له‌ ئه‌ڵمانیا ناڕه‌زاییه‌كان له‌ به‌رانبه‌ر ئۆپراسیۆنه‌كه‌ی سه‌ر عه‌فرین به‌رده‌وامه‌

:: PM:11:06:17/03/2018 ‌
دواى ئه‌وه‌ى شەوی چوارشەمی هەفتەی ڕابردوو تا شەوی هەینی لەسەر شەموو، زیاتر لە 150 هەزار هاووڵاتی لە شاری عەفرینەوە لە ترسی بۆردمانی تۆپخانە و فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا هەڵاتوون و ئاوارەی ناوچەكانی تر بوون، خۆپێشاندانى كوردان له‌ وڵاتى ئه‌ڵمانیا له‌ دژى ئه‌و وڵاته‌ ده‌ستى پێ كرد.

کوردانی شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا خۆپێشاندانیان دژی پێدانی چەکی ئەڵمانی بە سوپای تورکیا ئەنجام دا و داوایان له‌ ئه‌ڵمانیا كردووه‌ كه‌ چه‌ك به‌و وڵاته‌ نه‌به‌خشێت.

به‌ گوێره‌ى هه‌واڵى "foxnews"، مه‌به‌ستى خۆپێشاندانه‌كه‌ دژی لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا بووە  بۆ سەر شارى عەفرین.

خۆپێشاندانه‌كان درووشمی"تانکی ئەڵمانی بڕۆ دەرەوە لە خاكى کوردستان" خۆپێشاندانێكى فره‌وانیان ئەنجام داوە، و هه‌ندێك له‌ خۆپێشانده‌ران ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئۆردوغانیان به‌ "تیرۆرست" ناوزه‌ند كردووه‌.

به‌ پێى زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان خۆپێشاندەران ژمارەیان نزیکەی 11 هەزار کەس بووە، لە ئەنجامی پێکدادانیان لەگەڵ هێزەکانی پۆلیسی ئەو شارە سێ لە خۆپێشاندەران گیراون و تا ئێسه‌یش ئازاد نه‌كراون.

ڕۆژی هەینی 19ی كانوونی دووەم/یەنایەر دوای كۆكردنەوەی هێزێكی زۆر له پارێزگای هاتای وڵاتی توركیا كە هاوسنوورە لەگەڵ شاری عەفرین، تۆپخانەكانی توركیا بەچڕی دەستیان بە بۆردمانی شاری عەفرین و گوند و ناوچەكانی دەوروبەری شارەكە كرد، ئەمەیش دوای ئەوە دێ ڕووسیا نەرمی نواندووە و ئەمەریكایش تەنیا بە لێدوان و قسەی نیگەرانی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشكردنە سەر عەفرین ڕاگەیاندووە، بەوهۆیەوە لە ڕۆژی شەموو 20 كانوونی دووەم/یەنایەر فڕۆكەكانی توركیا بە چڕی دەستیان بە بۆردمانی ئاسمانی شارەكە كردووە و هێزەكانی یەپەگەیش دووپات لەوە دەكەنەوە كە بەرگری لە شارەكە دەكەن و هەرگیز بۆ توركیا چۆڵی ناكەن.

شاری عەفرین یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و دەكەوێتە باكوری ڕۆژئاوای سووریا و سەر بە پارێزگای حەلەبی سووریایە و ڕووبەرەكەی سێ هەزار و 850 كیلۆمەتری دووجایە، بەگوێرەی ئاماری 2010 ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 523 هەزار كەس دەبێ و زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانەكەی كوردن.

دوای ئاڵۆزییەكانی سووریا و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ڕژێم و خەڵك و وێرانكارییەكان كە لە 2011ەوە دەستیان پێ كرد، عەفرین لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل كۆنتڕۆڵ كرا و بوو بە بەشێك لەو ناوچانەی كە لە ژێر دەسەڵاتی كورد دا بەڕێوە دەبران و یەكێك لە كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا لە عەفرین بوو، بەڵام دەوڵەتی توركیا بۆ ڕێگری لە بەستنەوەی كانتۆنی عەفرین بە كۆبانێ، لە 25ی ئاب/ئۆگەستی 2015 لە جەرابلوس هێزەكانی سنووری سووریایان بەزاند و ناوچەی جەرابلوس و چەندان ناوچەی تریان داگیر كرد.

یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە" هێزێكی چەكداری كوردی سەر بە پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە"ن و لە ساڵی 2011 لە ڕۆژئاوای كوردستان دامەزراوە و بە گوێرەی خەمڵاندنەكان تا ساڵی 2015 ژمارەی چەكدارەكانیان گەیشتووەتە 45 هەزار كەس، بەڵام دوای دەركردنی یاسای سەربازی زۆرەملێ، ژمارەی شەڕڤانانیان گەیشتووەتە 105 هەزار كەس. ئەوان لەلایەن ئەمەریكاوە هاوكاری دەكرێن و پێوەندییەكی تۆكمەیشیان لەگەڵ ڕووسیا و ڕژێمی ئەسەد هەیە، لە چوارچێوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات ڕۆڵی باڵایان بینیوە لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە ڕەقە و دێرزوور و ناوچەكانی تری سووریا.


وشە - محەمەد میران