گۆڕان وەڵامی لاهور جەنگی دەداتەوه‌

:: PM:08:17:18/03/2018 ‌

 ئەندامێكی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو دەڵێت، لیژنەكە زۆر راستی لەبارەی خورماتوو دەست كەوتووە و لەكاتی تەواو بونیدا دەدرێتە سەرۆكایەتی پارلەمان تا هەموو ڕاستییەكان بۆ خەڵك ئاشكرا بكرێن.

ئەمڕۆ یەكشەم 18ـی ئادار/مارس، شیلان شێخ جەعفەر سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی كوردستان تا ئێستە نەمان توانیوە سەردانی هیچ شوێنێك بكەین بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر.

زیاتر گوتی، بەهۆی هاتنە پێشی پڕۆژە یاسای چاكسازی خانەنشینی لیژنەكەی ئێمە هیچ بەدواداچوونێكی نەبووە، بەڵام لیژنەی تری پەرلەمان هەبووە بۆ ئەو بابەتە و لێكۆڵینەوەكانیان بەردەوام بووە.

هاوكات بێستوون فایەق ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان وەڵامی لاهور جەنگی كە یەكێكە لە ئەندامانی بنەماڵەی تاڵەبانی و وا ناوی ڕۆیشتووە یەكێكە لە خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر دەداتەوە و كە داوای لێكۆڵینەوەی لەسەر ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كردبوو.

بیستوون دەڵێت، ئەم نوسراوەی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری جۆرێكە لە بێ‌ ئاگای و خۆدزینەوەیە لە چۆنییەتی ئەنجامدانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر.

بێستوون فایەق ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لاپەڕی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی رۆژی ١٧/١٢/٢٠١٧ لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لەسەر رووداوەكانی خورماتوو و هەموو رووداوەكانی دوای ١٦ ی ئۆكتۆبەر پێكهێنا كە هێشتە كارەكانی تەواو نەبووە، لیژنەكە زۆر راستی لەبارەی خورماتووە دەست كەوتووە كە لەكاتی تەواو بونییدا دەدرێتە سەرۆكایەتی پارلەمان و بۆ هەموو خەڵكیش ئاشكرا دەكرێت.

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، وەك ئەندامێكی ئەو لیژنە په‌رلەمانییە ئێستە مافی ئەوەم نییە هیچ لەسەر كاری لیژنەكە و قۆناغی لێكۆڵینەوەكانی بڵێم، بەڵام ئەوەی ڕوویدا خیانەت بوو.

لە 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 چەند كەسێكی ناو یەكێتی كە بە ناپاكەكان ناسراون بە ڕێككەوتن لەگەڵ حەشدی شەعبی هەستان بە ڕادەستكردنی شاری كەركووك بە بەغدا و ئەمەیش وایكرد زیاتر لە 170 هەزار كەس ئاوارە بێت و دۆخی شارەكەیش لە ڕووی تەناهیی و كۆمەڵایەتی تێك بچێت.







وشە - رامیار جەواد