بەرپرسێكی باڵا لە حكوومەتی عێراق رای گەیاند كە كە بەمنزیكانە گەڕێكی نوێی گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێ دەكات لەبارەی تاوتوێكردنی تەنگژەی نێوانیان و لەسەر ئاستێكی باڵا.
بەرپرسێكی نزیك لە نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی عێراق لەو بارەوە رای گەیاند كە ماوەی داهاتوو سەردانی ئالوگۆڕكراو لە نێوان بەغداو هەولێر بەخۆیەوە دەبینێت بۆ تاوتوێكردنی تەنگژەی نێوانیان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان و روونی كردەوە كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەنگاوێكی بەرەو چارەسەركردنی كێشەكان هاوێشت لە رێگەی كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی و لابردنی قەدەغەی فڕین لەسەریان.
ئەو سەرچاوەیە داوای لەلایەنی كوردی كرد كە ئاماژەی ئەرێنی بۆ بەغدا بنێرن و هەموو پارتەكانی كوردستان كۆكبن بۆ تێپەڕاندنی تەنگژە ناوخۆییەكەیان كە رەنگدانەوەیەكی ئەرێنی بۆ سەر تاوتوێكردنی تەنگژەكەوە هەیە و دووپاتی كردەوە بەمنزیكانە چەند شاندێكی باڵا دەست بە گفتوگۆ دەكەن لە هەولێر و بەغدا.
سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە كە عەبادی سوورە لەسەر تێپەڕاندنی تەنگژەكە لە چوارچێوەی دەستوور و بەپێی بەرژەوەندیی هەردوو گەل و ئاماژەی كرد كە بەغدا نیازێكی رژدی هەیە بۆ یەكلاكردنەوەی تەنگژەكە بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان.
هەفتەی رابردوو یەكەم هەنگاوی ئەرێنی لەلایەن حكوومەتی عەبادی لە بەرانبەر هەرێمی كوردستان هات لە رێگەی لابردنی قەدەغەی فڕین بۆ سەر فڕۆكەخانەكانی هەرێم و بڕیاریشە لەم دوو رۆژە مووچەی چەند وەزارەتێكی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە خەرج بكرێت.