رۆناڵدۆ بە سوپەر هاتریك سەركەوتنێكی گەورەی پێشكەش بە ریال مەدرید كرد
شەوی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە گەڕی 29ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئەنجامێكی گەورە و بە 6-3 گۆڵ لە یانەی گیڕۆنای هەرێمی كەتەلۆنیای بردەوە.
لەو یارییەدا كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كرد و توانی سوپەر هاتریك (4 گۆڵ) لە خولەكانی 11، 47، 64 و 92 تۆمار بكات، دوو گۆڵەكەی تری یانەكەش لەلایەن لوكاس ڤاسكێز لە خولەكی 59 و گاریس بێڵ لە خولەكی 86 هاتنە تۆماركردن.
سێ گۆڵەكەی یانەی گیڕۆناش لەلایەن كریستیان ستوانی 2 گۆڵ لە خولەكانی 29 و 67 و خوان لۆپێز لە خولەكی 88 تۆمار كران.
ئەمە لە كاتێكدابوو كە یانەی گیڕۆنا پێشتر لە یاریی چووندا لە گەڕی 10ی خولی ئیسپانیا بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لە یانەی ریال مەدریدی بردبووەوە.
بەم سەركەوتنە یانەی ریال مەدرید خاڵەكانی كرد بە 60 و هەر لە ریزبەندی سێیەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا مایەوە بە جیاوازی 15 خاڵ لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی پێشەنگ و 4 خاڵ لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ریزبەندی دووەمی یانەكان، هەروەها تەنیا بە یەك خاڵیش لە پێش یانەی ڤالێنسیای خاوەن ریزبەندی چوارەمە.
دوێنێ یەكشەم هەر لە چوارچێوەی یارییەكانی گەڕی 29ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا چەند یارییەكی تریش بەڕێوەچوون كە ئەنجامەكانیان بەمشێوەی خوارەوە بوو:-
لیگانیس 2-1 سڤیلییە
بەرشەلۆنە 2-0 ئەتلەتیك بیلباو
سێلتا فیگۆ 0-0 مەلەگە
ڤیاڕیال 2-1 ئەتلەتیكۆ مەدرید
وشە -
ئامانج ئهكرهم