بەپرسێكی یەكێتی دەستی لەكار كێشایەوە
ئەندامێكی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستی لەكار كێشایەوە و ڕای گەیاند، هەندێك كەس لەناو یەكێتی كوردیان برد بەرەو هەڵدێری كاكی بە كاكی و هیچ ڕێزێكیان بۆ بڕیارەكان نەگرت.
ئەمڕۆ یەكشەم 18ی ئادار/ مارس، دیار موفتی ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەست لەكاركێشانەوەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە كرد، ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی كە جێی چاوی ئومێدی مــام جەلال بوو، لەلایەن سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی زۆر پشتگوێ خرا و بێ كاریگەر كرا لە چەند بڕیار و دیدی كادرانی پێشكەوتووی ئەنجوومەنی ناوەند، هەموو بڕیارە ڕاست و دروستەكانی ئەنجوومەنی ناوەند كرا بە قوربانی بەرژەوەندیی تەسكی تایبەتی هەندێ كەسی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و یەكێتیی.
موفتی لە ئاكاونتی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، هەندێك كەس لەناو یەكێتی كوردیان برد بەرەو هەڵدێری كاكی بە كاكی و هیچ ڕێزێكیان بۆ بڕیارەكان نەگرت، هەروەها هیچیان بۆ خوێنی شەهیدان و فرمێسكی دایك و خوشكی شەهیدان و ئازار و ئەشكەنجەی زیندانیانی سیاسی نەهێشتەوە، بۆیە ناتوانم لە ئۆرگانێك كار بكەم بەدەستی ئەنقەست و بە بڕیاڕی هەندێ بێ كاریگەر بكرێ.
لە بەرانبەردا نەسروڵا سورچی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، یەكێتی بڕیارەكانی بەپێی ئۆرگانەكان دەدات و هیچ ئۆرگانێكی حزبی نییە كە پەراوێز خرابێت.
ماوەی چەند ساڵێكە یەكێتی بەدەست كێشە ناوخۆیییەكانیەوە گیرۆدە بووە و دوێنیش جارێكی تر ئەو حزبە مەكتەبی سیاسیی هەڵبژاردەوە كە لە 15 كەس پێكدێن و كۆسرەت رەسووڵ جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی سەرپەرشتی دەكات.
وشە -
سهرخێڵ هاشم