بە بۆنەی نەورۆزەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان باج لە گەشتیاران وەرناگرێت
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە بۆنەی جەژنی نەورۆز باجی هاتن بۆ ناو كوردستان لە گەشتیاران وەرنەگرێت. بەرێوەبەری پێوەندییەكان و راگەیاندنی دەروازەی حاجی ئۆمەرانیش بڕیارەكە پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێ تا سەرەتای مانگی داهاتوو بڕیارەكە كاری پێ دەكرێت.
بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری لێخۆشبوون و وەرنەگرتنی 25 هەزار دیناری باجی هاتنە ناو هەرێمی كوردستان راگەیاند و بە گوێرەی بڕیارەكە ئەو باجە لە گەشتیارانی رۆژهەڵاتی كوردستان وەرناگیرێت، كە ساڵانە بەبۆنەی نەورۆزەوە بە هەزاران كوردانی رۆژهەڵات بۆ بەسەربردنی جەژنی نەورۆز روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆی پشتڕاست كردەوە و رای گەیاند بڕیارەكە لە 15ی مانگ دەرچووە.
زیاتر گوتی، "بە گوێرەی بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ بێت، تا یەكی مانگی نیسان باجی هاتن كە 25 هەزار دینار بوو لە هەر گەشتیارێك وەردەگیرا، لە ماوەی ئەو 15رۆژە بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە وەرناگیرێت".
وشە -
فهرمان سادق