داعش پلانە تەناهییەكانی سوپای عێراق پووچەڵ دەكاتەوە

:: PM:03:38:18/03/2018 ‌


تاكتیكە نوێیەكانی داعش بۆ بەرەنگاربوونەوە و هێرشكردنە سەر هێزەكانی سوپای عێراق و میلیشیاكانی حەشد، وایكردووە كۆنتڕۆڵی نادیاری (وەهمی) هەندێك ناوچەی عێراق بكات وەك پێشتر كە قاعیدە كۆنتڕۆڵی هەندێ ناوچەی كردبوو، ئەمەش وێڕای نیگەرانی لای دانیشتووانی ئەو ناوچانە، ئەوا پلانەكانی سوپای عێراقی پووچەڵ كردووەتەوە و پەكی خستووە لەوەی ناتوانێت بەرەنگاریان ببێتەوە.

دوای شكستی داعش و راگەیاندنی ئازادكردنی تەواوی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵام بەم دواییانە داعش چەند هێرشێكی سەختی كردە سەر بازگە و بارەگاكانی سوپای عێراق، ئەمەش وایكردووە سوپای عێراق ناچار بێت بەربەستی كۆنكریتی لەسەر رێیە سەرەكییەكان دابنێت و شەوانەش بازگە دامەزرێنێت، بەڵام دەركەوتنیان بە جلوبەرگی سەربازی زیاتر بوونەتە ئامانج لای چەكدارانی پاشماوەی داعش كە مۆڵگەی خۆ حەشاردانیان دیار نییە.

ستراتیجی نوێی داعش دژ بە سوپای عێراق لە باشووری موسڵ و رۆژئاوای كەركووك و چەند ناوچەیەكی تر، هەمان ئەو ستراتیجەیە كە پێشتر قاعیدە لە 2005 تا 2008 بەكار هێنا، دوای ئەوەی توانای كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەی هەژموونی خۆی لە دەستدا و نەیتوانی چیتر بەرەی جەنگی رووبەڕوو لەگەڵ سوپای عێراق بكاتەوە، بۆیە پەنای بردە بەر بۆسەی شەوانە كە مەترسییەكەی لە مەترسیی بەرەی شەڕ كەمتر نییە و بەهۆیەوە سەدان سەربازی عێراقی كوشتن و سەدان هاووڵاتیی سڤیلیش بوونە قوربانی، لە پاڵ ئەمەشدا دەیان شارۆكە و شارەدێ بە كەڵكی ئەوە نەمان خەڵك تێیدا بە ئارامی لێی بمێنێتەوە.

 دیوێكی مەترسیداری ستراتیجی نوێی داعش، خێرا جووڵەكردن و خۆ حەشاردانە، ئەمەش وایكردووە سوپای عێراقی و میلیشیاكانی حەشد دەستەوەستان بن لە زاڵبوون بەسەریاندا.

 ئێستە چەكدارانی داعش باشووری مووسڵ و رۆژئاوای كەركووكیان كردووەتە ئامانجی بۆسەكانی شەوانە، تەنیا لە مانگی رابردوو 22 چەكدار كوژراون و 35ی تریش بریندار بوونە لە دانانی 12 بۆسە شەوانەی چەكدارانی داعش لە چەند ناوچەیەكی جیاواز.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی بۆسەكانی شەوانەی داعش، سوپای عێراق و میلیشیاكانی حەشد چەكدارێكی زۆریان لەو ناوچانە بڵاوەپێكردووە. ئەفسەرێكی سوپای عێراق دەڵێ كاری ئەو چەكدارانە تەنیا چاودێریكردنی چالاكییەكانی چەكدارانی داعشە، لەمەشدا جۆرێك لە سەركەوتن هەبووە بەهۆی گرتنی چەند كەسێكیان.

بەشێكی تر لە پلانی بەرەنگاربوونەوەی چەكدارانی داعش، داخستنی چەند رێیەكی سەرەكی بووە لە شەوانەدا، بەڵام بەشێك لە بەرپرسانی تەناهی عێراق رەخنە لەو رێگرتنە دەگرن و پێیان وایە سەركەوتوو نییە، بەڵكو داوای پلانێكی گشتگیر دەكەن بۆ سەركەوتنی یەكجارەكی بەسەر داعش و پاراستنی رێیەكان.

رەعد ئەڵماس ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای دیالە دەڵێ، بڕیاری سوپای عێراق بە داخستنی رێی سەرەكیی مەندەلی بەلەدرووز كە رێیەكیستراتیجییە چارەسەری كێشەكە ناكات.

لە لێدوانێكی بۆ "عەرەبی جەدید" ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو داخستنی رێ كۆتا بە دۆسیەی چالاكییەكانی شانە نوستووەكانی داعش ناهێنێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە چالاكییەكانی زیاتر دەكات لە رێی چاندنی بۆمب لەسەر رێ، بۆیە باشترە بەرپرسانی عێراقی بیر لە رێیەكی تر بكەنەوە كە رەهەندەكانی پشتەوەی روونتر بێت بۆ پاراستنی رێیەكان و هاووڵاتییان.

بەرپرسانی تەناهی لەسەر ئەو پرسە دەڵێن بۆسەكانی داعش مەترسی بەرەی شەڕ بە رووی سوپای عێراق ناكاتەوە، بەڵام ترسەكە لێرە ئەوەیە ئەوان وەك گرووپ دەردەكەون و بزر دەبن، بۆیە ئەمەش پێویستی بە رێكاری و دەستوەردانی تەناهیی زیاتر هەیە.

عەماڕ عوبێدی سەركردە لە هاوپەیمانی هێزە سوننەكان لە پارێزگای كەركووك پێی وایە، بۆسەكانی داعش نابێتە هۆی مەترسیی كردنەوەی بەرەیەكی نوێی شەڕ دژ بە سوپای عێراق، بەڵكو بوونی بۆسە لەسەر رێیە سەرەكییەكان ترسی خستووەتە دڵی هاووڵاتییان و بوێری ئەوەیان نییە چیتر ئەو رێیانە بەكاربهێنن بە تایبەت لە شەواندا.

ئەو بۆ "عەرەبی جەدید" قسەی كردووە و ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە سوپای عێراق پلانێكی گشتگیر پێڕەو بكات بۆ كۆتا پێهێنانی پاشماوەی داعش، بە تایبەت لە رێی هەواڵگری بۆ ئاشكراكردنی بۆسەكانی شەوانەیان، هەروەها دروستكردنی پێوەندی بۆ دەستگەیشتن بە زانیاری لەسەر جموجۆڵەكانیان.

دوای شكستی لە بەرەكانی جەنگ دژ بە سوپای عێراق، پاشماوەی چەكدارانی داعش و شانە نوستووەكانیان ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بە ستراتیجێكی نوێ دەركەوتوونەتەوە كە چاودێرانی تەناهی بە ستراتیجی رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدەی دەچوێنن كە لە نێوان ساڵانی 2006 و 2007 لە عێراق پێڕەوی كرد كە خۆی لە دانانەوەی بۆسە لەسەر رێیە سەرەكییەكان دەبینییەوە.

هیشام ئەلهاشمی شارەزای تەناهی لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی ئێستە داعش ئەنجامی دەدات، هەمان تاكتیك و پیلانی قاعیدەیە، بەڵام لەمەدا داعش بە بەكارهێنانی تەكنۆلۆجیای نوێ و چەكی پێشكەوتوو، لە قاعیدە باشتر تاكتیكەكە ئەنجام دەدات، ئەمەش وایكردووە مەترسیی بۆسەكانی شەوانیان ببێتە هۆی پەكخستنی جووڵەی هاووڵاتییان لەو ناوچانە و تەنانەت شكستی هێزە تەناهییەكانیش لە رووبەڕووبوونەوەیان.

زیاتر گوتی "جگە لەمە گرفت بۆ حكوومەتیش دروست دەكات لە جێبەجێكردنی پلانەكانی لە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە".



وشە - فه‌رمان سادق