ئێنریكی وەرزی داهاتوو راهێنەری یانەی چێڵسییە

:: AM:10:45:19/03/2018 ‌

لویس ئێنریكی ئیسپانی بە رێژەیەكی زۆر لە رێككەوتن لەگەڵ بەرپرسانی یانەی چێڵسی ئینگلیزی نزیك بووەتەوە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو لە شوێنی ئەنتۆنیۆ كۆنتی ئیتاڵی راهێنەرایەتی یانەكە بكات.

رۆژنامەی (دەیلی ستار)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: یانەی چێڵسی تا رادەیەكی زۆر لە رێككەوتن لەگەڵ ئێنریكی نزیك بووەتەوە دوای ئەوەی لەم وەرزەدا هەلی بردنەوەی سەرجەم ناسناوەكانی ئینگلتەڕا و ئەوروپای لەگەڵ كۆنتی لەدەست دا.

رۆژنامەكە جەختیشی كردەوە: بۆ وەرزی داهاتوو ئێنریكی تەمەن 47 ساڵ راهێنەری پێشووی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی راهێنەرایەتی یانەی چێڵسی دەكات.

سەرچاوەكە جەختیشی كردبووەوە: ئێنریكی خۆی ئارەزووی وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی هەیە، بەڵام تا ئێستا دڵنیا نییە بۆ وەرزی داهاتوو یانەكە دەستبەرداری ئارسین ڤینگەری راهێنەری فڕەنسی دەبێت یان نا.

لەبەر ئەمە ئێنریكی پێی باشتر بووە خۆی یەكلایی بكاتەوە و بۆ وەرزی داهاتوو راهێنەرایەتی یانەی چێڵسی بكات لە خولەكانی ئەوروپا و ئینگلتەڕا.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م