له‌ ئه‌مه‌ریكا پلان بۆ گۆڕینی ڕژێمی ئێران ده‌خرێته ‌ڕوو

:: AM:10:34:18/03/2018 ‌

 

هەر یەک لە جۆن بووزمەن سێناتۆری کۆماریخواز  و بێن کاردین سێناتۆری دیموکرات داوایان لە حکوومەتی ئەمەریکا کرد لە چوارچێوەی پلانێکی نوێدا هەوڵ بۆ گۆڕینی رژێمی ئێران بدرێت.

 

ئەو سێناتۆرانە باسیان لەوە کردووە ئامانجیان هێنانە سەرکاری رژێمێکی سێکۆلار و دیموکراتە لە ئێران و بۆ ئەمەش دەبێت ئەمەریکا پشتیوانی لە گرووپ و دامەزراوە ئێرانییه‌كان بکات کە لە ئەمەریکا کار دەکەن.

 

لە ئەمەریکا کۆمەڵێک گرووپ و دامەزراوەی ئەمەریکی- ئێران کار دەکەن و هەندێک لەو گرووپ و دامەزراوانەش ژمارەیەکی زۆری ئەندامیان هەیە. دوو سێناتۆرەکەی ئەمەریکا لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێکی ساڵانەی گرووپی ئەمەریکی-ئێرانی بە ناویOIACقسەیان دەکرد.

 

کاردین سێناتۆری ویلایەتی مێریلەند و جۆن بووزمەنیش سێناتۆری ویلایەتی ئارکانزاسە. ئەوان پێیان وایە بۆ گۆڕینی رژێمی ئێران بۆ رژێمێکی دیموکرات پێویستە ئەمەریکا ستراتیجێکی نوێ دابڕێژێت.

 

ئۆیاک دامەزراوەیەکی ناحکوومییە کە لە رێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێران نزیکە، ئامانجی ئۆیاک گۆڕینی رژێمی ئێرانە بۆ رژێمێکی دیموکرات و دوور لە هەر جۆرە چەکێکی مەترسیدار و کۆمەڵکوژ.

سەرچاوە/رادیۆ فەردا




وشە - سلێمان تاشان