نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی ده‌گمه‌ن و ترسناك له ئه‌مه‌ریكا سه‌ری هه‌ڵداوه، گوایه یادگارییه‌كانی مێشكت به نه‌شته‌رگه‌ری ده‌گوازێته‌وه بۆ ناو كۆمپیوته‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی دوای مردنیش یادگارییه‌كانت بمێنێته‌وه و هه‌ڵبگیرێت.
ئه‌م نه‌شته‌رگه‌رییه ئه‌گه‌ری تێكچوونی سه‌لامه‌تی كه‌سه‌كه‌ی هه‌یه، هه‌ندێك له پزیشكه‌كان به خۆكوشتنی داده‌نێن، كه‌چی له پێنج وڵاتی ئه‌مه‌ریكادا به شێوه‌یه‌كی یاسایی و فه‌رمی بڕیاره بۆ خه‌ڵكی ئه‌نجام بدرێت.
بوادی سلیكۆن ملیاردێرێكی ئه‌مه‌ریكییه، بڕی 10 هه‌زار دۆلاری به یه‌كێك له كۆمپانیاكان داوه، بۆ ئه‌وه‌ی ناوی له‌و نه‌شته‌رگه‌رییه بێته‌وه و یادگارییه‌كانی بۆ دوای مردنیشی بهێڵێته‌وه.
هه‌روه‌ها سام ئه‌ڵتمان بازرگانێكی سه‌رمایه‌داره، پاره‌كه‌ی ئاماده كردووه و چاوه‌ڕێیه ناوی بۆ نه‌شته‌رگه‌رییه باوه‌ڕپێكراوه‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه و ئه‌نجامی بدات، له كاتێكدا ئه‌م پیاوه خۆی كۆمپانیایه‌كی دامه‌زراندووه كه كار له‌سه‌ر چالاككردنی ئه‌و به‌شه‌ی مێشك ده‌كه‌ن، كه بۆ سڕینه‌وه‌ی زانیارییه‌كان پێش مردن دروست بووه.
مه‌ترسییه‌كانی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه:
له‌م پرۆژه‌یه‌دا ئێسته 24 كه‌س پاره‌كه‌یان خه‌رج كردووه، چاوه‌ڕێن ناویان بۆ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه بگه‌ڕێته‌وه، كه‌چی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه به پێی هه‌موو لێكۆڵینه‌وه‌كان سه‌لمێندراوه كه زیانێكی زۆر به مرۆڤ ده‌گه‌ینێت و ئه‌گه‌ری كوشتنی هه‌یه، چونكه له نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌دا مێشك له شوێنی خۆی ده‌جوڵێنرێت، ئه‌مه‌ش به مرۆڤێكی زیندوو بكرێت، ئه‌سته‌مه به زیندوویی بمێنێته‌وه.
تا ئێسته هیچ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراو له باره‌ی چۆنییه‌تی ده‌رهێنانی زانیارییه‌كان له‌ناو مێشكدا نه‌دركێنراوه، هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیش له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌دراوه كه بتوانرێت مێشكێكی مردوو زانیاری لێ ده‌ربهێنرێت، كه‌چی ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌شیان تێیدا خه‌رج كردووه.
تاقیكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر به‌راز:
كۆمپانیاكه‌ی كه ئه‌م نه‌شته‌رگه‌رییه ئه‌نجام ده‌دات، پێی وایه شتێكی باوه‌ڕ پێكراوه و شایانی ئه‌وه‌یه خه‌ڵكی متمانه‌ی پێ بكه‌ن، چونكه تاقی كردووه‌ته‌وه.
كۆمپانیاكه به هاوكاری ئێدوارد بۆیدن پسپۆری ده‌مار له په‌یمانگه‌ی ماساچوستسی ته‌كنه‌لۆجی، هه‌ستان به تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌م نه‌شته‌رگه‌رییه له‌سه‌ر به‌راز، كه بۆ ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه له ڕێگه‌ی ئامێرێكی ئه‌لیكترۆنییه‌وه توانییان ته‌واوی ڕیشاڵ و تۆڕه‌كانی مێشكی به‌رازه‌كه ببینن، هه‌ر بۆیه به سه‌ركه‌وتن له‌م نه‌شته‌رگه‌رییه 80 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكییان وه‌رگرت، ئێسته‌ش ده‌یانه‌وێت بۆ مرۆڤ تاقی بكه‌نه‌وه.