نرخی نەوت دابەزی

:: AM:10:23:19/03/2018 ‌

ئەمڕۆ دووشەم هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕی بۆڕسە دەستی پێ كرد و لە چەند سەعاتی یەكەمی ئەو بازاڕەشدا نرخی نەوت رووی لە دابەزین كردووە.

هەفتەی رابردووی بازاڕی بۆڕسە كە هەینی كۆتایی هات نرخی نەوت بە ٦٦ دۆلار و نۆ سەنت داخرابوو بەڵام ئەمڕۆ لە چەند سەعاتی یەكەمی بازاڕەكە ١٩ سەنت لە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت دابەزیوە و لە كاتی ئامادەكردنی ئەم هەواڵە نەوتی برێنت بە ٦٥ دۆلار و ٩٠ سەنت و نەوتی ئەمەریكی ناسراو بە wti بە ٦٢ دۆلار و حەوت سەنت دەفرۆشرێت.

ماڵپەڕی Econo Times بڵاوی كردەوە بۆ دووەم هەفتەی لە دوای یەك پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمەریكا زیادی كردووە و ئەمەش هۆكارە لەوەی نرخی نەوت دابەزین تۆمار بكات.

هەفتەی رابردوو لە رۆژەكانی سەرەتای هەفتە نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی و گەیشتە ٦٤ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بەڵام لە رۆژانەی كۆتایی هەفتە رووی لە بەرزبوونەوە كرد و سەرووی دوو دۆلار لە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت هەڵكشا و قەرەبووی دابەزینەكەی كردەوە.

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا گرێ دراوە بە ئاستی داخوازی و خستنەڕوو و هەر كاتێك نرخی  نەوتی زیاتر بەرهەم بهێنرێت و بخرێتە بازاڕەوە ئەوا نرخی نەوتیش روو لە دابەزین دەكات.

لە حوزەیرانئی ساڵی ٢٠١٤ەوە نرخی نەوت رووی لە دابەزین كرد و تا سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ لە سەرووی ١٠٠ دۆلارەوە بۆ ٢٧ دۆلار دابەزی كە كاریگەریی زۆر خراپی خستە سەر وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و دواتر ئەو رێوشوێنانەی ئۆپێك و وڵاتانی تری بەرهەمهێنەری نەوت گرتیانە بەر توانیان نرخی نەوت بەرز بكەنەوە.





وشە - سلێمان تاشان