شاندێكی ئەمەریكا لەبارەی ناوچە كێشەلەسەرەكان سەردانی عێراق دەكات

:: PM:10:41:17/03/2018 ‌

گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی پارێزگەی نەینەوا رای گەیاند كە بڕیارە شاندێكی باڵای ئەمەریكا سەردانی هەریەك لە بەغدا و هەولێر بكات بە مەبەستی رێككەوتن لەسەر شێوازێكی بەڕێوەبردنی هاوبەش بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكان و دووبارە بڵاوكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لەو ناوچانە لەپاڵ هێزەكانی عێراق. 

موزاحم ئەحمەد حوێت، ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند كە فەرماندەیی هێزەكانی ئەمەریكا پرسی بڵاوكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی لە هەموو ناوچە كێشەلەسەرەكان لەگەڵ بەغدا باس كردووە، بێجگە لە پێكهێنانی ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەش لە نێوان هەردوولا بە سەرپەرشتیی هێزەكانی ئەمەریكا و ئاماژەی كرد، ئەوانە لەلایەن حكوومەتی ئەمەریكاوە بە هۆزە عەرەبییەكان راگەیندراوە.

زیاتر گوتی، وەك هۆزە عەرەبییەكان داوامان لە هێزەكانی ئەمەریكا كردووە بۆ دووبارە بڵاوكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لەو ناوچانە بەو پێیەی ئەوان پێشتر پارێزگاریان لەو ناوچانە كردووە و هەزاران شەهیدیان داوە لەو پێناوەدا، دووپاتی كردەوە كە پاشەكشەی پێشمەرگە لەو ناوچانە ژمارەیەكی زۆر داعشی بۆیان گەڕاندووەتەوە بە ناوی گرووپەكانی حەشدی شەعبی و ئێستە ئەوان بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاینەكانی ناوچەكە بەتایبەتی لە شنگال. 

حوێت زیاتر گوتی، هۆزەكانی عەرەبی لەو ناوچانە ترسیان لە دروستبوونەوەی توندوتیژی تایفی و دەستدرێژیكرنە سەر كەمینە ئاینییەكان هەیە و بۆ ئەو مەبەستە داوایەكی فەرمیمان ئاراستەی حكوومەتی ئەمەریكا كردووە بۆ پێویستی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، جیا لەوەیش زۆرینەی ئەندامانی رێكخراوی داعش لە عەرەبی ناوچەكە چوونەتە ریزەكانی حەشدی شەعبییەوە.

حوێت دووپاتی كردەوە كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێكی باڵای ئەمەریكا سەردانی هەولێر و بەغدا بكات بۆ رێككەوتن لەسەر بڵاوكردنەوەی هێزی پێشمەرگە لە ناوچە كێشەلەسەرەكان.

لە 16ی ئۆكتۆبەری پارساڵ هێزەكانی عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە پاڵپشتیی باڵێكی ناپاكی ناو هێزێكی كوردستان دەستیان بەسەر كەركووك و ناوچەكانی تری كێشەلەسەر لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا گرت و دەستیان بە پێشێلكاری گەورە لەدژی كورد و كەمینەكانی تری ناوچەكە كرد.  

سەرچاوە: شەفەق نیوز



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل