ریال مەدرید لە گرێبەستی نیمار پاشەكشە دەكات

:: PM:12:17:18/03/2018 ‌

لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆیەكی گەورە هەبوو سەبارەت بە گرێبەستكردنی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەگەڵ نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی لە وەرزی داهاتوودا.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید بۆی روون بووەتەوە ناتوانێ بە ئاسانی بۆ وەرزی داهاتوو گرێبەست لەگەڵ نیمار بكات بەهۆی ئەوەی یانەی پاریس سان جێرمان رەتی دەكاتەوە بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری بێت.

رۆژنامەكە هەروەها بڵاوی كردەوە: سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید بۆ وەرزی داهاتوو پاشەكشە لە گرێبەستی نیمار دەكات و لە بەرامبەریشدا هەوڵ بۆ دۆزینەوەی ئەستێرەیەك دەكات بۆ شوێنی لۆكا مۆدریچی ئەستێرەی كڕواتی.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید پێیانوایە زەحمەتە مۆدریچ بتوانێ لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا لە هەمان ئاستی جارانیدا بمێنێتەوە و لەبەر ئەمە لە ئێستاوە خەریكی گەڕانن بەدوای یاریزانێك بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكەی.

ئاشكراشی كرد كە سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید تا ئێستا لەسەر یاریزانێك بۆ شوێنی مۆدریچ بڕیاری كۆتای نەداوە، بەڵام چەند ئەستێرەیەك بۆ شوێنەكە پاڵێوراون.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م