میسی بە درێسی ژمارە 10 تا ئێستا 500 گۆڵی تۆمار كردووە

:: AM:10:08:19/03/2018 ‌

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە تۆماركردنی ژمارە پێوانەیی و مێژووییەكان بەردەوامە و دوێنێ یەكشەمیش لە یارییەكەی بەرامبەر یانەی ئەتلەتیك بیلباو ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی بۆ خۆی تۆمار كرد.

دوێنێ یەكشەم یانەی بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی كامپ نوو لە گەڕی 29ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی ئەتلەتیك بیلباوی بردەوە، گۆڵی یەكەمی یارییەكە پاكۆ ئەلكاسێر و گۆڵی دووەمیش میسی تۆماریان كرد.

میسی نۆیەم وەرزە لەسەریەك زیاتر لە 25 گۆڵ لە خولی ئیسپانیا تۆمار دەكات.

ئەم گۆڵەی میسی یەكەم گۆڵ بوو لەم وەرزەدا لە دەرەوەی هێڵی سزا تۆماری بكات.

بەم گۆڵە میسی ژمارەی گۆڵەكانی بە درێسی ژمارە 10ی یانەی بەرشەلۆنە كردە 500، میسی بۆ یەكەمجار لە وەرزی 2008-2009 درێسی ژمارە 10ی یانەی بەرشەلۆنەی پۆشی، بەمەش ئەو كاپتنەی ئەرجەنتین بە بە 9 ساڵ و 6 مانگ بە درێسی ژمارە 10 توانی 500 گۆڵ تۆمار بكات.

میسی بۆ یەكەمجار بە درێسی ژمارە 30ی یانەی بەرشەلۆنە دەركەوتبوو و تێیدا لە كۆی 33 یاری 8 گۆڵی تۆمار كردبوو، دواتر درێسی ژمارە 19ی پێ درا و لە كۆی 77 یاری 34 گۆڵی تۆمار كرد، دوای ئەوەش بە درێسی ژمارە 10 لە كۆی 516 یاری لە رووبەڕووبوونەوەی 68 یانەی جیاوازدا 500 گۆڵی تۆمار كرد.

میسی بە تۆماركردنی گۆڵەكەی شەوی رابردوو، ژمارەی گۆڵەكانی هاوتای محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی میسڕی و یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی كردەوە و هاتە ریزبەندی یەكەمی گۆڵكارانی 5 خولە گەورەكەی ئەوروپا بە تۆماركردنی 37 گۆڵ.

میسی هەروەها بووە یەكەم یاریزانی یانەی بەرشەلۆنە زۆرترین سەركەوتنی بەسەر یانەی ئەتلەتیك بیلباو بەدەستهێنابێت كە 24 یارییە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م