هێزەكانی چڵە زیتوون عەفرین تاڵان دەكەن

:: PM:09:28:18/03/2018 ‌

دوای ئەوەی هێزەكانی توركیا لە 20 كانوونی دووەمی ئەمساڵ بە پاڵپشتیی سوپای سووریای ئازاد هەڵمەتێكی فرەوانی سەربازیان بەناو (چڵە زەیتوون) بۆ سەر شاری عەفرینی كوردنشین لە باكوری سووریا ئەنجام دا، كە لەژێر كۆنترۆڵی یەكینەكانی پاراستنی گەلدا بوو، ئەوان دوای گەمارۆی شارەكە و بڕینی ئاو كارەبا و پێوەندییەكان و بۆردومانی سەختی زەوینی و ئاسمانی توانیان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ كۆنترۆڵی بكەن.

بەپێی روانگەی مافی مرۆڤی سووریا دوای ئەوەی كۆنترۆڵی شاری عەفرینیان كردووە، هێزەكانی هەڵمەتی سەربازی (چڵە زەیتوون) كە توركیا فەرماندەیی دەكات، ئەوان دەستیان كردووە بە دزی و تاڵانكردنی موڵك و سامانی هاووڵاتیان و كەلوپەلی بارەگە سیاسی و سەربازییەكان و ئامێر و ئۆتۆمبێلەكان و دووكانەكانی ئەو شارە كە پێشتر لەژێر كۆنترۆڵی هێزە كوردییەكاندا بوو بەر لە پاشەكشەكردنیان لە دوای سەختتربوون و نزیكبوونەوەی هەڵمەتە سەربازییەكەی توركیا لەناو بۆردومانێكی سەخت بۆ ناو شارەكە كە پێشتر توانیان دەوروبەری كۆنترۆڵی بكەن و چەند رۆژێكیشە بەتەواوەتی عەفرینیان گەمارۆ داوە.  

بەپێی سەرچاوەو باوەڕپێكراوەكان كە بە روانگەكەیان راگەیاندووە، ژمارەیەكی زۆری گوندەكانی ناوچەكە رووبەڕووی دزی و تاڵانی هاتوونەتەوە لەلایەن هێزەكانی (چڵە زەیتوون)ەوە كە ئەوان هەستاون بە دزینی ئامێر و ئۆتۆمبێل و كەلوپەلی كشتوكاڵی ئەوان كە بەشێك لە هاووڵاتییان ماڵەكانی خۆیان بە چۆڵكراوی دۆزیوەتەوە، لەو كاتەی روانگەكە بەیانیی ئەمڕۆ بڵاوی كردەوە كە نزیكەی هەزار و 500 شەڕوانی یەكینەكانی پاراستنی گەل و هێزەكانی بەرگریی ناوخۆیی لەوەتەی دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكە لە 20ی كانوونی دووەمی رابردوو شەهید بوونە، لەو كاتەی جیا لە شەڕەكە بۆردومانی سەخت هەیە و بەو هۆیەوە زیانی گیانی زیاتر بووە و بەپێی زانیارییەكان ژمارەی كوژراوانی سوپای توركیا و گرووپەكانی چەكداری سووریا گەیشتووەتە 496 كەس، جیا لە كوژرانی 91 چەكداری بەرگریی میللی سووریا بەهۆی بۆردومانەكانی توركیا لەوەتەی دەست پێكردنی هەڵمەتەكە.

هەروەها روانگەكە شەهیدبوونی 289 هاووڵاتیی كە لە نێوانیان 43 منداڵ و 28 ئافرەت هەیە، تۆمار كردووە لە كورد و عەرەب و ئەرمەنی لەوانەی بەهۆی بۆردومانی مووشەكی و تۆپخانە و ئاسمانی سوپای توركیا گیانیان لەدەست داوە یان بەهۆی گولەبارانكردنیان، جیا لە سەتان بریندار بەوهۆیەوە. 

رامی عەبدورەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی مافی مرۆڤی سووریا لەو بارەوە دەڵێت، عەفرین لە بەرانبەر غوتەی رۆژهەڵات، ئەوەی لەو بارەوە دووپاتمان كردبووەوە ئەوڕۆ بەجوانی دیار دەكەوێت كە شاری عەفرین رووخاندنی پەیكەری مێژوویی كاوەی ئاسنگەری بەخۆیەوە بینی كە هیچ پێوەندییەكی بە پارت و لایەنێكی سیاسییەوە نییە.

زیاتر گوتی، هەروەها ئەو هاووڵاتییانەی كە گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان ماڵەكانیان دزراوە بە هاوشێوەی ئەوەی رژێمی سووریا پارساڵ لە شاری حەلەب ئەنجامی دا بە دزینی موڵك و سامانی خەڵكەكە و پێمان وایە ئەوەی عەفرین سەرەتایە و هێزەكانی توركیا رێگەكە دەگرن بەرەو كۆنترۆڵكردنی تەواوی باكوری سووریا تا دەگەن بە سنوورەكانی عێراق، بۆیە ئەو پرسیارە ئاراستەی هێزە كوردییەكان دەكەین لەبارەی هێزەكانی ئەمەریكا كە جەنگیان لەپاڵ كردن، ئایا پاڵپشتی ئەمەریكا لەكوێیە كاتێك ئەوان بەڵێنیان دا بەوەی توركیا عەفرین داگیر ناكات؟، ئایا ئەمەریكا ئەوان ناچاری پاشەكشەكردن لە منبەجیش دەكات؟ ئایا پاشەكشەكردن بەدوای یەك دێت دوای ئەوەی زیاتر لە 10 هەزار شەڕوانی كورد لە جەنگی داعش بوونە قوربانی؟، بۆیە ئەوەی روو دەدات داگیركاریی رووسیایە بۆ غوتەی رۆژهەڵات و داگیركردنی عەفرینە لەلایەن توركیاوە و ئەوانەیشی پێچەوانەی ئەوە دەڵێن با فەیلەقی رەحمان رەتی بكەنەوە كە لە غوتە پاشەكشە بكەن و بەرگری تیادا بكەن.

زیاتر دەڵێت، ناوچەكانی غوتەی رۆژهەڵات لە دیمەشق پێشڕەوییەكی بێ بەرگریكردن لەلایەن چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریای بەخۆیەوە بینی كە لە باشووری ناوچەكەدا هەن، لەو كاتەی لەلایەن شەبیحەكانی ئەردۆغانەوە لە ئەمەریكا هەڕەشەم لێ كرا و وەك بەڕێوەبەری روانگەی مافی مرۆڤی سووریا بە بوونە هۆكار لە كەوتنی غوتەی رۆژهەڵات تۆمەتباریان كردم و هەڕەشەی كوشتنیان لێ كردم.   
       
ئەمڕۆ یەكشەم یەپەگە لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە هەڵمەتەكەی توركیا بە رێككەوتن لەگەڵ رووسیا و بە هاوكاری وڵاتانی ناوچەكە لە 20ی كانوونی دووەمی رابردوو دەستی پێ كرد، ئەو كاتەی رووسیا بواری ئاسمانی بۆ دوژمنكارییەكەی توركیا بۆ لەناوبردنی گەلەكەمان بە هەموو جۆرە چەكێك كردەوە كە ئەوەیش قوربانیدانە بە گەلێك لە پێناو بەرژەوەندییەكانی لە سووریا، هەروەها لە سایەی بێدەنگیی نێودەوڵەتی هەر لە هاوپەیمانان و تا یەكێتی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایش.

بەپێی بەیاننامەكە، ئێستە هێزەكانی توركیا و هاوپەیمانەكانی لە عەفرین خەریكی گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەكەن، بێجگە لە كوشتنی سەتان هاووڵاتی كە بەهۆی بۆردومانەكانی ئەوانەوە هەڵاتن. لێرەوە رای دەگەیەنین كە جەنگەكە چووەتە ناو قۆناغێكی نوێ.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل