ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان لە بەرزبوونەوەدایە و لە دوو ساڵی رابردوودا بە رێژەیەكی بەرچاو لە رووبەری ئاوی دەریاچەكە فراوان بووە. ئەو دەریاچەیە لە ساڵی ٢٠١٥ نزیكەی ٨٠٪ لە رووبەرەكەی وشكی كرد و هەڕەشەی لە ملیۆنان كەس لە خەڵكی ناوچەكە دەكرد.
فەرهاد سەرخۆش بەڕێوەبەری نووسینگەی ورمێی بووژانەوەی دەریاچەی ورمێ ئاشكرای كرد، هۆكاری سەرەكیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ بۆ ئەو پلانانە دەگەڕێنەوە كە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو گیراونەتەبەر. ئەو دەڵێت لە شەش مانگی رابردوودا هەزار و ٦٠٠ بیری ئیرتیوازی نایاسایییان داخستووە. ئاماژەی بەوەش كرد كە ئێستە رووبەری ئێستەی دەریاچەی ورمێ، دوو هەزار و ٢٠٨ كیلۆمەتری چوارگۆشەیە و بەراورد بە شەش مانگ لەمەوبەر ئەو رووبەرە ٤٧٤ كیلۆمەتری چوارگۆشە زیادی كردووە.
بەگوێرەی "
ئیرنا" ٢١ رووباری هەمیشەیی و ٣٩ رووباری كاتیی دەڕژێنە نێو دەریاچەكە. پێویستە بگوترێت ١٧ ساڵ لەمەوبەر دەریاچەكە دەستی بە كەمبوونەوەی ئاو كرد و تا ساڵی ٢٠١٥ سەرووی ٨٠٪ لە دەریاچەكە وشكی كرد.
دەریاچەی ورمێ بە دووەم گەورەترین دەریاچەی سوێری دنیا هەژمار دەكرێت كە لە دوو دەیەی رابردوو مەترسی وشكبوونی لەسەر بووە. یەكێك لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەكە لە رابردوودا پێوەندی بە پێڕەوكردنی شێوەی كۆنی ئاودێری لە ناوچەكە هەبووە كە ئاوێكی زۆر بە فیڕۆ دەچێت و هۆكاری سەرەكیش كەمبوونەوەی باران بووە لە دووو دەیەی رابردوو.
ئاوی دەریاچەی ورمێ دەبێت نزیكەی سێ مەتری تر بەرز ببێتەوە تا بگاتە ئاستی ناوەندیی ئاوی دەریاچەكە. بەو سیستەمە نوێیەی لە ئاودێریی زەوییە كشتوكاڵییەكانی نزیك دەریاچەكە پێڕەو دەكرێت، رێژەی بەكاربردنی ئاو ٤٠% دابەزیوە كە یارمەتی زیادبوونی ئاوی دەریاچەكەی داوە. نزیكەی ٤٨ هەزار تۆن لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی ورمێ لە دوو ساڵی رابردوودا میكانیزە كراون و بە سیستەمی نوێ ئاو دەدرێن.
رزگاركردنی دەریاچەی ورمێ یەكێك بوو لە گرنگترین پلانەكانی كابینەی حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێران دوای ئەوەی پۆستەكەی وەرگرت. لە كۆتاكانی خولی یەكەمی دەسەڵاتی رووحانی، ئەو سیاسەتی رزگاركردنی دەریاچەكەی گۆڕیبوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی كاریگەرییەكانی وشكبوونی دەریاچەكە.
لە خولی پێشوویدا رووحانی تریلیۆنێك و ٧٠٠ ملیار تمەن بودجەی پەسند كرد بۆ رزگاركردنی دەریاچەكە كە دەكاتە نزیكەی نیو ملیار دۆلار، بەڵام لە بڕە پارەیە تەنیا ٣٠٠ ملیار تمەن بۆ ئەو مەبەستە خەرج كراوە كە دەكاتە نزیكەی ١٠٠ ملیۆن دۆلار. تەرخان نەكردنی ئەو بودجەیەی پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو، هۆكار بووە لەوەی زۆر لە پلانەكان بۆ رزگاركردنی دەریاچەكە تووشی شكست ببن.
رووحانی لە ماوەی دەسەڵاتیدا دەستەی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێی پێكهێنا. ئەم دەستەیە پڕۆژەیەكی ٢٦ لایەنەی بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەكە پێشنیاز كرد. ئەندامانی دەستەكە گوتیان پڕۆژەكانیان سەركەوتوو بووە. ئەوان كۆتای ساڵی ٢٠١٦ ئاشكرایان كردبوو ئاستی ئاو لە چاو ساڵی ٢٠١٥، سەرووی ٤٠ سانتیمەتر بەرز بووەتەوە.
پێشتر پسپۆڕانی ژینگە هۆشدارییان دابوو ئەگەر دەریاچەكە وشك بێت، ئەوا مەترسی بۆ سەر ژیانی پێنج ملیۆن كەس لە دانیشتووانی دەوروبەری ورمێ دروست دەبێت. بڕی ئەو خوێیەی لە دەریاچەكەدا هەیە دەگاتە ١٠ ملیار تۆن و ئەگەر وشك ببێت، ئەوا با وردە خوێیەكە بۆ دەوروبەری خۆی دەگوازێتەوە و كشتوكاڵی ناوچەكەش لە ناو دەبات.
دەریاچەكە سنووری رۆژهەڵاتی كوردستانە لەگەڵ ناوچەی ئازەربایجان و وشكبوونی دەریاچەكەش هەڕەشەیە بۆ سەر دانیشتووانی هەردوو شاری ورمێی كوردستانی و تەورێزی ئازەربایجانی.
لە بازنەی ١٠٠ كیلۆمەتری نزیك دەریاچەی ورمێ، سەرووی پێنج ملیۆن كەس دەژین. یەكێك لە گرنگترین ئەو شارانەی لە بەردەم مەترسیدایە ئەگەر دەریاچەكە وشك بێت، بریتییە لە شاری تەورێز كە بە ناوەندی پاریزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات هەژمار دەكرێت.
ئەو شارە ئازەرینشینە، ئەگەر دەریاچەكە وشك بێت، ئەوا دەبێت چۆڵ بكرێت و شارەكە بۆ شوێنێكی تر بگوازرێتەوە و گواستنەوەی شارەكەش یەك تریلیۆن دۆلاری تێ دەچێت لە كاتێكدا رزگاركردنی دەریاچەی ورمێ بە بەرنامەیەكی ١٠ ساڵە شەش ملیار دۆلاری پێویستە.
تەورێز ١٤٦ كیلۆمەتر لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان دوورە. ورمێ لە دەریاچەكە نزیكترە، بەڵام مەترسی زیاتر بۆ سەر تەورێز دێتە كایەوە چونكە ئاراستەی بای ناوچەكە خوێی دەریاچەكە بۆ سەر شاری تەورێز دەگوازێتەوە و ناوچە كشتوكاڵییەكانیش تووشی وشكبوون دەكات.
ئەگەر دەریاچەكە مەترسی بۆ سەر شارێكی كوردنشین دروست بكردایە و خەڵكەكەی ناچار بكرانایە ناوچەكەیان جێ بهێڵن، دەمێك بوو ئێران هاوكاری وشكبوونی دەریاچەكەی دەكرد، بەڵام لە سایەی سەری كاریگەرییە مەترسیدارەكانی وشكبوونی دەریاچەكە بۆ سەر ناوچە توركی و شیعەنشینەكان، حكوومەت هەوڵی رزگاركردنی دەریاچەكە دەدات.