شەموو بخرێتە دەنگدانەوە، سیلیڤانەیی دووپاتی كردەوە كە ئەوەشیان دیار نییە كە دەخرێتە دەنگدانەوە، چونكە گفتوگۆی لەبارەی ماوە و وەك پەرلەمانتارانی كورد تا ئێستە بۆچوون و هەڵوێستی دیارمان باەریەوە نەداوە، بۆیە پێویستە وەك كورد تاوتوێی یاساكە بكەین ئەو كات بۆچوونی خۆمان دەخەینە روو.   


دوێنێ ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە تا ئێستە لیژنەكەیان لە تاوتوێكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2017ی عێراق بەردەوامە و چاوەڕوان دەكرێت كە بۆ هەفتەی داهاتوو ئامادە بێت و بخرێتە دەنگدانەوە و ئەگەر نەتوانرا بەمنێزیكانە پڕۆژەكە یەكلا بكەنەوە ئەوە وتوێژەكانی بۆ مانكی كانوونی یەكەمی داهاتوو بەردەوام دەبێت تا ئامادەكردنی پڕۆژەكە و تێپەڕاندنی.

قەبارەی بودجەی 2017ی عێراق زیاتر لە 100 ترلیۆن دینارە و بە رێژەی كورتهێنانی 21% كە دەكاتە زیاتر لە 21 ترلیۆن دینار و لەو ژمارەش پشكی هەرێمی كوردستان 17% دیاری كراوە و بەهەمان شێوازی بودجەی ساڵانی پێشوو.

سەرچاوە: عەین ئەلعێراق، سۆمەرییە نیوز



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل