توێژینەوەیەكی ئەمەریكایی ئاشكرای دەكات كە خواردنی گۆشتی ماسی و كردنی بە بەشێك لە سیستەمی خۆراك بە رێژەی سێیەك ئەگەرەكانی زوو مردنت لێ دوور دەخاتەوە.
بە پێی ئەو توێژینەوەی لە زانكۆی ساوس داكۆتای ئەمەریكایی ئەنجام دراوە و باسی خواردنی ماسییە رۆنییەكانی وەك سەلەمۆن و سەردین و رەنجە و ماكاریل و ئەشوجە دەكات، كە دوو هەزار و 500 كەسی گرتەوە، دەركەوت كە ئەو كەسانەی لەشیان بڕێكی زیاتر ترشی چەوری لە جۆری ئۆمێگا3 ی تیادایە كە زیاتر لە ماسییە رۆندارەكاندا هەن، ئەگەری مردنیان لە حەوت ساڵی داهاتوو بە رێژەی 34% كەمتر بووەتەوە بە بەراورد بە كەسانیتر.
بەپێی توێژینەوەكە رێژەی ترشی چەوری كە بە قەبارەیەكی زۆر لە ماسیدا هەیە ئاماژەیەكی وردترە بۆ دۆخی تەندروستیی مرۆڤ بە بەراورد بە رێژەی كۆلیسترۆل لە خوێندا، هەروەها توێژینەوەكە ئاشكرای كرد كە ئەو سیستەمە خۆراكییەی بە گۆشتی ئەو جۆرە ماسییانەوە دەوڵەمەندە لە ئەگەری تووشبوونت بە جەڵتەی دڵ و مێشك بەڕێژەی 39% دەتپارێزێت.
زانایان درێژی تەمەنی مرۆڤ و بوونی مادەی ئۆمێگا3 لە لەشی مرۆڤ بەیەكەوە دەبەستنەوە و وای بۆ دەچن كە ئەو مادەیە كێشەكانی مێشك و سووڕانی خوێن و خانەكانیش چارەسەر بكات، شارەزایانی خۆراكیش دەڵێن كە پێویستە سیستەمە خۆراكییە تەندروستەكان بەلایەنی كەم هەفتانە دوو ژەم ماسیان تیادا بێت لەوانە یەكێكیان ماسییە رۆندارەكان بێت و بڕەكەیشی 140 گرام بێت.