فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە لە قۆڵی شنگال رای گەیاند كە رێگەی نێوان مووسڵ و سووریا بەتەواوەتی لە داعش دابڕیندراوە و هێزەكانی حەشدی شەعبی و هێزی پێشمەرگە لە سنووری تەلەعفەر بەیەك گەیشتوون، بەڵام تێكەڵ یەكتر نەبوونە و خەندەك لە نێوانیاندا هەیە.
قاسم دەربۆ بە "وشە"ی راگەیاند كە ئەمڕۆ پێنجشەم حەشدی شەعبی توانیان رێگەی نێوان مووسڵ و سووریا بەتەواوەتی كۆنترۆڵ بكەن و گەیشتوونەتە دەوروبەری تەلەعفەر، واتە بۆ لەمەودووا داعش ناتوانێ لە مووسڵ بچێتە سووریا و بەپێچەوانەوە.
دەربۆ زیاتر گوتی، حەشدی شەعبی گەیشتوونەتە دەوروبەری تەلەعفەر وتەنیا ماوە بچنە ناو شارەكەوە، بەڵام نازانرێ كە ئەوان دەچنە ناو تەلەعفەر یان تەنیا سوپای عێراق ئەو شارۆكە رزگار دەكات.
ئەو فەرماندە روونی كردەوە كە لەو سنوورە حەشدی شەعبی گەیشتوونەتە سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە تەنیا خەندەك لە نێوانیاندا هەیە و ئەوانیش لەو شوێنەی گرتوویانە خەندەك بۆخۆیان لێ دەدەن، دووپاتی كردەوە كە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ هێزی پێشمەرگە تێكەڵ نەكراون، چونكە خەندەك لە نێوان هەردوولادا هەیە.
قاسم دەربۆ رای گەیاند كە لە سنووری شنگال تەنیا پێنج كۆمەڵگە و١٠ گوندی بچووك ماون كە ئازاد بكرێنەوە و دووپاتی كردەوە كە داعش لەو ناوچە زۆر لاواز بووە و جموجۆڵیان نەماوە، بۆیە چاوەرێی فەرمان دەكەن بۆ ئەوەی ئازادیان بكەنەوە.
شارۆكەی شنگال كە ناوچەیەكی خاوەن زۆرینەی دانیشتوانی كوردی ئێزدییە لە مانگی ئابی 2014 لەلایەن داعش داگیر كرا و لە كۆتای پارساڵ لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە ئازاد كراوەتەوە.